لە كوێوە بزوتنەوەی گۆڕان دەستپێبكاتەوە؟

20-05-2018 08:31

 

لە هەڵبژاردنەوە، بەڵام جارێ لەناو خۆیاندا.

 

گومانی تێدا نییە یەكێتی و پارتی تەحەمولی دۆڕانیان نەكردووە و هەموو شت ئەكەن بۆ بردنەوە، ئەمە دیوێكیەتی.

 

دیوەكەی تر ئەوەیە خودی ئەم بزوتنەوەیەش لە ئەزمەدایە. دەیان ئەندام و دۆست و كەسی بێلایەن ڕەخنەی هەیە. هەندێكیان بۆنی گوتاری یەكێتی و پارتی لە گوتارە میدیاییەكەی گۆڕان ئەكەن. هەندێك ڕەخنەی ئەوەیان هەیە سەركردایەتییەكەی وەك سەركردایەتی یەكێتی و پارتی هەر ناڕۆن و هەر ناڕۆن.. زۆر شتی تریش. ناكرێت خۆت بە حزبێكی جیاواز بزانیت و ئەو هەموو گلەیی و گازندەیە نەبیستیت.

 

ئێستا قۆناغی لێكۆڵینەوەیە لە پاشەكشەی ئەم حزبە لەناو جەماوەردا، قۆناغی بیستن و گوێگرتنە، پەنابردنە بۆ ئۆرگانەكانی خۆیان و دەرەوەی خۆیان تا ڕون و ڕەوان خاڵە لاوازەكانیان پێ بڵێن.

 

دوای ئەمانە چی؟ دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان پەنابباتەوە بۆ هەڵبژاردن لەناو خۆیدا و لەڕێی هەڵبژاردنەوە سەرلەنوێ كێشەكانی چارەسەر بكات، ژورەكانی و سەركردایەتییەكەی بداتە دەستی نەوەیەكی مۆدێرن، یان بیسپێرێتەوە بە كۆنەكان، یان تێكەڵەیەك لە هەردوكیان. تەنانەت پێویستە دوو كاندید بۆ ڕێكخەری گشتی بخرێنەڕوو، ململانێ بكەن و كێ بردییەوە ئەویتر پیرۆزبایی لێبكات.

 

ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان نەتوانێت لەناوخۆیدا میكانیزمی هەڵبژاردن بەكاربهێنێت بۆ تێپەڕاندنی كێشەكانی، چۆن ئەتوانێت بە هەڵبژاردن ژیانی خەڵك باش بكات؟ كە لەناو خۆیاندا هەڵبژاردن نەبێت و سەرۆك بە مەركەزیی دامەزرێنن، جیاوازییەكەیان چییە؟ جیاوازیی لە ئیدارەی حزب و سیاسەتدا دەردەكەوێت.

 

شتێكی تریش.

ئەوەی بۆ گۆڕان گرنگە ئەوەیە لەناوخۆیدا هەڵبژاردنێكی پاك و خاوێن بكات و بیسەلمێنێت ئەمە جیاوازیی ڕەسەنە لەنێوان ئەوان و حزبەكانی تردا. پاشان سەرەی چاككردنی گوتار و بەرنامەیە.

 

خۆ ئەگەر نەتوانێت هەڵبژاردن بكات، هەڵبژاردنەكەش پاك و خاوێن بێت و قبوڵی یەكتر بكەن، چۆن ئەتوانێت ڕەخنەی هەبێت لە ساختەكاریی هەڵبژاردنەكانی دەرەوەی خۆی؟