ستۆپێكی مێژوویی بۆ مێژوویەك ساختەچێتی

09-06-2018 05:56

 

-كێشەكە ئەوەنیە ساختەیەك هەیە، یەك دانەبێ هەر مەوزوع نیە، كێشەكە ئەوەیە هەموو ساختەیەك سیانە، لە ساختەچێتی پێشترەوە هاتووەو ساختەچێتی دواتریش بەدوای خۆیدا ئەهێنێ.

یەعنی جگە لە ساختەی یەكەم، هەموو ساختەكانی تر ئەكەونە ناوەڕاستی ساختەچێتیەوە، بەستراونەتەوە بە ساختەی پێش و دوای خۆیانەوە.

 

- كە ئەڵێم 'ناوەڕاستی ساختەچێتی' یەعنی بەتەما مەبە ساختە خۆی كۆتایی بە خۆی بهێنێ و لە شوێنێكا بوەستێ، بەڵكو ساختە ساختە ڕائەكێشێ و شتەكە تەنیا ئەو كاتە ئەوەستێ كە تۆ پێی بڵێی ستۆپ، تەنیا ستۆپی ئێمە ئەتوانێ ساختەیەك لە حەڵقەی ناوەڕاستەوە بكات بە حەڵقەی ئەخیری زنجیرەكە.

 

- بۆیە ئەم ستۆپە هەموو كات كاتیەتی و هیچ كاتێك نیە كە كاتی نەبێت، ئەسڵەن ئەم ستۆپە هەمیشە دواكەوتووە، بۆیە زەمەنی ساختەیەك درێژبۆتەوەو گەیشتۆتە ئێستا، یەعنی هەموو ساختەچێتییەكی ئەمڕۆ لە ستۆپێكی دوێنێوە هاتووە كە نەوتراوە.

 

- ساختە بینای لەسەر ناكرێ، بەس ئەو جوملەیە مەعناكە تێر ناكا، مانای تەواوی ساختە ئەوەیە كە بینای لەسەر ئەڕوخێ، یەعنی ساختە نەك شوێنی بەدەستهێنان نیە، بەڵكو ڕێك شوێنی لەدەستدانە!!

یەعنی ئەكرێ ئێمە ساختەچییەك مەحكەمە بكەین بە تۆمەتی لەدەستدان، بەڵام ناكرێ ساختەچیەك ئێمە مەحكەمە بكات بە تۆمەتی تێكدانی ئەوەی فرسەتی بەدەستهێناوە.

 

- جا كاتێ ساختەچی ساختە بە ساختە ئەسپێرێ و شەرمیش ناكات، ئیتر تۆش شەرم لە ستۆپ مەكە، هیچ پاساونیە بۆ ئەوەی پێی نەڵێی ستۆپ، چونكە مێژووی 'لەدەستدان' لە ستۆپەكەی تۆوە كۆتایی دێ و مێژووی 'بەدەستهێناوە' لە ستۆپەكەی تۆوە دەستپێئەكات.

 

- پێشمەرگە بەڕادەیەك ساختەی لێكراوە، كە خۆشی بووە بە ساختەیەكی گەورەو لە ئێمەكراوە!

پێشمەرگە ئەبوو لە پاڵەوانی شاخەوە ببێ بە دامەزراوەی شار، بەڵام كە بووبە میلیشیای مافیاكان، ئیتر ئەو نەك پیرۆز نیە، بەڵكو ساختەیەكە ساختەچێتییەكی ڕاگرتووە.

هەموو لێدانێكیش لە وێنە ساختەكەی پێشمەرگە، ئەچێتەوە خزمەت وێنە ئەسڵەكەی، بۆیە ئێمە نابێ شەرم لەو لێدانە بكەین، پێشمەرگەش نابێ پێی ناخۆشبێ و ئەسڵەن خۆشی ئەبێ بەشێكبێ لەو لێدانە.

 

- كەركوكیش وەكو مەسەلەی بۆقەكەی لێهاتووە، ئەوەی مناڵەكە بە گاڵتەوە بەرد ئەگرێتە ئاوەكەو بۆقەكان بە ڕاستی ئەمرن، ساختەچییەكانیش بەڕاستی كەركوكیان دۆڕاندوەو بە ساختە ئەیهێننەوە!

ئاخر(هێنانەوەی ساختە) پێچەوانەی هێناوەی ڕاستەقینەیەو یەك مەعنای هەیە كە نەهێناوەیە.

كەركوك تەنیا بە ڕێك و ڕاستیی دەستكاریی ئەكرێ، بە درۆو دەلەسەو ساختەچێتی چاكیكەیت خراپ ئەبێ، وەك ئەوەی كە بووە.

 

- نەك هەر دەنگی ساختە، گرنگە چوار هێزەكە هەموو ساختەكانی تریش ئاشكرا بكەن، وەك ژمارەی ڕاستەقینەی هێزە چەكدارەكان، ئەو داهاتانەی لە بەغدا ئەشاردرێنەوە.. لەبەرئەوە نا كە بەغدا زۆر شەریفبێ، ئەوێش هەر شوێنی ساختەو ساختەچیەكانە، بەڵكو لەبەر ئەوەی یەكجار سیاسەتی ساختە كۆتایی پێبێ و سیاسەتی ڕاستەقینە دەست پێبكات!

 

- مێژووی جەلالی و مەلایی مێژووی ساختەی ئێمەیە، تەنیا دەسكەوتی ساختەشی لەسەر سەوز ئەبێ كە یەكسانیشە بە خودی لەدەستدان.

پێویستە خاڵێكی ڕاستەقینە دانێین، بۆ ئەوەی جوملەی درۆ كۆتایی پێبێ و بچینە سەری دێڕی ڕاستی.