موعارەزەی وەعزیی

22-07-2018 03:25

 

گەورەترین كێشەی ئۆپۆزسیۆنی ئێمە، ئەوەیە كە پێیوایە خەباتی شەقام كاری خەڵكە!

 

هەرئەوەی لە تەلەفزیۆنەوە خەڵك پەمپبدە، ئیتر تۆ ئەوەی لەسەرتە كردوتەو واجبی موعارەزەییت بەجێهێناوەو باقی ئیشەكە ئەبێ خەڵك تەواویكات.

 

ئەمەش ڕێك یەعنی هیچ نەكردن، یەعنی ئێمە هێشتا موعارەزەی كرداریمان نیە، بەڵكو تەنیا موعارەزەی وەعزیمان هەیە، موعارەزەی فیعلی و موعارەزەی وەعزییش ئەزانی چەنێكیان فەرقەكە؟ هەر بەقەت وجودو غیابی موعارەزە، هەر بەقەت بوون و نەبوونی ئۆپۆزسیۆن.

 

ئەم خەلەلەیە وایكردوە كە لەسەر جادە، ڕێژوان شەهیدببێ لەبری هەڵسوڕاوێكی موعارەزە.

 

ئەمەیە وایكردوە كۆمەڵێك ئەگیرێن و كابرای موعارەزە لە تەلەفزیۆنەوە داوای ئازادییان بۆ ئەكات، لەكاتێكا ئەبوو ئەو خۆی گیراوەكەبێت.

 

ئەمەیە وایكردوە شەقامەكان و دارەكان خەڵكێكی تر ئەیخۆن لەبری سەركردەو چالاكانی موعارەزە.

 

ئەمەشە وایكردوە موعارەزە لەبری ئەوەی پێشڕەوبێت، هەلپەرستبێ و سوار شەپۆلبێ و مساوەمەو مفاوەزات بە قوربانیەكانەوە بكات، نەك ئەوەی خۆی قوربانیدەرەكەی شەقام بێت.

 

بۆچی موعارەزەی ئێمە لەباشترین حاڵدا پەرلەمانییەو ناتوانێ شەقامیی بێت؟ بۆچی ناتوانێ هەدەپەیی بێت؟ بۆچی خەباتی شەقام بە كاری خەڵك ئەزانێ و بە ئەركی خۆی نازانێ؟ بۆچی قسەكەرو نەسیحەتكەرە، كاركەرو قوربانیدەر نیە؟

 

وەڵامەكەی زۆر كورت و ئاسانە، چونكە موعارەزەكەمان پەروەردەی سیاسیی نیە.

 

سەیركە تۆ كە هەڵسوڕاوی گۆڕانیت، هیچ فەرقت نیە لەگەڵ هاوڕێكەت كە هەڵسوڕاوی گۆڕان نیە، بەڵام ئەگەر كادری پەكەكەبیت جیاوازیت زۆرە لەگەڵ ئەویتر كە كادری پەكەكە نیە، چونكە لە دووەمیانا پەروەردەیەك لەئارادایە.

 

هەموو تەڤگەری هەولێر ناگەنە هەزار كەس، بەڵام ئەتوانن چەن سەد كەسێك بهێننە سەر جادەو خۆپیشاندان بكەن، گۆڕان سەد هەزار دەنگی هەیە لەوێ، بەڵام ناتوانێ كادری مەكۆو بازنەكانی خۆشی بهێنێتە سەر جادە، لەبەرئەوەی كادرەكەی تەڤگەر پەروەردەیەكی هەیە، ئیرادەو ئیلهامی تەحەدیی لێوەرئەگرێ، بەڵام كادرەكەی گۆڕان پەروەردەیەكی سیاسیی تایبەتی نیە، بەڵكو هەر وەكو دەنگدەرەو خەڵكە عامەكە شیعارات و قسەی گشتی هەیە، بۆیە ئیرادەكەشی بەشی ئەوە ناكات كە تەحەدیی گەورەی پێبكات.

 

هەڵبەتە من لەگەڵ حیزبی ئایدیۆلۆژی و تەڵقینی ئایدیۆلۆژیی نیم، بەڵام لەگەڵ هیچیش نیم، (سفر پەروەردە) كارەساتە، كادر نابێ بۆش بێت، ئەبێ لەنێوان تەڵقین و سفر، پەروەردەیەكی مامناوەند هەبێ كە كادر لە خەڵكی تر جیابكاتەوە، بایی ئەونەش ئیرادەی بداتێ كە بتوانێ تەحەدی و پێشڕەوی بكاو قوربانی بدا.

 

دۆخی ئێستا چەن خراپە، دوو ئەونەی تریش خراپ بێت، هێشتا خەباتی شەقام كاری خەڵك نیە، چونكە كارەكە ئەبێ ڕێكخراوبێ!!

 

كاری ڕێكخراویش كاری حزبە نەك كاری شەعب، شەعب هەر ئەوەی لەسەرە دوای هەبوونی خۆپیشاندانەكە قەرەباڵغی بكات، نەك ئەوەی خۆی دروستی بكات.

 

ئەمەوێ بڵێم، گەمژەییە هێزی موعارەزە، خەباتی شەقام بە كاری خەڵك بزانێ و خۆی نەیەتە مەیدان. بەڵام گەمژەییشە پەروەردەت نەبێ و بەتامابیت بتوانی ئەمە بكەیت!

 

بۆ ئەوەی موعارەزەی ئێمە لە پەرلەمانییەوە بپەڕێتەوە بۆ شەقامیی، ئەبێ جۆرێك لە پەروەردەكردن و پێگەیاندنی كادر دەستپێبكەن، لەبەر ئەوەشی ئەمە كارێكی هێواشەو كاتی ئەوێ، كەواتە ئومێد هەڵچنین لەسەر خەباتی شەقام جارێ كاتی نەهاتووە.

 

ئەبێ كادری خاوەن ئیرادە بخەیتەسەر شەقام بۆ ئەوەی خەڵك لەدەوریان كۆببێتەوە، نەك ئەوەی لە ئیعلامەوە قسەی زل هەڵدەیتە سەرجادەو بەتەمابیت خەڵك لەدەوری قسە كۆببنەوە!

 

داینەمۆی شەقام ئەبێ خۆت بیت، نەك قسەكانت.