بونیادنانی دەوڵەت.. ئایا كوردستان دەبێتە زلهێز؟

15-06-2018 04:19

 

دەتوانین بڵێین كە زۆر دەزانین لەچاو سەردەمەكانی تردا، لە هەندێك بابەت وەك، بونیادنانی دەوڵەت كە مێژوو و ئاماری نزیكی 5 هەزار ساڵمان لەبەردەستە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ نەتەوەو كۆمەڵگەیەك نەیتوانیوە دەوڵەتێكی تەواو دروستبكات، بیرۆكەی دەوڵەتی تەواو یان پێرفێكت وەك ئەفسانەیەو هیچ دەوڵەتێكی دونیا تەواو نیەو هەموو دەوڵەتێك كێشەی هەیە.

 

چەندین لێكدانەوە بۆ كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێن، وەك ئەوەی كە كێشەی دەوڵەت‌و دینە یان كێشەی نەتەوایەتیە، بەڵام ئەگەر لە ڕووی بونیادنانی دەوڵەتەو تەماشای بكەین دەبینین كە ئەوە هۆكارە سەرەكیەكەیە، بۆ نمونە؛ سویسرا وڵاتێكە كە لە ساڵی1815وە سەقامگیر بووە، سێ نەتەوەی سویسرا كە ئەڵمانەكان و فەڕەنسیەكان‌و ئیتاڵیەكانن بە درێژایی مێژوو لە جەنگدا بوون، بەڵام لە سویسرا بە ئاشتی پێكەوە دەژین‌و هۆكارەكەی ئەوەیە كە سویسرا دەوڵەتێكی تەندروستەو دادپەروەری دابینكردوە بۆ هەموو نەتەوەكانی، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمە بە پێچەوانەوەیە.

 

ژاپۆن كێشەی پیربوون‌و كەمبوونی دانیشتوانەكەی. ئەمەریكا كە قەرزێكی 20 ترلیۆن دۆلاری لەسەرە كە لە بودجەی گشتی ئەمەریكا زیاترە، یان وڵاتە لاتینیەكانی ئەمەریكا كە بەدەست كێشە كۆمەڵایەتیەكانی وەك مادە هۆشبەرەكان و ناسەقامگیری خێزانیەوە دەناڵێنن. زۆربەی وڵاتە ئەفریقیەكانیش كێشەی برسیەتی و نائاسایشی و گەندەڵییان هەیە.

 

هەوڵدان بۆ چاكسازی و ڕیفۆڕم لە وڵاتدا بابەتێكی هەستیارە، نارێندرا مۆدی لە هیندستان هەوڵی چاكسازی دارایدا لە وڵاتەكەیدا، بەڵام زەرەرێكی زۆریدا لە هاوڵاتیە هەژارەكان و دراوی هیندی بەگشتی.

 

ئەفغانستانی پێش 11ی سێپتەمبەر، لای هەموو وڵاتان كێشەكانی ئەفغانستانیان بە كێشەی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەزانی، بەڵام دەركەوت كە وڵاتی لاواز دەبێتە پەناگەی تیرۆریست و گروپە مەترسیدارەكان وەك قاعیدە وتاڵیبان، كە ئاسایشی جیهان دەخەنە مەترسیەوە، هەر وەك چۆن لاوازی و ئاژاوەی عێراق بووەهۆكارێكی دروستبوونی داعش كە بووە مەترسی بۆ ئاسایشی هەموو جیهان، هەزارەها مرۆڤ بوونە قوربانی و ملیارەها دۆلار بەفیڕۆ چوون، تاوەكو ئێستاش قەیرانەكە هەر بەردەوامە.

 

وەك ئێستا دەبینین داعش بووەتەهۆی تێكدانی عێراق‌و سوریا كە بووەتەهۆی دروستبوونی ئاوارە و پەنابەرێكی زۆر لە جیهاندا هەر ئەم پەنابەرانە هۆكارێك بوون بۆ تێكچونی پەیوەندی توركیا-ئەوروپا، پەنابەران بوونە هۆی گۆڕینی ئەنجامی چەندین هەڵبژاردن لە ئەوروپا تەنانەت لە ئەمەریكاش، كۆنزێرڤاتیڤ و پۆپۆلیزم پرسی ئاوارەكانیان دەخستە ئارگیومێنتەكانیانەوە.

 

هۆكارێكی جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا كێشەی پەنابەران بوو كە بووە هۆی ڕۆیشتنی ژمارەیەكی زۆری چەكداری داعش لە شێوەی پەنابەر و مەترسی بوو بۆ تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا‌و ئەوروپا بەگشتی.

 

هەر هەمان كێشە بووەتەهۆی تێكدانی یەكگرتویی وڵاتانی ئەوروپی‌و بێزاری خەڵك لە هاتنی پەنابەران بۆ ئەوروپا كە وایكردووە هەر وەك ڕاپرسییەكان پیشانی دەدەن كە تەنها نزیكی لە سەدا پەنجای ئەوروپییەكان پشتگیری یەكێتی ئەوروپا دەكەن‌و شەرعیەتی یەكێتیەكە زۆر لاوازبووە، هەربۆیە هەندێك شارەزا دەڵێن كە پێدەچێت یەكێتی ئەوروپا بەسەرچووبێت.

 

هەر وڵاتێك كوردستان كۆنتڕۆڵ بكات ئەوا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆنتڕۆڵ دەكات، چونكە ئاسایشی كوردستان زۆر گرنگە‌و پەیوەندی بە وڵاتانی چواردەوری كوردستانەوە هەیە، هەر یەك لەو وڵاتانە ژمارەیەكی زۆر كورد لەخۆدەگرن، ئاسایشی كوردستان لەم چەند ساڵەدا لە زۆر ناوچەی جیهان باشتربووە.

 

كوردستان لە ڕووی سەربازییەوە لە بوارەكانیتر لە پێشەوەیە كە وایكردووە زۆرینەی خەڵك هەوڵبدەن ببنە چەكدار، لەوانەیە ئەمە ببێتە دەوڵەتێكی دیكتاتۆری ئەگەر چاكسازی لە سەربازیدا نەكرێت‌و پەرە بە بوارەكانیتر نەدرێت.

 

كوردستان هێڵی درێژی 45ی پێدا تێدەپەڕێت كە یەك لەسەر دوو دانیشتوانی ئەفەریقا و ئاسیا و ئەوروپا لە چەپ و ڕاستی ئەم هێڵەوە دەژین لە مەودای گەشتی 8 كاتژمێریدا، بۆیە دەتوانرێت كوردستان بكرێتە ناوەندی گواستنەوەی جیهانی و جێی ئیمارات و قەتەر بگرێتەوە كە گواستنەوەی جیهانیان داگیركردووەو دەكەونە سەرهەمان هێڵی درێژی.

 

جوگرافیای كوردستان دەڕوانێتە سەر هەرچوار پایتەختی تەهران و ئەنقەرە و بەغدادو دیمەشق ئەمەش بایەخێكی زۆری هەیە لە ڕووی ستراتیژییەوە.

 

جیۆئیكۆنۆمیكی كوردستان پەیوەستە بە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، كوردستان خاوەنی دانیشتوانێكی گەنج‌و سامانێكی سروشتی زۆر و ستراتیژیی گرنگە، ئەگەر كوردستان بە وردی و شارەزاییەوە بونیاد بنرێت ئەوا دەتوانرێت كوردستان بكرێتە دەوڵەتێكی زلهێز لە ڕووی ئابوری و سیاسیەوە.

 

لە كۆتایدا دەتوانین بڵێین كە بونیادنانی دەوڵەت وەك دروستكردنی داو و دەرمان وایە، ئەگەر هەڵەی تێدا بكرێت ئەوا ژەهر دروست دەكرێت، بەڵام ئەگەر بەجوانی و بە باشی پڕۆسەكە بەڕێوەببردرێت ئەوا چارەسەرەكە دەدۆزرێتەوە.