پارتی؛ براوەی هەمیشە دۆڕاو

31-07-2018 04:11

 

پارتی؛ براوەی هەمیشە دۆڕاو

(1)

 

سەرباری هەموو ئەو قسانەی كە لایەنەكانی ڕكابەری پارتی لەسەر ئەو حزبە دەیكەن، دەركەوت هێشتا پارتی سیستەماتیكترین ڕێكخراوی سیاسیی كوردستانە و توانی لە عەرزی چەند ڕۆژێكدا، بێ هیچ قڕەوبڕەیەك نەك هەر سەرۆكی لیست دیاری بكات، بگرە پێش وادەی درێژكراوەی كۆمیسیۆن ناوی هەر 100 بەربژێرەكەی یەكلابكاتەوە. چەند هۆكارێك پاڵنەر بوون بۆ ئەوەی وادەی پێشكەشكردنی ناوی بەربژێری قەوارە و هاوپەیمانییەكان بۆ حزبەكانی سلێمانی بە یەكێتیشەوە، درێژ بكرێتەوە. یەكەمیان، چاوەڕێی ئەوە بوون كە داخوا پارتی پێكهاتەی لیستەكەی چۆن دەبێ تا بەپێی ئەوە سەرۆك لیست و بەربژێرەكان دیاری بكەن. دووەمیان، ئومێدێكیان بەوە بوو كە بتوانن هەڵبژاردن دوابخەن. سێیەمیان، باری ناوخۆیی هەموویان شڵەژاو بوو. چوارەمیان، هەموویان لەوە نائومێد بوون كە هەڵبژاردنی مانگی مایسی بەغدا بتوانێ ببێتە فاكتەرێك بۆ دیزاینی سیاسەتی ناوخۆیی و، سووربوونی پارتی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا، هەموو ئەگەرەكانی بەتاڵ كردەوە.

 

ئینجا لەگەڵ هەموو ئەو فاكتەرانەدا و ئەو ماڵوێرانییە سیاسییەی كە ڕكابەرەكانی پارتی بەدەستییەوە دەناڵێنن، كاتێك پارتی لەگەڵ ئەو هێزانەدا دەچێتە نێو ململانێی هەڵبژاردنەوە، ڕاستە دۆڕاو نییە، بەڵام ناشیباتەوە. پارتی بە ڕواڵەت براوەی هەڵبژادنەكانە، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە سەركەوتنی پارتی نییە بەقەدەر ئەوەی دۆڕانی ڕكابەرەكانیەتی. پارتی دەتوانێ ئەمجارەیان براوە بێ، لیستەكەی بە پێچەوانەی ئەوانی دیكە لیستێكی دینامیكی، گەنج و تا ڕاددەیەك ناسراون، شانسی زیاتریان داوە بە گەنجان و پەرلەمانیان هێناوەتە ئەو ئاستەی كە بزووتنەوەی گۆڕان مەبەستی بوو. هەموویان توانای مێزكوتان، دەبە وەشاندن و شەڕەبۆكسیان هەیە، خۆ ئەگەر بە ژمارەش بتوانێ پارتی ئەمجارە تەجاوەزی 38 كورسییەكەی بكات و بیگەیەنێتە 45 كورسی، ئەوا وێناكردنی نەخشەی سیاسیی وڵات هەر لەژێر دەستی خۆیدا دەمێنێتەوە. بەربژێرەكانی قەت بەقەدەر ئێستا شانسیان نەبووە و نابێ؛ لەلایەك سەرۆكی حزبەكەیان سەركردایەتی شەڕی دڕەندەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی كردووە لە جیهاندا و بە ڕیفراندۆم خەونی سەد ساڵەی میللەتێكی كردووە بە ڕاستی و، جێگری سەرۆكی حزبەكەیان وڵاتێكی لەسەر لێواری ئیفلاس و لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، گەیاندەوە ئەم ئاستەی ئێستا. بۆیە ئەگەر ئەمجارە پارتی بە ئەنجامەكانی چوار ساڵ پێش ئێستا لە هەڵبژاردن بێتە دەرەوە، دۆڕاوە.

 

قاف قاف

(2)

 

هیچیەك لە كوڕەكانی كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی نەچوونە بنباری ئەوەی ببنە سەرۆكی لیستی یەكێتی نیشتمانی یان لانیكەم كاندید بن بۆ ئەو پۆستە. بەوەش رێگەیان بۆ (قوباد تاڵەبانی و لاهور تاڵەبانی) تەخت كرد كە لەو دووە یەكیان ببێتە كاندیدی سەرۆكی لیستی یەكێتی. بنەماڵەی دەستڕۆیشتووی ناو یەكێتی یارییەكی زیرەكانەی كرد، ئەڵبەتە كۆسرەت ڕەسوڵیش دوای ئەوەی كە كوڕەكانی ئامادەنەبوون ئەو بەرپرسیارێتییە وەربگرن، لەبەر هەندێك حیساباتی ناوخۆیی یەكێتی، لانیكەم حەزی نەدەكرد كەسێكی ئەو ماڵباتە سەرۆكایەتی لیستی یەكێتی بكات. بۆیە جارێكی دیكە ناوی قادر حەمەجان هاتەوە ناوناوان (گوایە لەبەرئەوەی بنەماڵەكە حەساسیەتیان بەناوەكەی نابێ).

 

ئەوە جاری دووەمە كە قافێك جێگەی قافێكی دیكە دەگرێتەوە. لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمیشدا، بەهەموو پێوەر و پڕەنسیپێكی ناوخۆی یەكێتی بووایە، دەبوو كەسێك كە پلەكەی لە ئاستی مەكتەبی سیاسی كەمتر نەبێ، بكرێتە جێگری سەرۆكی حكومەت. بەڵام ئەوكاتیش هەردوو جێگرەكەی تاڵەبانی (كۆسرەت ڕەسوڵ و بەرهەم ساڵح) سەرباری ئەوەی كە دەیانزانی ئەوە پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتییە، سەرۆك بارزانیش دژی بوو، بەڵام بەسەر مەكتەب سیاسیی یەكێتیدا بازیاندا و قەناعەتیشیان بە بارزانی كرد. قادر حەمەجانیش كە بەهێزترین كاندیدی وەرگرتنی ئەو پۆستە بوو، وەلانرا و قوباد تاڵەبانی كرایە جێگری سەرۆكی حكومەت. ئەڵبەتە ئەوە جاری یەكەم نییە كە ئەو بنەماڵەیە ئەو جۆرە یارییانە بۆ پۆست و كورسی دەكەن. ئەوان هەمان شتیشیان لە دژی دكتۆر بەرهەم كرد (سەرباری ئەوەی گوایە بەڵێنیان پێدابوو كە پۆستی سەرۆكایەتیی كۆمار لە بەغدا بۆ ئەوە) لەو پڕۆسەیەدا دوو كاندیدی دیكەیان لێ قوت كردەوە. ئەمجارەش هەمان بەزمیان نایەوە تا قوباد بێ ڕكابەر و، بە كۆكردنەوەی زۆرترین دەنگ بۆ یەكێتی، ببێتە وارس و میراتگری هەردوو بەرەباب. پاشەكشەیان بە قادر حەمەجان كرد، لاهوریان ناردە دەرەوە و قوبادیان خستە بەردەم ئەرسەلان بایز و بەوەش قوباد سەركەوت.

 

لێرە بەدواوە كەس ناتوانێ گلەیی لە پارتی بكات كە بۆچی مامەڵە لەگەڵ ئەو ماڵباتەدا دەكات، ئەوە ئەمری واقیعێكە كە خۆیان دروستكەرین نەك پارتی.

 

لە هەولێر چ قەوما؟

(3)

 

هەموو ئەو گومان و تۆمەتانە، لەدوای ڕووداوەكەی 23ی تەمموز كە باڵاخانەی پارێزگای هەولێر لەلایەن سێ هەرزەكاری توندڕەو یان هەڵخەڵەتێنراوەوە بە نەعل و دوو دەمانچەی باوكەكانیانەوە كران و دەكرێن، قابیلی قەبوڵن. دەشێ تیرۆریست و سەر بە داعش بووبن یان ئامانجێكی دیكەیان هەبووبێ. بەڵام بێ پرسیاركردن لەوەی كە ئەو سێ هەرزەكارە چۆن ئاوا بە یارمەتیی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و لێدوانی بەرپرسە ئەمنییەكان شكۆی پایتەختیان شكاند، جۆری مامەڵەی دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس، سەرباری ئەوەی كە هەر لە یەكەم ساتەوە ناسنامەكانیشیان لای ئەوان ئاشكرابوو (كە لەوەیاندا دەبێ ئێف بی ئای بێت دەرسیان لێ وەربگرێ)، دەشیانزانی پشتێنەی بۆمبڕێژكراویان پێ نییە و بارمتەگیرییەكەشیان لە بینایەكی چۆڵدا كۆتایی هاتبوو، بۆچی بیریان لەوە نەكردەوە كە نەك بەچەكی سووك، بگرە بە چەكی قورسیش نەیانكوژن؟ ئەوەندە زەحمەت بوو كە لەجیاتی ئەوەی بیانكوژن و هەموو بەڵگەكان ون بكەن، بە برینداریش بێت لەو باڵاخانەیە دەریانبێنن؟ سێ منداڵتان كوشت!