چارەنووسی ئێران بەرەو كوێ؟

06-08-2018 07:10

 

جارێكی تر ئەمەریكا سزای ئابوری خستەوە سەر ئێران، بەئومێدی ئەوەی ئەم سزایە ببێتەهۆی لاوازی دەسەڵات‌و لە ناوخۆدا گۆڕانكاری بكرێت، بەڵام ترسیشیان هەیە لەگەڵ ڕوخانی ڕژێم شەڕی ناوخۆ، خراپتر لەوەی سوریا، بەرۆكی ئێران بگرێت.

 

زۆرینەی كۆنگرێس بۆچونیان وایە ئەبێت وانەیەك لە عێراق‌و ئەفغانستانەوە وەربگرن، بڕیاری هەڵەشەو پەلە نەدرێت، هاوشێوەی ئەم دوو وڵاتە كە ملیاران دۆلارو هەزار سەربازی كردۆتە قوربانی.

 

خەڵكێكی زۆری ڕۆژهەڵاتیش پێیوایە ئەمەریكا و سعودیە و ئیسرائیل دێن گۆڕانكاری لەئێراندا دەكەن! ئەوەی ئێستا باس دەكرێت، تەنها هەڵمەتێكی ڕاگەیاندنی میدیاكانی جیهانەو گەمەیەكی تری گەمارۆی ئابورییە بۆ هێنانی ئێرانیەكان بەلاوازی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و هیچیتر.

 

ئەمەریكا هەمان سیناریۆی عێراق دووبارە ناكاتەوەو هیچ شتێك بەرامبەر ئێران ناكات، وەك كردنەوەی بەرەی شەڕ یان لێدانی دوور هاوێژ.

 

تەنها دوو كەسایەتی لۆبی بۆ ئەو دروشمەی ڕوخانی ئێران ئەكەن‌و ئومێدیان لەسەر موجاهیدینی خەڵق هەڵچنیوە، ئەویش "جولیانی" و "پەمپیۆ"ن، پێیانوایە ئاسانە، بەڵام ئیدارەدانی دوای گۆڕینەكەی ڕژێم سەختەو لەدەست دەردەچێت وەك عێراق.

 

ئەمەریكا تەنها سزاكان زیاتر دەكات، بەهەمان شێوەی كۆریا، تا ئێران دەستبەردار دەبێت، كۆنگرێسی ئەمەریكی پێیوایە سزاكان وا دەكات ئێرانیەكان بیرێك لەخۆیان بكەنەوەو زیاتر هەوڵی گۆڕانكاری لەناوخۆدا بدەن.

 

ئەمجارە هەموو ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی داوای پارەیان كردبوو، جیاواز لەئیدارەكانی پێشوو، ترەمپ ئامادە نییە سەنتێك لە گۆڕانكاری ئێراندا سەرف بكات وەك چۆن لە ڕابردوودا ئۆپۆزسیۆنی عێراقی 100 ملیۆن دۆلاری وەرگرت‌و ئەوەی بە ئەمەریكییەكانیان وتبوو درۆ دەرچوو، كە لادانی سەدامەو دوای هەفتەیەك هەموو شتێك ئاسایی دەبێتەوە.

 

ترەمپ نایەوێت ئەم دوو ساڵە هیچ بەرەیەكی شەڕ بكاتەوەو ببێت بەكارتێكی دۆڕاو لە هەڵبژاردنەكانی نیوەی كۆتایی بەڕێوەیە، كە كورسییەكی زۆر لە دەست ئەدات لە كۆنگرێس بەرامبەر دیموكراتەكان، پلانی چوار ساڵی داهاتووی هەیە دوای كۆتایی تێرمی یەكەمی سەرۆكایەتی.

 

هەر وەك چۆن لە عێراقدا حزبێك نیە نوێنەرایەتی تەواوی عێراقییەكان بكات لە ئێرانیشدا بەهەمان شێوە، هیچ یەكێك لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان نوێنەرایەتی سەرتاسەری ئێرانییەكان ناكەن‌و زۆر لە ئێمە پەرتەوازەترن.

 

ئەمەریكا چاوەڕێیە خەڵكی ئێران گۆڕانكاری بكات‌و ئەوان دەست خۆشییان لێ بكەن، ئەوەش ئاسان نیە، چونكە زۆرینەی خەڵكی ئێران هێشتا هەر ئەو جۆرەی حوكمڕانیان قبوڵە، ترسیان هەیە ئەوەی دێت لەمەی ئێستا خراپتربێت، لەسەردەمی كۆتایی ئیمپراتۆڕی قاجار و هێنانی پەهلەوی و مەلاكانیش، هەڵبژاردەی خۆیانە، هەر خۆشیان ئەبێت هەوڵی ئەو گۆڕانكارییە بدەن.