هەی ساختەچی!

15-05-2018 02:06

(1)

هەر كەس و لایەنێك كە تەدەخولیان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەغدا لە سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیاندا كردبێت، زۆر ناشییانە ئاویان كردۆتە ئاشی پارتییەوە.

 

هەر لە سەرەتاوە دیار بوو كە ئەو ئەنجامانە قابیلی دەستكاریكردنن و كەس بەقەدەر یەكێتی(ئەڵبەتە باڵی ماڵبات) چاوەڕێی ئەو فریادڕەسە نەبووە.

 

جارێ دیار نییە ئەو خەرقە لە كوێوە كراوە، لە ناوخۆوە بووە یان لە دەرەوەڕا؟ بەڵام ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە كە هەموو حزبەكانی سلێمانی بە گیانی یەكتری وەربوونە.

 

هەزمكردنی ئەوەی لە زۆنی رەنگاوڕەگدا رووی داوە، بۆ پارتی ئاسانە و تەنها لە دەستدانی یەك یان دوو كورسییە و، پارتی پێشتریش چاوپۆشیی لە دوو كورسییی كەركوك كردبوو، بۆیە ئەمجارە بە قەبوڵكردن و چوونە بنباری باجی دۆڕاندنیش بێت لەو ناوچانەدا، حزبەكانی سلێمانی و یەكێتیی بەرەوڕۆی یەكتری كردنەوە. بۆخۆی تەحەممولی دۆڕانی كرد، بەڵام دۆڕاوەكانی دیكەشی تێكبەردا.

 

ئەوە شتێكی چاوەڕواننەكراو نەبوو كە باڵی ماڵباتی یەكێتی لەو هەڵبژادنانەدا، پاداشتی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر وەرنەگرنەوە، بەڵام لەوەیاندا، حزبەكانی سلێمانی كە ئێستا زیڕەیان لێهەستاوە، تاوانباری سەرەكین و دەبێ باجی رابردوو بدەن. كاتێك ئەو هەرزە و كاڵفامانە خیانەتیان كرد و كەركوكیان فرۆشت، ئەو حزبانە نەك نوققەیان لێوە نەهات، بگرە لە سەختترین بارودۆخدا كە پێشمەرگەكانی پارتی لە پردێ، تەلسقۆف و سحێلا بۆ بەرگری لە كەرامەتی میللەتی كورد شەهید دەبوون و، ماڵباتی مام جەلال و برایم ئەحمەدیش پێش سوپای شیعە كەوتبوون بۆ داگیركردنی هەولێر و دهۆك، ئەوان لە سلێمانییەوە داوای رووخاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان دەكرد! هەموو فیكەی سمێڵیان دەهات كە توانیویانە شكۆ و هەیبەتی پارتی و بارزانی بشكێنن و رێگر بن لەوەی كە سەربەخۆیی كوردستان لەسەر دەستی بارزانی بێتەدی. ئینجا هەر هەموویان لە جیاتی ئەوەی سەركۆنەی خیانەت بكەن، هەرچی روویدا، هەموویان لەسەر پارتی و ریفراندۆم كردە ماڵ و چاویان ئەو خیانەتە گەورەیەی نەبینی. بۆیە موستەهەقن!

 

لە سنووری پارتی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەچووە و هەموو ئەو ئەنجامە بەراییانەش كە بەدەست هاتوون نیشان دەدات كە لایەنەكان، زۆر لە حەجمی راستەقینەی خۆیان نزیكن و، پارتیش بێمنەتە لەوەی كە لە سەرانسەری عێراق دەنگەكان بەدەست بژمێردرێنەوە.

 

سەرەتایەكی مەترسیدا

(2)

 

حەجمی راستەقینەی یەكێتی نیشتمانی ئەو دەنگانەن كە لە سنووری پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك بەدەستی هێناون، ئەگەر بەراوردێكی سەرپێیی بكرێت لەگەڵ دەنگەكانی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكانی 2013 و تەنانەت 2014ش لە هەرێمی كوردستان، دەنگەكانی لە هەولێر و دهۆك نزیكن كە تا ئێستا(دیارە بەپێی ئەو ئەنجامە بەراییانەی كە رێگەیەندراون) بەدەستی هێناون.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە كە لە زۆر ناوچەی كوردستان سەرباری ئەوەی كە یەكێتی دەنگی لێ جیابۆتەوە بە رێژەی سەد لەسەد و هەندێك شوێن زیاتریش، دەنگەكانی زیادی كردووە! دەشێ بزووتنەوەی گۆڕان هەندێك لە دەنگەكانی لەدەست دابێت، بەڵام نەك بەو راددە دراماتیكییەش كە دەبیندرێ. لێرەدا قسە لەسەر ئەوە نییە كە یەكێتی و بەتایبەتیش بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی و برایم ئەحمەد پاداشت كراون، بگرە گرفتەكە لەوەدایە كە چەند مانگێكی دیكە لەسەر ئاستی پەرلەمانی كوردستانیش هەڵبژاردن هەیە.

 

دوو ئاراستە لەو بابەتەدا هەن كە یەكەمیان ئەوەیە كە باڵی ماڵباتی یەكێتی پێش ئەوەی هیچ ئەنجامێك راگەیەندرابێت، خۆیان لەو سەركەوتنەی یەكێتی كردە خاوەن. ئەگەرچی یەكێتی لەسەردەمی جەلال تاڵەبانییەوە لە 1992ەوە تا ئێستا هەمیشە لە پاشەكشە و دۆڕاندا بووە و، ئەمجارە بەسەركردایەتیی كۆسرەت رەسوڵ ئەو سەركەوتنە رادەگەیەنن، بەڵام جووت(زڕ) ئامۆزاكە كە دووكانێكی منداڵانیشان بەتەنیشت خۆیانەوە كردۆتەوە، براوەی هاوكێشەی ناوخۆیی یەكێتین. بەواتایەكی دیكە لێرە بە دواوە دەستیان بۆ بەستنی كۆنگرە و دەستبەسەرداگرتنی یەكێتی بەهەمان رێكارەكانی ئێستا واڵا دەبێ.

 

ئاراستەی دووەم ئەوەیە كە ئەوە دووەمجارە بەغدا و تاران نایەڵن بنەماڵەی تاڵەبانی بكەون. لێرەدا ئەگەرچی تەڵەیەكی گەورەیان بۆ پارتی نابۆوە، بەڵام پارتی زیرەكانە نەكەوتە داوی تەزویرەوە و تا ئێستاش كەس گلەیی لە ئەنجامەكان لە زۆنی زەرد نییە و خروقاتێكی ئەوتۆش تۆمار نەكراوە.

 

باڵی ماڵباتی یەكێتی لەمەودوا هەم دەبنەوە شەریكی حوكمڕانی لە بەغدا و هەمیش لە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە لە داهاتوودا لە كوردستان بەڕێوە بچێت و توانای تەزویریان نەمێنێ، كۆی پڕۆسەكە لە كوردستان دەبەنە ژێر پرسیارەوە و وا دەكەن وای نیشان بدەن پارتی تەزویری كردووە و شەرعییەت بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی كوردستان نەهێڵنەوە، یانیش بەو ئەنجامانەی كە لە بەغداوە پێیان بەخشراوە، پێكهاتەی حوكمڕانی لە كوردستاندا بۆ چوارساڵی دیكە بۆخۆیان مسۆگەر بكەن.


پۆستی سەرۆككۆمار بۆ پارتییە

(3)

 

یەكێتی چەندی دەنگ و كورسیشی هێنابێت دەكاتە نیوەی ئەوەی كە پارتی دەیهێنێت. لە ئێستاشەوە دیارە كە تەڕەفی دانوستانكار بۆ حكومەتی داهاتووی بەغدا پارتییە نەك یەكێتی. بە حوكمی ئەوەی جارێ پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان نەماوە، مامەڵەكەی جارانی پارتی و یەكێتی بە هەڵوەشاوە لەقەڵەم دەدرێت.

 

چونكە لە رابردوودا ئەو دوو پۆستە موقابیلی یەكتری بوونە و، ئێستا پارتی هیچ موبەڕیرێك نابینێت بۆ ئەوەی جارێكی دیكە كەسێكی وەكو لەتیف رەشید و ژنەكەی بكاتە سەرۆك و خانمی یەكەمی عێراق. ئەمریكا، ئێران و شیعەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق چەندە پێویستییان بە بەشداریی كورد بێت، دوو ئەوەندە پێویستییان بە بەشداریی پارتییە كە نەك لە كوردستان، بگرە لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا و كریستیانەكانیش هێزی یەكەمە. پارتی بۆ ئەو پۆستە كاندیدیشی حازرە ئەگەر لەناوخۆی خۆشی نەبێت، بە دڵنیاییەوە بۆ یەكێتی نابێت.