حەج و مۆندیال

18-06-2018 05:02

 

دوور لە ڕەهەندە دینی و وەرزشییەكە، ئەگەر لە ڕەهەندی ئابوری و گەشتوگوزار و گۆشەی ترەوە سەیری بكەین، ڕەنگە ئەم لاكێشە سەوزەی یاریگا، باشترین وەڵامی غەرب بێت، بۆ شكڵە هەندەسیەكانی شەرق، كە دیارترینیان موكەعەبە ڕەشەكەی مەككەو هەرەمە سێگۆشەكانی میسرە، مەسەلەن ڕەنگە توانای ڕاكێشانی گەشتیاری و داهاتی ساڵانەی خولی ئیسپانی، لە هی حەج و عەمرە زیاتربێت.

 

شوێنەوارو شوێنە پیرۆزەكان جێگیرن، بەڵام یاریگا جوڵاوە، هەمووشیان هەر موگناتیسی ڕاكێشانی خەڵكن، بەڵام گۆڕینی موگناتیسی جێگیر بۆ جوڵاو، ئەمە خۆی لە خۆیدا پێشكەوتنە، جوڵاو مەبەستم ئەوەنیە تایە بخەیتە ژێر یاریگاوەو بیگوازیتەوە، مەبەستم ئەوەیە یاریگا لە هەموو شارو شوێنێك ئەتوانرێ دروست بكرێ و هەبێت، لەكاتێكا شورای چین تەنیا لە چین ئەتوانێ هەبێت.

 

شوێنەوارو شوێنە پیرۆزەكان هەمیشە مرۆڤ ئەبەنەوە بۆ ڕابردو، بەڵام یاریگاو مەسرەح و كۆنسێرت.. مرۆڤ كۆئەكەنەوە لە دەوری ڕووداوێك كە ئێستا ڕووئەدا، ئەم نامێژوویی و ئێستاییەش زۆر گرنگە، چونكە مرۆڤی پێشكەوتوو لە ئێستادا ئەژی و ڕووی لە پێشەوەیە بۆیە ئەتوانێ داهاتوو ببینێ، بەڵام مرۆڤی دواكەوتوو لە مێژوودا ئەژی و ڕووی لە دواوەیەو پشتی كردۆتە پێشەوە بۆیە ناتوانێ چاوی لە داهاتووبێت.

 

مرۆڤی نوێ مێژوو ئەهێنێ بۆ لای خۆی بە پێی پێویستیەكانی سەردەم، بەڵام مرۆڤی تەقلیدی خۆی ئەچێتەوە بۆ ناو مێژوو، لە زروفی مەوزوعی خۆی دێتەدەرو ئەچێتە ناو زروفێكی پێشترەوە كە بۆ ئەو تەواو نامەوزوعیە، ئینسانیش تەنیا لە ناو زروفی خۆیدا ئەتوانێ بوونێكی ڕاستەقینەو سودبەخشی هەبێ، لە دەرەوەی زروفی خۆی، تەنیا بوونێكی موزەییەف و سلبیی هەیە.

 

لە ڕووی ئیعماریشەوە، شوێنەوارو شوێنە پیرۆزەكان چەن شوێنێكی مەحدودن و تەنیا چەن كیلۆمەترێكی چواردەوری خۆیان ئاوەدان ئەكەنەوە، بەڵام یاریگاكان ئەونە زۆرن لە ژمارە نایەن و بەردەوامیش زیاد ئەكەن و هەمووشیان جادەو ئوتێل و بازاڕو ئاوەدانی لە چواردەوریان دروستئەكرێ.

 

لە ڕووی عەدالەتیشەوە، سەیركە مۆندیال هەر چوار ساڵ جارێك لە وڵاتێكەو سودەكەشی بۆ ئەوێیە، بەڵام حەج هەموو ساڵێك هەر لە سعودیەیەو سودەكەشی هەر بۆ سعودیەیە، ئەمەش ناعەدالەتیە، ڕاستە ناكرێ كەعبە بگوازرێتەوەو هەر ساڵەی حەج لە وڵاتێك بێت، بەڵام خۆ ئەكرێ بەشێك لە داهاتەكەی بگوازرێتەوەو هەر ساڵەی بدرێ بە وڵاتێكی هەژار!

 

لەڕووی پێكەوەژیان و تێكەڵاوكردنی خەڵك و كولتورە جیاوازەكانیشەوە، شوێنە پیرۆزەكان تەنیا شوێنكەوتووانی دینێك ڕائەكێشن، شوێنەوارەكانیش هەر توانای كۆكردنەوەی چەن هەزارێك و چەن ملیۆنێك خەڵكی جیاوازیان هەیە، بەڵام یاری جگە لە قەرەباڵغیی ناو یاریگاكان، لە تەلەفزیۆنیشەوە مەلایین و ڕەنگە چەن ملیارێكیش بینەریان هەبێت، كە ئەم خەڵكەش لە هەموو كولتورو نەتەوەو دین و ڕەنگ و ئەفكارە جیاوازەكانن.

 

ئەم بەراوردە بۆ كەمكردنەوەی شەئنی شوێنە كۆنەكان نیە بەرامبەر شوێنە تازەكان، هەردوكی هەر حەزارەتی ئینسان و بەرهەمی مرۆڤایەتییەو هەر هی خۆمانەو هەر بۆ خۆمانە، بەڵام ئەوەیان كە جوڵاوترەو عەدالەت و تێكەڵاوی و ئاوەدانی زیاتر بەرهەم ئەهێنێت، ئەویش هەر وەكو شوێنەوارو شوێنە پیرۆزەكان، شایەنی ڕێزو تەقدیرە.

 

ئینجا دروود بۆ هەموو شوێنێكی كۆن و نوێ، كە هەریەكەو بەپێی تواناو حەجمی خۆی، ئارامبەخش و خۆشی بەخش و خۆشەویستی بەخشن.