بایكۆت یان ڕێگەیەكی تر

04-08-2018 02:11

 

ناسری ڕەزازی هونەرمەند، بۆ بایكۆت "داكێڵ" بەكاردێنێت، داكێڵ وشەیەكی زۆر جوانی موكریانەو بۆ یاخی بوونی گا بەكاردێت، نەیكرد نایكا، ئەها كە پاسداری ئێرانی وتی نەمیشە یانی نەمیشە، داكێڵ زۆر جوانترە لە بایكۆت هیوادارم میدیا ئیدی ئەو وشەیە بەكاربێنن.

 

بۆ بەشداری هەڵبژاردن، مقۆ مقۆیەك دروست بووە لەسەر نەچوون و داكێڵكردن، جارێ‌ هێشتا ڕوون نیە هەڵبژاردن 30 -9 دەكرێت یان دەڕواتە مانگی 12 یاخود ساڵی دادێ‌، ئێستا ئەوەی لە هەمووان زیاتر دەڵێ‌ دەبێ‌ 30 -9 بەڕێوەبچێت لە ژێرەوە هەوڵی دواخستنی دەدات، گریمان لە 30-9 بەڕێوەچوو ئایە داكێڵ چارەسەرە، ئایە نەچوون و بەشداری نەكردن لە سودی ستەمكاری و نادادی نیە، بەشداری نەكردن بارودۆخەكە وەك خۆی ناهێڵێتەوەو هەر لە بازنەی بۆشدا ناسوڕێینەوە، ئاخۆ بەشداری بكرێت یان نا، بەشداری نەكردن سودەكانی چین كەس ئەوەی لێكداوەتەوە، كەس دەتوانێ‌ بڵێ‌ دەسكەوتی بەشداری نەكردن بریتیە لەم خاڵانەو قازانجی بۆ كوردو پڕۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان هەیە، لە ڕاستیدا بەشداری كردن هیچ نەبێت نیشانەی ململانێ‌ و بەردەوامی و ملنەدانە، لە بەشداری كردنا ئومێد هەیە نەك بەشداری نەكردن.

 

جگە لە داكێڵ و نەچوون دەیان ڕێگەی تر هەیە، لانیكەم خۆپیشاندان، داوای گۆڕانكاری، تا دەگاتە شۆڕشی سپی، گۆڕینی نادادی و ستەم بە داكێڵ نابێ،‌ داكێڵ خۆ بە دەستەوە دانە، عەرەبەكان دەڵێن بێدەنگی نیشانەی ڕەزامەندیە، جا خۆ داكێڵ جۆرێكە لە بێدەنگی، مادام ئێمە داوای دادگەری و یەكسانی و دەستاو دەستكردنی دەسەڵات دەكەین، نابێ‌ بیر لە داكێڵ بكەینەوە، خۆ مانگرتن لە بەردەم پەرلەمان و داوای دانانی دەستورو پارلەمانێكی كارا و بگۆڕ زۆر لە داكێڵ باشترە، كورسیەكان بە 20%ی دەنگدەرانیش پڕ دەكرێتەوە، وەك چۆن لە هەموو دنیادا بەو جۆرەیە كەواتە داكێڵ هەڵەیەكی كوشندەیەو بیر لە ڕێ‌ و شوێنی دیكە بكرێتەوە باشترە.