دژ بە نائومێدیی

15-05-2018 03:05

 

سەبارەت بە دۆخی ئەمڕۆكەی كوردستان

 

هیچ ڕێگایەك هێندەی ڕێگای نائومێدبوون ئاسان و سوك نییە، هیچ شتێكیش لەوە بێكێشەتر نییە لە ژوورەكەی خۆتدا دابنیشیت و بە هەمووان بڵێیت "نەمووت هیچ ناكرێت و هیچ ناگۆڕدرێت." ئەوانەی دەیانەوێت دونیا بگۆڕن هەرگیز بە ڕاستەڕێیەكی بێگرێ‌و گۆڵ‌و پڕمەترسیدا نەڕۆشتوون و ناڕۆن، گۆڕینی دونیا دابەزینە بۆ ناو نشێو و زێراب و سەرنوێلكەكانی مێژوو و ئیشكردنە لەو شوێنانەدا كە پڕە لە ئەگەری كەوتن و نوشوستیی و ئازارچەشتن. ئەوانەش كە مێژووی خۆیان دەگۆڕن دەسكێشی سپی و چاویلكەی شەمسی لەچاو ناكەن، بەڵكو بە برینەكان و پەڵەكانی سەر ژیانیانەوە دەكەونە كار و لەوەش دڵنیانین كە پەڵەی تریش بەسەر ژیانیانەوە دروستنابێت.

 

ئەوانەی دەچنە ناو تونە داخراوەكانی مێژووەوە بۆئەوەی قوڕ و لیتەكەی دەربهێنن و ڕێگاكانی پاكبكەنەوە، هەم ماندوو دەبن و هەم ئارەق دەڕێژن و هەم دەستیان بەر تاریكییەكان دەكەوێت. خۆ ئەگەر كوردیش بیت و بتەوێت دەسكاری ژیانی خۆت بكەیت، ئەوە دەشێت ئاسانتر نائومێدبیت و دەست لە هەر كردە و دەستپێشخەرییەك بشۆریت، چونكە گۆڕینی ژیانی تاكەكەسیی و دەستەجەمعیی لە كوردستاندا مانای دەرگیربوون لەگەڵ یەكێك لە دزێوترین سیستمە سیاسییەكانی دونیا و لەگەڵ یەكێك لە نابەرپرسیارترین نوخبە حوكمڕانەكانی ناوچەكەدا. مانای بەرەنگاربوونەوەیە لەگەڵ سیستمێكی مافیاییدا.

 

ئەوەی ئەمڕۆ لە كوردستاندا ڕووئەدات لوتكەی هەوڵی دەسەڵاتدارانە بۆ لەناوبردنی هەموو ئومێد و چاوەڕوانییەكی پۆزەتیڤ لای ئینسانی ئێمە، ترۆپكی كاركردنیانە بۆ گۆڕینی مرۆڤی كوردستان بۆ بوونەوەرێكی خەمۆك و داخراو بەسەر نائومێدیی و بێدەربەستییەكی گەورە و سەرتاسەریدا. هەوڵدانێكی هەمەلایەنە بۆ سڕینەوەی ڕەهەندە سیاسییەكانی كەسایەتی مرۆڤی ئەو دەڤەرەو هێشتنەوەی وەك ڕەعیەتێكی بێماف و بێنرخ و بێبەها. لەم پێناوەشدا بەدڕەوشتییەك نامێنێتەوە پەنای بۆ نەبەن.

 

بۆیە كردەی مێژوویی ژمارە یەك و ئاكتی هەرە شۆڕشگێڕ ئەوەیە لێنەگەڕێیت خەمۆك و نائومێد و تێكشكاو ببیت. بەسەر تاریكییەكانی ناو خۆت و بەسەر تونە ناوەكییەكانی نائومێدیی ناو خۆتدا زاڵببیت، بیر لە پلانەكانی سبەینێ و دووسبەی و سێ سبەی بكەیتەوەو زمان و خەون و ئەخلاقیاتی بەرگرییكردن لەناوخۆتدا بچێنیتەوە و بەهێزتربكەیت.

 

هەموو ئەوانەی لە خەمی خۆیان و لە خەمی كۆمەڵگاكەیاندان و بڕیاریانداوە وەك مرۆڤێكی بەرپرسیار بژین، دەبێت یەك شتیان لە بەردەمدا ئاشكرابێت: كۆڵنەدان و تەسلیمنەكردنی ئیرادەیان بەو هێزە تاریكانە و ئینجا باوەڕبوون بە سبەینێ و دووسبەی، بەڵام سبەینێ و دووسبەییەك كە دەشێت دوور بێت، زۆر دووریش بێت.