خۆكوشتنی ئۆپۆزسیۆن

18-08-2018 01:39

 

لەساڵی 2009و دوای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان، ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەی پەرلەمانی لەدایك بوو، ئۆپۆزسیۆنێك جوڵەی بە حزبایەتی و سیاسەت بەخشییەوە. كومەڵی ئیسلامی و یەكگرتوی ئیسلامیش خەتی ئۆپۆزسیۆن بوونیان تۆختر كرد. ئۆپۆزسیۆن لە چوار ساڵی یەكەمیدا تەنگی بەم دەسەڵاتە هەڵچنی بوو، تەنانەت هێزێكی وەك گۆڕان لەساڵی 2011 توانی بڵێت دەبێت ئەم دەسەڵاتە بڕوخێت. بەڵام چوار ساڵی ڕابردوو كە دەسەڵات توانیی ئۆپۆزسیۆن كێشبكات بۆ ناو دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆنی لە هێزێكی عەجولەوە بەرەو هێزێكی ئارام برد. بەشداریكردنی ئۆپۆزسیۆن لە كابینەی حكومەت لە دوای هەڵبژاردنی 2014 جۆرێك بوو لە ژەهر خواردنەوە بەتایبەتیش بۆ بزووتنەوەی گۆڕان.

 

ئۆپۆزسیۆن نەیتوانی لەڕووی سۆسیۆ سیاسییەوە دەسەڵات بخوێنێتەوە، نادیموكراسی و ستەمكاری دەسەڵات ڕەگێكی كولتووری هەیە، چەك و پارەش پاسەوانی ئەم كولتوورەی دەسەڵاتن، گۆڕانكاریش لەم خۆسەپاندنە كولتوورییە سیاسییەدا پشو درێژی دەوێت. بەڵام ئۆپۆزسیۆن چووە ناو دەسەڵات و فەشەلی هێنا، چونكە جارێ زوو بوو بۆ چوونە ناو دەسەڵاتی جووت حزبی خۆسەپێن و گەندەڵ.

 

كێشەیەكی تری گەورەی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی گۆڕان، هەڵگرتنی ئومێدی گەورەبوو، ناكرێت بە گوتاری پۆپۆلیستی ئومێدو گۆڕانی گەورەو گشتگیر هەڵبگری. بزووتنەوەی گۆڕان ئومێدی گۆڕانكاری گشتی هەڵگرتوو شەڕی ئەم دەسەڵاتەی كرد، بۆیە دەنگدەرانی لەسەرەتاوە بەگەرمی لەگەڵیدابوون، بەڵام نەخوێندنەوەی سۆسیۆسیاسی ئۆپۆزسیۆنی لاوازكرد. ئۆپۆزسیۆن لە جیاتی ڕۆمانسیەتی شۆڕشگێڕانەو گوتاری پۆپۆلیستی‌و ئومێدی گۆڕانكاری گەورە، دەبوو بڵێت من دەتوانم سەدا سی گۆڕانكاری بكەم لەماوەی چوارساڵدا، نەك بێت و بڵێ دەسەڵات دەڕوخێنم و بەهەشت دروستدەكەم.

 

ئەم جۆرە ئومێدە گەورانەبوون ئەم بێئومێدیەی ئەمڕۆیان دروستكرد. دوای دوو هەڵبژاردن گۆڕانكاری گەورە ڕووینەداو دەنگدەرانیش بێزاربوون. هەڵگرتنی ئومێدی گەورەو گشتگیر ترسناكەو دەنگدەری بەپەلە دروستدەكات. دەبێت دیفاكتۆ سۆسیۆلۆجی و سیاسیەكان بخوێندرێنەوە نەك گوتاری ڕۆمانسیەتی سیاسیی كاربكات.

 

ئێستاش بەرەی ئۆپۆزسیۆن كە بریتین لە گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی و هاوپەیمانی دیموكراسی، دوای هەڵبژاردنە ساختەكارییەكە ئامادەن دەرگا بۆ دەسەڵات بكەنەوە. بەناوی گوتاریی یەكڕیزی نیشتیمانیەوە دەیانەوێت شكستەكانیان بشارنەوە. یەكڕیزییەكی دیماگۆگیانەی دەسەڵات كە بەردەوام لەپاڵ هەستی ناسیۆنالیزمییەوە جووت حزبی دەسەڵاتی قەڵەوترو ستەمكارتر كردووە. كارەساتە چوار لایەنەكە بچنەوە یەكڕیزی نیشتیمانی، ئەوپەڕی بێ پلانیەو كۆتایی ئۆپۆزسیۆنە. كەی یەكڕیزی نیشیمانی ژیانی خەڵكی خۆشكردووە؟ بەشداریكردنی چوار لایەنەكە لە یەكڕیزیدا لەگەڵ دەسەڵات وەك خۆكوشتن وایە، خۆكوژییە بۆ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن كە شەو و ڕۆژ دژی ئەم دەسەڵاتە ڕەخنە دەگرن لە میدیا لاوازەكانیانەوە، بەڵام ئامادەن لەگەڵ دەسەڵات هەنگوینەكەی دەسەڵات بەشبكەنەوە! كارەساتە چوار حزب نەتوانن ببنە خاوەن پڕۆژەیەك و خۆیان كار بكەن! كارەساتە ئۆپۆزسیۆن پشتیوانی پڕۆژەكانی دەسەڵات بكاتەوە. ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە زللەیەكی بەهێز بۆ ئۆپۆزسیۆن تا بەهۆش بێتەوە، چونكە خەریكە تەواوی گوتارەكانی دەدۆڕێنێت.