ژینگەی كوردستان لە ژێر مەترسییەكی گەورەدایە

01-07-2018 02:33

 

بۆ پەرلەمانی كوردستان
حكومەتی هەرێمی كوردستان
ژینگەپارێز و دۆستان
وڵاتپەروەران

 

ژینگەی كوردستان لە ژێر مەترسییەكی گەورەدایە. ڕۆژ دوای ڕۆژ بێخەمی خەڵك و گەشتیار، كە پێدەچێ هەندێكی لە كەمهۆشیاری و هەندێكیشی وەكو كاردانەوەبێ لە دژی حكومەت و ئیدارەی خۆماڵی، ژینگەی وڵاتەكەمان پیستر دەكات. ئەو ژینگە پیسییە تەنیا لە شوێنە گەشتیارییەكان و هاوینە هەوارەكان قەتیس نەماوە، كۆڵان و پاركەكان و سەرجادە و بەردەم ماڵەكانی خۆشمان كردۆتە زبڵخانەیەكی گەورە. لە ئایندەیەكی دوور نا، بەڵكو زۆر نزیك ئەگەر وا بەردەوام بین، كوردستان دەبێتە زبڵخانەیەكی گەورە.

 

بە سەرنجی سادەی بەندە چەند كەرەستەیەك هەن كە هەڕەشەی جددین و ئاسەوارەكانیان بە سانایی كۆتایی نایەت ئەوانیش عەلاگەی زۆر، بوتڵی پلاستیك و شووشەی خواردنەوە جۆراوجۆرەكانن كە بە ڕێژەیەكی زۆر بەكار دەهێندرێن و هیچ ڕێگایەك بۆ دووبارە بەكارهێنانەوەو پاراستنی ژینگە لە ئاسەوارەكانیان لە كوردستاندا بوونی نیە.

 

ئەوەی لێرەدا دەمەوێ پێشنیار بكەم دانانی سنوورێكە بۆ ئەو هەموو دەیان هەزار عەلاگە خۆڕاییەو بوتڵی پلاستیكی و شوشەیە كە ڕۆژانە ئێمە لە بازاڕەكان بەكاریان دەهێنین و دواتر هەر یەكەمان و بە جۆرێك فڕێی دەدەین و دەیكەینە بەڵا بۆ ژینگە.

 

بەڕێزان:

ئایا دەزانن هەر عەلاگەیەكی ئاسایی كە ئێمە ڕۆژانە لەو دوكانانە وەری دەگرین لەكاتی كەلوپەل كڕین، دوایی كاتێك فڕێی دەدەین چەند ماوەی پێویستە بۆ ئەوەی شی ببێتەوە؟ دە فەرموون بزانن كە ئەو عەلاگانە لە 10 تا 1000 ساڵیان پێویستە بۆ شی بوونەوە بە گوێرەی جۆرەكانیان!! ئەو عەلاگانە بەردەوام و ساڵانە دەبنە پارچەی بچووك و ئاو و زەوی دونیایان پیس كردووە. ناوەندە بایەخمەندەكان باسلەوەدەكەن كە ساڵانە زیاتر لە 250 ملیۆن تەن عەلاگەی پلاستیك بەرهەم دەهیندرێ‌و 10%ی ئەو ڕێژەیە دەكەوێتە ناو دەریا و زەریاكان و ساڵانە زیاتر لە یەك ملیۆن باڵندە و سەدان هەزار گیانداری ئاویی بە هۆی خواردنی ئەو عەلاگانەوە گیان لە دەست دەدەن.

هەر بوتڵێكی پلاستیكی خواردنەوە لە دەبەی ئاوەوە بگرە تا بیبسی و ئەوانی دیكە لە 450 ساڵ بەرەو سەرووی پێویستە بۆ ئەوەی لەناو زەوی شی ببێتەوە!!

 

ڕەنگە پێتان سەیربێ كە هەر بوتڵێكی شوشەی خواردنەوە جۆراوجۆرەكان كە بەشێكی زۆری خەڵك دوای بەكارهێنانیان نابەرپرسانە لە شوێنە گشتیەكان، یان لەكاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا فڕێی دەدەنە دەرەوە، پێویستی بە یەك ملیۆن ساڵ هەیە بۆ ئەوەی شی ببێتەوە!!
ئەو داتایانە یەكجار ترسناكن و هەمووی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت لەبەردەستن بۆ هەر كەسێك بیەوێ دەستی بكەوێ.

 

ئێمە لە كوردستان بە داخەوە هیچ جۆرە سیاسەتێكمان نیە بۆ ئەوەی خەڵك لەو جۆرە مەترسیانە هۆشیار بكەینەوە و هەروەها ڕێوشوێنی گونجاو دابنێین بۆ ئەوەی ڕێژەی بەكارهێنانیان كەم بكەینەوە، وەكو ئەوەی لە زۆر وڵاتانی دونیادا بەرقەرارە.
لەم سۆنگەیەوە ئەم داوایانەی خوارەوە لە لایەنی پەیوەندیدار دەكەم:

 

یەكەم: ڕێنمایی پێویست دەربكرێ بە قەدەغەكردنی عەلاگەی خۆڕایی لە بازاڕەكان لە بەرامبەردا هانی كۆمپانیاكان بدرێ كە عەلاگەی بازاڕكردن لە جۆری گەورە كە پتەوە و دەكرێ چەندین جار بەكار بهێندرێتەوە(وێنەكەی داندراوە) بهێنن و بە نرخێكی ڕەمزی بفرۆشرێن بۆ ئەوەی كڕیار ناچاربێ بۆ بازاڕكردن عەلاگەی خۆی بهێنێ. بەمە ڕێژەی بەكاربردنی عەلاگە یەكجار كەم دەكرێتەوە. بفەرموون سەیری ئەزموونی بەریتانیا بكەن كە یەكەمجار لە وڵاتی وەیڵز پەیڕەو كرا.

 

عەلاگەی بازاڕكردن.

 

دووەم: هەوڵ بدرێ هانی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی خواردنەوە گازییەكان بدرێ كە شوشە و بوتڵی پلاستیكی لە هاووڵاتیان بكڕنەوە و دووبارە بەكاریان بهێننەوە پاش تواندنەوەیان و دوبارە دروستكردنەوەیان. ئەمەش دەكرێ بە هەماهەنگی بێ لەگەڵ دوكاندارەكان وەكو ئەوەی لە ئەوروپا هەیە كە هەر هاوڵاتییەك خواردنەوەی گازی دەكڕێ دوایی بوتڵەكان لە ماڵەوە هەڵدەگرێ و پاشان دەیباتەوە دوكانەوەو بە بڕە پارەیەكی ڕەمزی لێی وەردەگیرێتەوە. ئەمە دەكرێ بۆ هەردوو جۆری بوتڵی پلاستیكی و شوشە پەیڕەو بكرێ.

 

بەڕێزینە:

ڕەنگە پێتان وابێ كە كوردستان كێشەی زۆر گەورەتری لەوە هەیە و من خەریكی چیم!! لە ڕاستیدا ئەمە بیانوو نیە، چونكە ئەو دۆخ و كارەساتەی ئێمە بە دەستی خۆمان بەسەر ژینگەی خۆمانی دەهێنین هی ئەوە نیە كەس لێی بێدەنگ بێ.
لە كۆتاییدا دەمەوێ قسەیەكی سەرۆكی نێردەی یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر بخەمە ڕوو كە ڕۆژێك لە بۆنەیەكدا وتی: ئێوە ئەو وڵاتەی خۆتان بۆ وا پیس كردووە؟ چاوەڕێ دەكەن كێ بۆتانی پاك بكاتەوە؟ ئەوە وڵاتی كێیە ئێوە وا بێباكانە پیسی دەكەن؟

 

خوێنەری بەڕێز:

تكایە ئەگەر ژینگەی خۆت و وڵاتەكەتت خۆش دەوێ، عەلاگە كەمتر بەكاربهێنە، بوتڵی پلاستیكی و شووشە فڕێ مەدە و ئەم بابەتەش وەكو پشتگیری شەیر بكە.