ڕۆژئاڤا و ڕژێمی ئەسەد ڕێكدەكەون؟

28-07-2018 03:29

 

27ی تەموز قۆناغێكی نوێ لە سوریا و باكوری سوریا دەستیپێكرد بە كردنەوەی دەرگای گفتوگۆی ڕەسمیی لەنێوان ئەنجومەنی سوریای دیموكراتیك و ڕژێمی سوریا. وەفدی ئەنجومەن بە سەركردایەتیی ئیلهام ئەحمەد كە تێیدا عەرەب و سریانیش هەبون، لەگەڵ حكومەتی سوریا لە دیمەشق دانیشتن.

 

ئەوەی زۆر گرنگە، هەردولا ڕێككەوتون لەسەر "پێكهێنانی لیژنە بۆ پێشڤەبردنی گفتوگۆكان و دانوستان لەسەر بنەمای سوریایەكی لامەركەزیی دیموكراتیك." ئەو سوریای لامەركەزیی دیموكراتیكە لای هەردولا هەڵگری مانای جیاوازە، بەڵام ئەوە قۆناغی یەكەمی لێكتێگەیشتنە. ئەنجومەنی سوریای دیموكراتیك وەك سەرەتا زیاتر تەركیزی لەسەر گێڕانەوەی خزمەتگوزارییەكانی ڕژێمە، ڕژێمیش دەیەوێت دەستەڵاتی خۆی بۆ خاڵەكانی سنور بگێڕێتەوە.

 

بەر لە سەردانەكە، وەفدی كوردیی لەگەڵ برێت مەكگۆرك دانیشتون، ئەویش پێی باش بوە.

 

داهاتوی سوریا ئاسان یەكلاناكرێتەوە، ڕژێمی سوریا و ئیدارەی باكوری سوریاش لەوە تێگەیشتون كە دەبێت بگەنە ڕێككەوتن. هەردولا پێویستییان بە یەكترە. ڕژێم لەژێر فشاری ڕوسیا دایە، ڕوسیاش لەژێر فشاری ئەمەریكا. ڕژێم ناتوانێت بە شەڕ دەستەڵاتی خۆی بۆ ناوچەكانی باكوری سوریا بگێڕێتەوە، ڕودانی هەر شەڕێك دەرگای شەڕی تر دەكاتەوە.

 

ئیدارەی باكوری سوریاش -كورد و عەرەب و سریان و نەتەوە و ئاینزاكانی تر- دەیانەوێت دوای سەركەوتنیان بەسەر داعشدا، دڵنیابن وڵات سەقامگیر دەبێت چونكە هەڕەشەكانی توركیا بەردەوامن، ئەمەریكا پلانەكەی زۆر ڕون نییە، ڕوسیا و ئێران ئەگەر پشتیوانیی ڕژێم بكەن دژ بە ئیدارەی باكوری سوریا دۆخەكە دژوار دەبێت. باكوری سوریا پێویستی بە گێڕانەوەی خزمەتگوزارییەكان و ئاوەدانكردنەوە و قوتابخانە و نەخۆشخانە و بودجەیە.

 

بە كورتی، هەردولا پێویستیان بە یەكترە و دۆخەكە وا دەخوازێت بگەنە ڕێككەوتن. دوژمنە هاوبەشەكانیان كە توركیا و هێزە چەكدارە تیرۆریستەكانی داعش و پڕۆكسییەكانی توركیان، هەڕەشەی جدیی دەبن لەسەریان ئەگەر نەكەونە ڕێككەوتن. لەنێوان ڕژێمی ئەسەد و هێزەكانی سوریای دیموكراتیك شەڕ و پێكدادانی زۆر دروستنەبوون تا نەتوانن لەسەر داهاتویەكی هاوبەش پێكبێن.

 

بەهۆی نیگەرانییەكانی توركیاوە، ئیدارەی باكوری سوریا بەتەواوی لە گفتوگۆكانی ئاشتیی یوئێن بێبەش بوە، بۆیە ڕێككەوتن لەگەڵ ئەسەد، هەرچەندە تاڵ بێت، بەڵام باشترین چارەسەرە، چونكە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی وازی لە گۆڕینی ئەسەد هێناوە و ئێستا ئەسەد بەهێز بوە.

 

كێشەی قوڵ لەنێوان ڕژێم و ئیدارەی باكوری سوریا هەن، بەتایبەت لەسەر داهاتوی هێزەكانی سوریای دیموكراتیك و ئاساییش، بەڵام باكوری سوریا یا وەك ئێمە ڕاهاتوین بڵێین ڕۆژئاڤای كوردستان خاوەن سیستمێكی ئیداریی ئەوتۆیە كە بتوانێت لەگەڵ ئەو قۆناغە خۆی بگونجێنێت، چونكە كۆنفیدرالیزمی دیموكراتیك باسی خۆبەڕێوەبەرییە نەك فیدراڵیی.

 

لەو چوارچێوەیەدا، ئەگەر گفتوگۆكان بگەنە ڕێككەوتنێكی هاوبەش، وەك ساڵح موسلیمیش گوتویەتی كە داوای گەرەنتیی نێودەوڵەتیی دەكەن بۆ گفتوگۆكان، ئەوا باكوری سوریا و ڕۆژئاڤای كوردستان پێدەنێنە قۆناغێكی نوێوە كە تێیدا دەتوانن داهاتویەكی نوێ بنیات بنێن.