ئایا ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هەڵدەوەشێنرێتەوە؟

18-05-2018 04:16

 

تا دێت گومان و ڕەخنەو سكاڵاكان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی 12 ئایار چڕترو ئاڵۆزتر دەبن، نەتەوەیەكگرتووەكان داوای لێكۆڵینەوەی وردو گشتگیرو پەلە دەكات، لەناو كۆمسیۆنی بەغدا مشتومڕ تا ڕادەی شەڕە بۆكس و هەڵكوتانە سەر ئۆفیسی یەكتر ڕۆشتووە، لەكەركوك ئاشتی كۆمەڵایەتی كە‌وتۆتەبەر مەترسی و گرژییەكان زۆر لەهەڵبژاردن گەورەتر بوون، 81 پەرلەمانتارو سەلیم جبوری شەممەیان داناوە بۆ گرێدانی دانیشتنێكی كتوپڕ لەبارەی سكاڵاكانی بەڕێوەچوونی دەنگدان، لیستە سیاسییەكانیش بەتایبەت ئەوانەی ئەنجامەكەیان بەدڵ نییە لەپێش هەموویانەوە حەیدەر عەبادی درێغی ناكەن لەهەوڵدان بۆ قڵپكردنەوەی دۆخەكەو بەڕوونی ئەمە لەهێرش و هەنگاوەكانی سەرۆك وەزیراندا دژ بەكۆمسیۆن دیارە، وەك: حەواڵەكردنی دۆسیەی ئامێرەكان بۆ نەزاهە، ئاشكراكردنی خەمساردیی كۆمسیۆن لەئاست پشكنین و چێككردنەوەی ئامێرەكان، لەگەڵ بەرگریكردنی حكومەت لە سەعید كاكەیی كە درزی گەورەی خستە هەڵوێستی كۆمسیۆنەوە. بەڵام ئایا هەموو ئەمانە دەبنە هۆی سفركردنەوەی ئەنجامەكان و سپاردنی هەڵبژاردنی داهاتوو بە دەزگایەكی نا حكومی و بیانی "دەزگای كارتەری ئەمەریكی بەنمونە" وەك هەندێك داوای دەكەن؟ ئەمەیان سەرباری مەنتیقی بوونەكەی قورس و ئاڵۆزەو سێ ئاستەنگی لەپێشە:

 

ـ كوێخاو دەمڕاستەكانی عێراق "ماكگۆرك و سلێمانی و سەبهان"، لەناوخۆشدا براوەی یەكەم "سەدر"، وەها ڕەفتار دەكەن كە ئەنجامە ڕاگەیەنراوەكان واقیع و كۆتایی بن و كەسیان نەیانوتووە با چاوەڕێی سكاڵاكان بكەین، ئەوەشی بۆڵەو گلەیی و سكاڵای هەیە زیاتر وا دەردەكەوێت كە بەدوای كورسییەك و دواندا بگەڕێت لێرەو لەوێ، ئەم كێشمەكێشەش زیانی بۆ پڕۆسە گەورەكە نییە كە بەڕێژەیەكی باش بەدڵی ئەمەریكاو سعودیەو لەهەمان كاتدا ئێرانیشە. جگە لەمەش هەڵوەشاندنەوەی هەر ئەنجامێك و كردنەوەی هەر سندوقێك دەرگای دۆزەخ لەكۆمسیۆن و زۆر لایەنیتر دەكاتەوەو دەبێتە پێشینەیەك كە بۆ ماوەیەكی زۆر ناهێڵێت هیچ پڕۆسەیەكی دەنگدان ئۆقرە بگرێت، بۆ بەرگرتن لەمەش لایەنە بنەڕەتییەكان لەژێرەوە زیاتر لەگەڵ "عفا الله عما سلف" دان تا جێبەجێكردنی یاسا.

 

ـ سەبارەت بە پەرلەمان زۆر قورسە ئەنجومەنێكی كۆتاییهاتوو ببێتە ڕێگر لەبەردەم دەركەوتنی ئەنجومەنێكی نوێ كە ئەندامەكانی لەهەمان حزب و ئاوازی خۆیانن، لەپاش هەڵبژاردن پەرلەمان چیتر هێزو سەنگ و قورسایی یاسایی و دەستوریی جارانی لەدەست داوەو 30 حوزەیران كۆتا ڕۆژی تەمەنیەتی و هێشتنەوەشی زیاتر بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییە، ئەگەر ئەم ئێوارەیەی هەینی وەك بڕیارە كۆمسیۆن ئەنجامەكان ڕابگەیەنێت، 329 پەرلەمانتاری نوێ پەیدا دەبن، هەر جووڵەیەكی ئەمانەی ئێستاش لەدژیان زیاتر دەبێتە داخ لەدڵی و هیچ كات وەك جاران بڕشتی نابێت، هەندێكیش بەكوفری دیموكراسی دەزانن تۆ شەڕ بۆ مانەوەی خۆت بكەیت، پەرلەمانێك كە چوار ساڵ هیچی پێ نەكراوە بەرانبەر كۆمسیۆن چۆن لەم كۆتاییەدا دەتوانێت؟!.

 

ـ لەمێژووی پڕۆسەی سیاسی عێراقدا (2003)، هیچ شتێك بەیاساو ڕێككارە بنەڕەتییەكان یەكلایی نەكراوەتەوە، هەمیشە تەوافوقات و پرەنسیپی "بۆم بپۆشە بۆت دەپۆشم" و "بەشی من و بەشی تۆ" و ڕێككەوتنی خولەكەكانی كۆتایی بڕیاردەرو سەروەر بووە، تەنانەت سەعید كاكەیی كە قەراربوو بن بەڕە بخاتە سەر بەڕە بەچەند ئاخ هەڵكێشانێك ناڕاستەوخۆ پەیامەكانی گەیاند لەكاتێكدا ماڵی لەكەنەدایە، ئەمەش ئاماژەیەكی ڕوونە لەسەر هێزو كاریگەری پشت پەردە "كوالیس" لەسەر ئەو هەراو زەنایەی ئێستا ئەگوزەرێت، بێگومان هەر ئەو پشت پەردەیەش ئەنجامی هەڵبژاردن یەكلایی دەكاتەوە نەك بەیاننامەو شیكارە یاسایی و مەنتیقییەكان كە هیچ لەبەرژەوەندی هەڵبژاردنەكەدا نین و ئەگەر پشتیان پێ ببەسرێت نەك سفری دەكەنەوە بەڵكە وەك پەڵەیەكی ڕەش لەمێژووی نوێی عێراقدا ئەیهێڵنەوە چونكە چ لەهەندەران و چ لەناوخۆی عێراق چەندین فەرسەخ لە پاكوبێگەردییەوە دوور بووە.

 

سبەی شەممە زۆر شت یەكلایی دەبێتەوەو دەردەكەوێت ڕێككار سەردەكەوێت یان ڕێككەوتن، ئەو هەواڵەشی ئەمڕۆ بەپارە دەستت ناكەوێت سبەی بەبەلاش كەس نایەوێت.