ئۆپۆزسیۆنیش بەرپرسیارە لەم دۆخە

29-07-2018 05:49

 

ئەوەی ئێستا لەدنیای سیاسەت و ئیدارەی كوردستان ئەگوزەرێت، تەنها فەشەلی دەسەڵات و پارتە دەسەڵاتدارەكان نییە، بەڵكو ئێمە لەبەردەم فەشەل و شكستێكی ترشیداین كە ئەویش فەشەلی شكستی پڕۆژەی هێزەكانی ئۆپۆزیسۆنە.

 

لەدۆخێكی چەق بەستووی وەك ئێستادا، كە پڕۆژەیەك بۆ قوتار بوون بوونی نەبێت، كە میكانیزمی كۆكردنەوەی هێزی ناڕازی قبوڵ نەكرێت، كە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن ئیمكانی یەكخستن و پێشخستنی دۆخەكەیان هەبێت و ئەنجامی نەدەن، ئیتر ئەوە ئەبێت بەتەنها یەخەی لایەنە دەسەڵاتدارەكان نەگیرێت و بەشێك لە ڕەخنەكان ڕوو لەو ئۆپۆزسیۆنەبێت كە لەباتی خەمی گۆڕینی دۆخەكەی كردبێتە ئامانج، خەمی بەشداریكردن و پاراستنی قەبارەی خۆی كردبێتە ئامانج‌و ستراتیژ.

 

ڕاستە بەرپرسیارێتی گەورەی خراپی ئەم دۆخە لەئەستۆی پارتی و یەكێتیە و ئەم دۆخە بەرئەنجامی تەراكومی هەڵەو شكستی چەند ساڵەی ئەوانە، بەڵام دابەش بوون و بچووك بوونەوەی هێزی بەرەو ڕووبوونەوە و دەنگی ناڕازیش لەئەستۆی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنە، پوچكردنەوەی ڕای گشتی و بەتاڵ كردنەوەی سیحری شەقام، نا ئومێدی و لاوازكردنی ئیرادەی خەڵك لەبەرامبەر ئەم دۆخە، لەئەستۆی ئەو سیاسەتە هەڵەو كاڵ و كرچانەیە كە ئۆپۆزسیۆن لەچەند ساڵی ڕابردوو بەرهەمی هێناون، خەڵك مافی خۆیەتی ڕەخنەو لۆمەی دەسەڵاتێكی وا بێ‌ باك بكات، مافی جەماوەرە بەتەنگ بژێوی خۆی و خێزانیەوە بێت‌و لە كەمیی خزمەتگوزارییەكان بەدەنگی بەرز ڕەخنەبگرێت، مافی خۆیەتی بڕژێتە سەرشەقام، بەڵام ناكرێت و ڕووینەداوە دەسەڵات تۆمەتبار بكەیت بەوەی كە تواناو وزە نابەخشێتە هێزە نەیارو ئۆپۆزسیۆنەكانی خۆی.

 

كاتێك هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن ئامادەسازییان نییە بۆ گۆڕینی دۆخەكە و نایەنەوێت بەئەركی خۆیان هەستن، كاتێك ناتوانن خاوەن پڕۆژەیەكی هاوبەش بن بۆ كۆكردنەوەی هێزی ناڕازی و یەكخستن و ڕێكخستنی خۆیان لەگەڵ دەنگی شەقام، كاتێك پشت ئەكەنە هەموو پڕۆژەیەكی پێكەوەیی هەر یەك دەیەوێت خۆی سەرچۆپی بگرێت، كاتێك كێبەركێیان بۆ ئەوەیە لەحەوشەی ماڵی ئۆپۆزسیۆن هەر خۆیان یەكەم بن و دەشزانن بەتەنها ئەركە گەورەكەیان بۆ ڕاناپەڕێت، ئیتر لێرەوە بەرپرسیارێتی خراپی دۆخەكە و تێنەپەڕاندنی ئەم چەقبەستنە بەڕادەو نیسبەتی جیاواز لەنێوان ئۆپۆزسیۆن‌و دەسەڵات دابەش دەبێت.

 

بۆیە ئەگەر پێشتر تەوژمێكی بەهێزی ناڕازی هەبوو بێت بۆ بەرەو ڕووبوونەوەی دەسەڵات، تەوژمێكی تری ڕەخنەیی و ناڕازیش پێویستە بۆ بەرەو ڕووبوونەوەی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن، چونكە ئەم جۆرە لە ئۆپۆزسیۆن نەك دەسەڵات لاواز ناكات و دۆخەكە ناگۆڕێت، بەڵكو بۆخۆی ڕێگرییە لەگۆڕانكاری و هێز دەبەخشێتە مانەوەی دەسەڵات، بەتایبەت ئەو دەنگ و ڕێگریانەی كە دەیانەوێت لەژێر پەردەی ئۆپۆزسیۆن بووندا خزمەتی دەسەڵات بكەن و دەیانەوێت دۆخەكە بەمحاڵەیەوە لەلای خەڵك قبوڵ بكرێت، خەڵك مافی خۆیەتی لەمەودوا بۆ بەدەستهێنانی داخوازییەكانی بیر لەمیكانیزمی جیاواز بكاتەوە چیتر هەموو هێلكەكانی خۆی نەخاتە سەبەتەی ئۆپۆزسیۆنێكەوە كە بۆخۆی توشی چەقبەستن بووە و بووەتە بەشێك لەو هۆكارانەی كە دەسەڵات بەم حاڵەیەوە لەسەر كورسی دەسەڵات ئەهێڵێتەوە.