خاڵیبوونەوە لە سیاسەت

12-08-2018 04:28

 

دەنگی پارتی و یەكێتی + (تەزویری پارتی و یەكێتی) = مانەوەی دۆخەكە وەكو خۆی = بێكاریگەركردنی هەڵبژاردن = بە دیكۆركردنی موعارەزە = بە كارتۆن كردنی پەرلەمان = گاڵتەكردن بە دەنگی خەڵك = لێدان لە دیموكراسی = بەتاڵكردنەوەی وزەی گۆانكاری لە نەگۆڕاندا.

 

تۆ كە ناتوانی دەسكاری كەوانەكە بكەیت، ئیتر ناشتوانی دەسكاری هاوكێشەكە بكەیت. بە وجودی كەوانەكەش هاوكێشەكە ئەبێت بە هێزی نەگۆڕان. تۆش بۆ ئەوەی نەبیت بە بەشێك لە وزەی نەگۆڕان، ئەبێ لە هاوكێشەكە بێیتە دەرەوە.

 

لەو هاوكێشەیەدا دەنگ بە هەركەس بدەی هەر یاوتە بە پارتی و یەكێتی، چونكە ئیتر تۆ لە وێنەی بچوكدا ململانێ لەگەڵ پارتی و یەكێتی ئەكەیت، لەكاتێكا شتەكە لە وێنە گەورەكەدا هی ئەوانە!

 

فەزای سیاسی ئەبێ كراوەبێت، كە داخرا ئەبێ بە سجنی سیاسی، كە بووبە سجن ئیتر هەموو كارەكان پلە دوون، لەگەڵ سجنا كاری پلە یەك تەنیا هاتنە دەرەوەیە.

 

هەڵبژاردن ئێستا فەزایەكی داخراوە، چونكە ئەگەرێك نەماوە كە لەوسەرەوە ئیرادەی دیموكراسی بڕیاری لێبدا. شتەكە پێشوەخت و لەمسەرەوە ئیرادەی نادیموكراسی لەبەرژەوەندی خۆی یەكلای كردۆتەوە.

 

دەی لەگەڵ ئەم سجنە سیاسییەدا، كاری دروست تەنیا هاتنە دەرەوەو بایكۆت و خەباتی ناپەرلەمانییە.

 

خولانەوە لەناو بازنەدا تەنیا گێژت ئەكاو دواتریش ئەتخات. دەی بۆ ئەوەی نەكەویت ئەبێ ئەو وزەیەی لە خولانەوەدا خەساری ئەكەیت، لە هاتنە دەرەوەدا بەكاری بێنیت. لەناو بازنەدا خولانەوە جوڵە نیە، وەستان جوڵەیە!

 

هاوكێشەیەك كە بووبە بەرد ئیتر نابێ سەری پیاكێشیت، چونكە سەری تۆ بەرد ناشكێنێ، بەڵام بەرد سەری تۆ ئەشكێنێ. هاوكێشە كە بووبە بەرد ئیتر ئەبێ سەری لێلادەیت و بەو سەرە هاوكێشەیەكی تر دروست بكەیت.

 

جا یەكجار لەوە تێبگەو ئیتر هەموو پۆستێك بۆم مەنوسە بایكۆت لە قازانجی پارتی و یەكێتییەو دەنگیان زیاد ئەكا.. كاكە با زیاد بكاو هەر هەمووی بۆ ئەوان بێت، چونكە واش نەبێت لە شتی بچوكا وانیە، لە شتی گەورەو لە كۆی گشتیدا وایەو هەر بۆ ئەوانە.
كێشەكە ئەوەیە هەڵبژاردن جەدوای سیاسی نەماوە!

 

هێزەكانی موعارەزە وەكو بەدیلی ئیفلاس سەیری هەڵبژاردن ئەكەن نەك وەكو ئەكتی سیاسی.

 

تاكیش وەكو كرم سەیری هەڵبژاردن ئەكات، نەك وەكو ئاگایی سیاسی.

 

یەعنی هێزەكان بۆیە هەڵبژاردن ئەكەن بۆ ئەوەی سیاسەت نەكەن. "كردنی شتێكیش لەپێناو هیچ نەكردن" وزەیەكی پاسیڤەو ناتوانێ دەسكاری دونیا بكات.

 

خەڵكێكیش هەیە كرمی دەنگدانی هەیەو ئەبێ زوو زوو بیمرێنێ، لێرەشدا ئەسڵەن شتەكە بۆ دەسكاری دونیایەك نیە، بۆ دەسكاری كرمێكە.

 

دەی ئیتر ئێمە پێویستمان بە یاخیبوونێكە لە هەڵبژاردن، لەپێناو سیاسەت كردن. چونكە هەڵبژاردن بووە بە مەكینەی خاڵیكردنەوەمان لە سیاسەت. سیاسەت بە مانای دەسكاریكردنی دونیا.