بۆ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان نەبێتە یەكێتییەكی تر

19-06-2018 06:48

 

سەرۆكی پێشوی باشوری ئەفریقا یاكوب زوما (٢٠٠٩-٢٠١٧) یەكێك بو لە پیاوە شۆڕشگێڕەكانی باشوری ئەفریقا و حزبەكەی نیڵسۆن ماندێلا، تەنانەت سەرۆكی پێشی ئەی ئێن سییش بو، واتا كۆنگرەی نیشتیمانیی ئەفریقا. بەڵام بەهۆی گەندەڵیی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەوە، ناچاركرا واز لە دەسەڵات بێنێت و ڕوبەڕوی سەدان كەیسی گەندەڵییش كراوەتەوە، لەناویشیاندا هەوڵێكی ئیغتیساب.

 

ئەمەم بۆیە نوسی مەرج نییە هەركەسێك لە حزبێكی نیشتیمانیی وەك كۆنگرەی نیشتیمانیی ئەفریقا بو، یان دۆستی كەسێكی وەك نیڵسۆن ماندێلا بو، تا ئەبەد پیرۆز و گەورە و ناگەندەڵ بێت.

 

بزوتنەوەی گۆڕان دژی نادادپەروەریی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و گەندەڵیی و حوكمی میلیشیایی و بنەماڵەگەرایی لە هەرێمی كوردستان دروستبو. دامەزرێنەرەكەشی، بە شاهیدیی دۆست و نەیار، پاكترین و شۆڕشگێڕترین، تەنانەت خوێندەوارترین سیاسیی كوردە لە مێژوی هاوچەری هەرێمی كوردستانی عێراق. بەڵام مەرج نییە ئەو بزوتنەوەیە هەر وا بمێنێتەوە، دەكرێت پڕ بێت لە كەسانی گەندەڵ و هەندێكیش هەبن بە ئاڕاستەی بەبنەماڵەكردنی ببەن.

 

بەشێك لە پشتیوانیی خوێندەوارانی كورد بۆ ئەو بزوتنەوەیە، لەو چوارچێوەیە بوە كە ئەو بزوتنەوەیە هی گەل بوە نەك هی كەس و بنەماڵەكان، تەنانەت بزوتنەوەی نەوشیروان مستەفاش نەبو، هێندەی بزوتنەوەی گەل بو. هەر بۆیە ئەو پشتیوانییە نیشتیمانیی و بەرفراوانەشی لێكرا.

 

یەكێتیی لە هەناوی پارتییەوە دروستبو. نیگەرانیی خەڵكیش لە پارتیی و پاوانخوازیی مەلا مستەفای بارزانیی و بەبنەماڵەكردنی حزب و دەزگاكان، وای كرد نەوەی نوێی شۆڕشگێڕانی كورد و گەنجانی كورد بە ئیرادەیەكی بەهێز و بە گوڕوتینتر پێشوازیی لە دامەزراندنی یەكێتیی بكەن. بەڵام دوای ماوەیەك، هەمان ئەو كێشانەی لەناو پارتییدا هەبون و چارەسەرنەكران، هەمان ئیرادە پاوانخوازییەكە و ویستە تاكڕەوییەكان و پەراوێزخستنی دیدە ڕەخنەیییەكان كە وایان كردبو یەكێتیی دروستبێت و بەتوندی لە یەكەم بەیاننامەی دامەزراندنەوە ڕەخنەی پارتیی كردبو، لەناو یەكێتییش بە هەمان ئاڕاستە و تەنانەت بەنزیكەیی هەمان ئەندازە دروستبون. هەر بۆیە، زیندوێتیی بەشێكی لە مەكتەب سیاسیی بە سەركردایەتیی نەوشیروان مستەفای ڕەحمەتیی، سەرەتا باڵی ڕیفۆرم و دواتر بزوتنەوەی گۆڕان دروستكرا. ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، خەریكە هەمان ئەو سیاسەتەی وایكرد گۆڕان لە هەناوی یەكێتییەوە دروستببێت، جێپێی قایم دەكات. دیدی ڕەخنەیی وەلادەنرێت. بزوتنەوەكە بەبنەماڵەیی دەكرێت. میدیا و پەیوەندیی دیپلۆماسیی و دروستكردنی قەرار و دارایی حیزب لەلایەن گروپێكەوە كۆنتڕۆڵ دەكرێت. دانانی كەسەكان لە زۆر پۆستدا لەسەر ئەو بنەمایانەن كە نەوشیروان مستەفا دژیان بو. باڵباڵێنە و تەكەتول لەسەر بنەمای پشت لە زەوییدانی یەكتر گەشە دەكات.

 

بزوتنەوەی گۆڕان دوای كۆچی دوایی ڕەحمەتیی نەوشیروان مستەفا پێویستی بە گۆڕانكاریی ڕیشەیی هەبون، بەڵام گۆڕانكارییەكان كەوتنە خزمەتی تاكڕەویی لەناو بزوتنەوەكە و بەبنەماڵەكردنی. دوای شكستی ڕیفراندۆم، دیسان بزوتنەوەكە پێویستی بە گۆڕانكاریی هەبو، بەڵام هیچ گۆانكارییەكی نەكرد، زۆر بەسادەیی سەركردایەتیی ئەو بزوتنەوەیە بەشێكی بەرپرسیارێتییان بەردەكەوێت لە شكستی ڕیفراندۆم كە نەیانتوانی لە ئاستی پێویستیی ڕۆژ بن. دوای شكستی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ١٢ی ماییسی پارلەمانیی عێراق، ئەو بزوتنەوەیە لە هەر ڕۆژێك زیاتر پێویستی بە گۆڕانكارییە.

 

ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لەناو خۆیدا توانای گۆڕانكاریی نەبێت، بە چ هەقێك داوای گۆڕانكاریی لە سیستمی حوكمڕانیی و ئابوریی و سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات؟ ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان خۆی تاكڕەو بێت لە بڕیار و مۆنۆپۆڵی بڕیار-دروستكردن بكات و دیدە ڕەخنەیییەكانی ناو بزوتنەوەكە پەراوێزبخات، بە چ هەقێك داوای دیموكراسیی لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات؟ ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان كە توشی شكستێك دەبێت كەسانێك نەبن بەرپرسیارێتیی هەڵبگرن لەو حیزبەدا، بە چ هەقێك داوای بەرپرسیارێتیی لە مافیاكانی نەوت دەكات؟ ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان قبوڵبكات زەویی گشتیی لەسەر دو كوڕەكەی ڕەحمەتیی نەوشیروان مستەفا تاپۆ بكرێت، بە چ هەقێك داوادەكات مەسعود بارزانیی لە سەری ڕەش بڕوات و ماڵی تاڵەبانیی دەباشان چۆڵ بكەن؟

 

ئازیزانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەو بزوتنەوەیە دامەزرێنەرەكەی پیاوێكی پاك و بیرمەند بو، بزوتنەوەكەی بۆ ئەوە دروستنەكرد ئێوە شەڕی دەسەڵاتدارێتیی و پۆست و خۆسەپاندن بكەن. ئێوە كە تا ئێستا دەیان وەزارەت و پۆستی باڵا و ئەنجومەنی وەزیرانتان نەكەوتۆتە بن دەست ئاوا شەڕی بەرژەوەندیی و دەسەڵاتدارێتیی بكەن و گۆڕانكاریی ئەنجامنەدەن، بە چ ئالتەرناتیڤێكەوە دەتانەوێت گۆڕانكاریی بكەن؟

 

ئێوە ڕەخنەی ئەوە لە یەكێتیی و پارتیی دەگرن كە تەواوی دەزگاكانیان پەكخستون و دو مەكتەب سیاسیی بڕیارەكان دروستدەكەن، پێمناڵێن ئێوە كام دەزگاتان جدیی و دامەزراوە؟ لە دەزگای دیپلۆماسییەوە بگرە بۆ دەزگای میدیا، ئایا زۆربەیان ویستی كەسێك و گروپێك نییە هەڵیاندەسوڕێنێت نەك سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان؟

 

بەر لە هەڵبژاردن، بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت گۆڕانكاریی ڕیشەیی بكات، لەپاڵ گۆڕانكارییەكانیش، دەبێت كاریگەرترین ڕۆڵ ببینێت لە دروستكردنی هاوپەیمانێتیی تەواوی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان، بێگومان ئەگەر سەركردایەتیی ئەو بزوتنەوەیە دەیەوێت كە ئەو بزوتنەوەیە لەوە ڕزگاربكات ببێتە یەكێتییەكی تر.