كێشەكانی ئەمەریكاو توركیا؛ ئەنجەرلیك وەك دەستپێك

15-08-2018 08:35

 

ئەمەریكا لە ستراتیژدا سیفاتی جاڵجاڵۆكەی هەیە، سەرەتا "تەون"ەكە دروست دەكات، بەس پەلەی نییە كەی نێچیرەكە دەكەوێتە ئەو تەونەوە. پێش ئەوەی گۆڕانكاری لە ئێران بكرێت، ئەبێت توركیا گۆڕابێت، ڕێگای گۆڕانكاری لە ئێران بەتوركیادا تێپەڕدەبێت، پلانی A توركیایە و پلانی B ئێران، هەمووشی كەوتۆتە سەر سازشی توركیا‌و ملدان بۆ داواكارییەكانی ئەمەریكا.

 

ڕێگەگرتن لەبەكارهێانی بنكەی "ئەنجەرلیك" لەلایەن ئەمەریكاوە، بۆ لێدانی سەدام، سەرەتای دووركەوتنەوەی ئەو دوو وڵاتە بوو.

 

لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراق، ئەمەریكا گروپێك كۆنتراكتەری توركی دەستگیركرد، تورەكەی كردە سەریان، لە ڕێگای ئیبراهیم خەلیلەوە دیپۆرتی كردنەوە.

 

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، توركیا لە ڕێگای گروپێك پارێزەرەوە جارێكی تر هەوڵی دەستگیركردنی كۆمەڵێك ئەفسەری ئەمەریكی، لەبنكەی ئەنجەرلیكدا، بەتۆمەتی پشتگیری تیرۆر، هەروەها داوا دەكەن ئەمەریكا كەلوپەلە سەربازیەكانی بگوازێتەوە.

 

لە سەرەتای پڕۆسەی ڕوخانی سەدامەوە، ئەمەریكا بەردەوام ڕێگەی داوە توركیا سەركێشی بكات لە عێراق و ناوچەكە، بەس ئیتر گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی كە ئەوەی ڕێگرە لەبەردەم پلان و ستراتیژی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە، توركیایە.

 

كێشەكانی توركیاو ئەمەریكا، بریتین لە:

٭ دروستكردنی كێشە، بۆ پلان و ستراتیژی ئەمەریكا لە ناوچەكە.

٭ گەمارۆكانی سەر ئێران، كە نیوەی نەوتی ئێران لە ڕێگای توركیاوە دەڕوات‌و كاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری توركیا دەبێت.

٭ گومانی ئەردۆغان لە بێدەنگی ئەمەریكا، بەرامبەر كودەتاكەی ٢٠١٦.

٭ نزیكبوونەوەی توركیا لە ڕوسیا.

٭ ڕادەست نە كردنەوەی فەتحوڵا گولەن لەلایەن ئەمەریكاوە بە توركیا.

٭ كێشەی ئیسرائیل‌و فەڵەستین.

٭ پشتگیری كورد لە سوریا، لەلایەن ئەمەریكاوە.

٭ دەستگیركردنی قەشە ئەمەریكییەكە.

٭ لێكۆڵینەوە لە جموجۆڵی بانكی توركی، لەلایەن ئەمەریكاوە‌و تاوانباركردنیان بەپێشێلی هاوكاری ئێران‌و گوێنەدان بەگەمارۆكان.

 

مەرجی ترەمپ ئەوەیە، تا قەشەكە ئازاد نەكرێت، ئەمەریكا كارت لەدوای كارت بەكاریدەهێنێت، كە زەحمەتە توركیا بەرەگەیان بگرێت.

 

توركیا لەناوخۆدا لە ڕووی سیاسەوە پەرتەوازەیەو كێشەیەكی زۆری هەیە، پارەیەكی زۆر قەرزدارە كە بۆ وەبەرهێنان وەریگرتووە، بەم شێوەیە گرژیەكان بەردەوام بێت، ناتوانێت بەئاسانی ئەو قەرزانە بداتەوە، وا سەرقاڵ دەكرێت ئیتر ناتوانێت بەردەوامی بە جموجوڵەكانی بدات لە سوریا و عێراقدا، دواتر ئێستا دوژمنەكانی توركیا لە دۆستەكانی زۆرترن؛ میسر ، سعودیە، یۆنان، ئیسرائیل، بەشێك لەوڵاتانی ئەوروپا. كە هەموویان هاوپەیمانی بەهێزی ئەمەریكان.

 

تازە زەحمەتە پەیوەندی ئەمەریكا و توركیا بگەڕێتەوە دۆخی جاران، كێشەكان زۆرن، ئاسان چارەسەرنابن، بەڵام دوو ڕێگای هەیە؛ یەكەم، توركیا ئابورییەكەی لاگرنگەو داواكاریەكانی ئەمەریكا جێبەجێدەكات‌و نابێتە كێشە بۆ بەردەم ستراتیژی ئەمەریكا لە ناوچەكە.

 

دووەم، یان ئابوری خۆی لاگرنگ نیە و قۆچ گیردەكات لەقۆچی ئەمەریكا، ئەوەش بەزیانی خۆی تەواو دەبێت‌و خۆزگە بەسوریا دەخوازێت.

 

دواجار دەبێت توركیا خۆی ساغبكاتەوە، یان بەرەی ڕوسیا یان ئەمەریكا، پاڵدان بە بەرەی ڕوسیاوە، واتا چارەسەرنەكردنی تەواوی ئەو جیاوازیانەی سەرەوەو وێرانكردنی تەواوی ئابوری توركیا‌و كۆتایی ئەردۆغان.