پێشمەرگە نەك دەنگی ئەبێ خۆشی هەڵبوەشێتەوە

10-06-2018 04:31

 

پێشمەرگە بەحیساب سوپای بەرگری كوردستانە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشە دەرەكیەكان‌و بەرگری لە كوردستان، ناش بێت دەست وەرداتە كاروباری سیاسی یان لە ململانێ سیاسیە ناوخۆییەكان بەكاربهێنرێت، ئایا پێشمەرگە لە كوێی ئەم دوو ئەركەدایە؟

 

یەكەم: سەبارەت بە بەرگری هێرشە دەرەكیەكان

 

١- عێراق هێرشی كردوو ٥٠٪‏ ی خاكی كوردستانی گرتەوە، پێشمەرگە نەك هەر بەرگری نەكرد بەڵكو پاشەكشەیەكی شەرمەزار و ئابڕوتكێنی پێكرا.

 

٢- ئەوە توركیا بە قوڵایی ٣٠ كیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاكی كوردستان دەیەها بارەگای داناوەو هەڕەشەی هاتنە ناوەوەی زیاتریش دەكات، كەچی پێشمەرگە مێش میوانی نیە، ئەڵێی سوپای توركیا چۆتە ناو خاكی حەبەشەوە.

 

٣- ئێرانیش خۆی كەی پێی خۆش بێت و تا كوێ پێی خۆش بێت ئەتوانێ بێت و وەڵامی پێشمەرگە لەوەی توركیا زیاتر نابێت.

 

٤- لەشەڕی داعشیش خۆتان بینیتان چییان وت، تەیارەكانی تەحالوف قەسفیان دەكرد شوێنەكانیان ڕزگار دەكرد، ئێمەش دەچووین سێڵفیمان دەگرت.

 

دووەم: لەبەرامبەرداو لەسەر ئاستی ناوخۆ پێشمەرگە بەكاردەهێنرێت‌و بەكارهێنران:

 

١- لەشەڕی ناوخۆ هەزارەهایان لێ بەكوشت دان.

 

٢- لە ململانێ سیاسیە ناوخۆییەكان بەكاریان دەهێنن و هیچ مەرجەكانی سوپایەكی بێلایەنی نیزامیان تێدا نیەو كراونەتە میلیشیایەكی حزبی هەردوو حزبی دەسەڵاتدارو تەنها بۆ مانەوەی خۆیان بەكاریان دەهێنن، چەندین جارە بینیومانە چۆن لە خۆپیشاندانە مەدەنییەكان بە چەك و دارەوە دادەبەزنە سەرجادەكان و خەڵك دەكوژن یان فەلاقەیان دەكەن، دەوری بارەگای هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانیش دەدەن و تەنانەت تەقەشیان لێ دەكەن.

 

٣- لە هەموو هەڵبژاردنەكانی دەنگدانی تایبەت بەكاردەهێنرێن بۆ تەزویری ڕێكخراو بە قازانجی هەردوو حزبی دەسەڵات.

 

٤- بەكارهێنانیان لە گەندەڵی بێشوماردا، ئامارەكان دەڵێن ٣٥٠ هەزار كەس بەناوی پێشمەرگە موچەو دەرماڵەو خەرجی سەربازیان لە بودجەی گشتی بۆ سەرف دەكرێ، بەڵام ژمارەی ئەوانەی بەڕاستی موچە وەردەگرن لە ٥٠ هەزار كەس تێناپەڕن، هەموو ئەو بودجە زیادەش دەڕوات بۆ ئەمیرەكانی جەنگی هەردوو هێزی ٧٠ و ٨٠، بۆیە لەدوای ناردنی پڕۆژە یاساكەی حكومەت تایبەت بە ڕێكخستنەوەی موچەو نەهێشتنی موچەی بن دیوار، فەرماندەكای ئەو دوو هێزە فشاری زۆر لەسەر پەرلەمان دەكەن بۆ ئەوەی یاساكە تێنەپەڕێت تەنانەت هەڕەشەشیان كردبوو.

 

كەواتە پێشمەرگە بەم شێوەیەی ئێستای گەورەترین بارگرانییە بەسەر میللەتەوە بێئەوەی هیچ سودێكی هەبێت، بەپێچەوانەوە بۆتە ئامڕازێك بەدەست دەسەڵاتەوە بۆ گەندەڵی و لێدانی خەڵك، دەبێ یان ڕزگار بكرێت‌و بكرێتەوە بە سوپای بەرگری كوردستان یان هەڵبوەشێتەوە.