بایكۆت

05-05-2018 03:09

 

ئەگەر نیوەڕۆ خواردنەكەت بە دڵ نەبوو، چارەسەر ئەوەنیە ئێوارە نان نەخۆیت، وابكەیت دوای هەفتەیەك ئەمری لەبرسا.

 

ئەزانی چی؟ واز لە سزا بێنە چونكە تۆ نازانی سزا بدەیت، كە دێتە سەر سزا یەكسەر سزای خۆت ئەدەیت.

 

واز لە سزای ستافی مەتبەخەكە بێنە، پاداشتێكی خۆت بكە، یان لانیكەم سزای خۆت مەدە.

 

ئێستا دۆخەكە وایە كە نیوەڕۆ شۆربایەكی ناخۆشەو ئێوارەش هەر ئەوەیە، تۆ ناتوانی ژەمی ئێوارە بكەیت بە سەروپێ، بەڵام ڕەنگە بتوانی ماجییەك هەڵدەیتە ناو مەنجەڵەكەوە، لە ئاوی ڕیشتاشینەوە بیكەیت بە ئاوی مریشك، دەی تۆش هەر ئەوە بكە كە ئەتوانی.

 

لەنێوان قوزەڵقورتە مسۆگەرەكەو سەروپێكەی كە لچی لێ نایەیت، چارەسەر ئەوەنیە هیچ نەخۆیت، چونكە ناخۆشترین ژەم لە برسێتی خۆشترە، چارەسەر ئەوەیە تۆزێ ناخۆشەكە خۆشكەیت.

 

(بایكۆت، هەڵبژاردن، خۆپیشاندان..) ئەمانە شێوازەكانی خەباتی مەدەنین، ئەبێ هەموویان بكەین و هەمووشیان ڕووبكەینە ستەمكاریی، ئەوانە ڕاستەهێڵی تەریبن یەكتری نابڕن، بە تەنیشت یەكەوە ئەڕۆن نابێ ڕوویان بكەینە یەكتری!

 

یەعنی ئەبێ لە كاتی خۆپیشاندانا خۆپیشاندان بكەین، لە كاتی بایكۆتا بایكۆت بكەین، لە كاتی هەڵبژاردنیشا هەڵبژاردن بكەین، نەك ئەوەی لە كاتی هەڵبژاردنا بایكۆت بكەین!!

 

گرنگە خەڵكی ناڕازی، هۆشیارییان بە خودی ناڕەزایی هەبێت، بۆ ئەوەی بە هەڵە ڕۆڵی ڕازییەك نەگێڕن.

 

هەڵبژاردن كاتێ بایكۆت ئەكرێ، كە بایكۆتەكەی لە ستەمكاریی بدات، ئێستا كە بایكۆتەكەی ئەچێتەوە خزمەت ستەمكاریی، كەواتە بەشدارییەكەی خەباتە.