
یەكڕیزی ئەو وشەیەی كە لەزۆر كاتو ساتدا بەكاردەهێنرێتو خەریكە دەبێتە چەمكێكی باو، ناشرینو سواوی ڕۆژ، تەنانەت ڕەزاقورسی نێوكۆمەڵگەش، وشەكە هێندە بەكاردەهێنرێت خەریكە دەبێتە گاڵتەجاڕی ئاواییو مەملەكەتیش، بەتایبەت لای هەندێ كەسو حزبی سیاسی كە هەرگیز لەگەڵ واتای وشەكەشدا نە دەگونجێو نە یەكانگیریش دەبێتەوە، ئەسڵەن لە وشەكەش نەگەیشتوە.
ئاخر دەبێت خەڵكانێك باسی یەك ڕیزی بكەن كە لانیكەم خۆیان ماوەیەك لە ڕیزێكی ڕێكدا بوبێتنو ڕۆڵێكیان لە یەكڕیزیو كۆدەنگیدا هەبوبێت نەك هەمیشە پێیەكیان لەمڕیزو پێیەكی دیكەشیان لەڕیزێكی تردا بێت، تەنانەت هەندێ كەس هێندە بەوشەی (ڕیز)ەكەش قەڵسو پەستن حەزناكەن سەیری یاری سێ ڕیزكێنەیش بكەن، دیارە نەك لەبەر نەزانینی یارییەكە، بەڵكو لەبەربوونی وشەی ڕیز لەناوی یاریەكە، لەولاشەوە دێتو لافو گەزافی یەكڕیزیو یەكگرتوویی بەسەرماندا لێدەدات.
باشە حزبێكی سیاسی گشت حزبەكانی تری زیزكردبێتو هەرخۆی بەچۆپی كێشی ڕیزی پێشەوەی هەڵپەڕكێكە بزانێو زۆرجار گاوانیش بەوانیتر ڕەوا نەبینێ، ئەی بەچ پێوەرو پێودانگێك داوای یەكڕیزیو تەبایی دەكات.
حزبێكی تری سیاسی خۆی نەتوانێت نیمچە یەكڕیزیش لەنێو خۆیدا بەرجەستە بكاتو هەرجارەو ڕیزێك لێی دەبێتەوەو جێی دەهێڵێ، چەند ڕوویەكی پتەو و پۆڵاینی دەوێ باسی یەكڕیزیو كۆكردنەوەی هەموان بكات لەژێرچەترێكدا.
كێشەی هەرەگەورەی ئەم هەرێمە ئەوەیە هەركاتێك وشەیەك زۆر باسكراو بەكارهێنرا ئەوكات دەزانیتو بۆت دەردەكەوێت كە جگەلە سوككردنو بێ بەهاكردنی واتا ڕاستەقینەكەی هیچی دیكەنیە، بۆنمونە چەندین ساڵە باس لەچاكسازی دەكرێت كەچی باڵانسی گەندەڵی لە فوول نزیكبۆتەوە، باسی شەفافیەت دەكرێت پێچەوانەكەی دەبینرێت، باسی سەروەری یاساو مافی مرۆڤ دەكرێت سەیردەكەی نەك هەریاسا پێشێلدەكرێ بەڵكو شوێنی دەرچونی یاساكەش دەرگاكەی بەساڵان كڵۆم دەدرێو مرۆڤەكانی ناویشی كەرامەتیان تێكدەشكێنرێت، كەچی لەوەڵامی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەكانیشدا بێشەرمانە بێیتەدەنگو بڵێی یاسا سەروەرەو مافی مرۆڤیش لەم مەملەكەتو هەرێمە گشتگیرو بەرقەرارترە لەدونیای دەرەوە.
27 ساڵە لەم هەرێمەدا كە تەنها دووبستو قولانجێكەو هێندەی شارەدێیەكی وڵاتێكی وەك چین خەڵكی تێدا دەژی، سەیر دەكەم و دیقەتم داوە بۆیەكجاریش نەمبینیوە ئەم دەسەڵاتدارانەی كورد لەكارێكی گشتیو قازانج نەویستدا كە بەرژەوەندی باڵای میللەتی تێدا بێت یەك ڕیزو تەبا بوبێتن، بەپێچەوانەوە هەمیشە لەژێر فشاری وڵاتانی هەرێمیو نێودەوڵەتیو زلهێزەكاندا سازشیان كردووە یاخود پێیانكراوە.
بەفشار شەڕیان وەستاند، بەفشار ئاشتییانكرد، بەفشار هەڵبژاردنیانكردو بەفشار... تادوایی.
دەزانیت چارەكە سەدەیەك پێش ئێستا خەڵكی ئەم مەملەكەتەی خۆمان لەگەڵ ئەوەی ژێردەستەش بووە، بەڵام تەباتر، تۆكمەتر، یەكگرتووتر، یەكڕیزترو دەستلەملانترو چەندین (تر)ی تێدا زیاتر بەرجەستە بووە، بەڵام ئێستا لەسایەی دەسەڵاتی كوردیو حوكمی خۆماڵیدا ئەمانەو چەندین چەمكی تریش بەرەوماڵئاوایی یەكجاری دەچن.
جاری جاران لەبۆنەو شاییو لۆغانەكاندا زۆرجار یەكڕیزیمان لەڕیزی هەڵپەڕكێیەكدا بەدیدەكرد، بەڵام لەئێستادا ئەوانەشیان نەهێشتوەو گەر 25 كەس لەبۆنەیەكدا هەڵپەڕن بەپێنج ڕیزو ڕیتمی جیاواز شاییو لۆغانی خۆیان دەكەن هەریەك بە ئاڕاستەیەكی جوداو ئاوازێكی تێكدراویش.
یەك ڕیزی بەقسەی زلو بریقەدار نابێت، بەدروشمو دروشمبازی نایەتەدی، بەمەرجیش ناسەپێنرێت، هەڕەشەو گوڕەشەش ماڵی كورد لاوازو پەرتەوازەتر دەكات.
بەڵكو یەكڕیزی پێویستی بەیاسا سەروەری، ئیرادە، پلان، لەخۆبوردەیی، متمانەو ڕێزلێگرتنە.
ئاخر لەكوێی دونیا هەبوە تۆ مافی بخۆیت، ڕێگری لێ بكەیت، هێڵی سوری بۆدیاری بكەی، قوتی ببڕیت، بیخنكێنی، بیكوژی، بێدەنگی كەی، دەنگی ببەی، پەلاماریشیدەی، كەچی بڵێی بۆ یەكڕیز نیت لەگەڵمدا.
كەی ڕەوایە لەناوەوە ئێسكت بهاڕێت كەچی داوای تەباییو یەكڕیزی دەرەوەت لێبكات، لە دەرگاوە دەرتكردوە بشتەوێت لەپەنجەرەو كڵاوڕۆژنەوە بێتەوەخزمەتت، ئومێدت تێدا نەهێشتوە كەچی پێی بڵێی ژیان بەهیواوە جوانە، هەرچی دەرگایە لێت قەپاتكردوە بێیتو باسی كۆبونەوەو كردنەوەی دەلاقەی پەیوەندی نوێی لێبكەی، یان تۆبچیت دەستو دەمو شانو ملی جبەو عەبابە بەسەرەكان تێر تێر ماچكەیتو بیكڕێنیتەوە لەو بەغدایەی خۆتان وتەنی دەتانویست تەڵاقی بدەن، بەڵام بەلوتبەرزیو شەرمەوە بچیتە لای هاوزمانو هاوشاریو وهاونەتەوەكانی خۆت لەهەرێمدا، كە ئایندەتان بەباشو خراپەوە هەریەك دەبێت.
بۆیە هەتا عەقڵیەتی حزبی كوردیو بەرپرسە نابەرپرسەكانی بەوشێوەبێت، هەتا مرۆڤگەلێكیش لەبنەڕەتەوە بڕیاریاندابێتو خۆیان ساخكردبێتەوە كە ژیان بەكۆیلەیەتیو خۆچەماوەیی بەسەربەرنو بیگوزەرێنن، هەندێكیش حەساسیەتیان بەیەكڕیزی هەبێتو قازانجیان لەپەرتەوازەییو ماڵی شێواوی كوردا بێت، ئیتر یەكڕیزی جگەلە باڵۆنێكی پڕ درۆی ڕەنگاو ڕەنگو كریستاڵی هیچی دیكەنیەو نابێت.
تۆ گشت خەڵك، گشت حزب، گشت ڕێكخراو، گشت چینو توێژێك، گشت و دەیان گشتی تریشت بەسەروبەرەوە عاجزو زیزكردوە، ئیتر پێم ناڵێیت بەچ ڕوویەكی قایمەوە داوای یەكڕیزیو تەبایی دەكەیت.
كەواتە ئەو هەموو خاڵە ناكۆكو ئاڵۆزییە هەمەچەشنانەی لەنێوحزبو خەڵكیداهەنو بەرەو زێدەتریش هەڵدەكشێن دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی متمانە بەتەڵاقەكەی بارام بەگ بكەین كە چەندین ساڵ لەمەوبەر وتویەتی (كورد بخەرە نێو سندوقی ساردییەوە لەوێش نازانێتو ناتوانێت بەڕیز بوەستێت)و یەكڕیز بێت.
بۆیە لەم دۆخەی ئێستای هەرێم كەپڕیەتی لە غەوغاو فەوزاو بێمتمانەییو بێهەستكردن بە بەرپرسیارێتیو ئێسك شكاندنی یەكدیو دەرنەكەوتنو هەڵنەهاتنی ئاسۆیەكی ڕوونو گەش لە ئایندەیەكی نزیكدا هێندە بەسە كە بڵێین یەك ڕیزیو گشت زیزی لەئێستاداو لەم هەرێمە جەنجاڵەدا كوجا مەرحەبا، چەمكەكانی یەكڕیزیو یەكگرتوییو تەباییو كۆدەنگیش لەئێستای هەرێمو پارتەسیاسیەكانی ناوی هیچ محەلێكیان لەئیعرابدا نیە.