پێكهێنانی "گەورەترین لیست" چۆن تەگەرەی تێكەوت؟

20-08-2018 02:01

 

پاش نزیكەی 100 ڕۆژ لەمشتومڕو تانەو لێپێچینەوە لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی 12 ئایار، دادگای فیدراڵی لەژێر گوشارو لەپاش تەنها دوو ڕۆژ ئەنجامە كۆتاییەكانی لە ڕۆژی عارفەی بچوكدا پەسەند كرد. هاوكات لەگەڵ ئەم هەنگاوە هەموو ئامادەكارییەك كرابوو بۆ ئەوەی ئەو لیستە شیعانەی لە ڕووی هەڵوێستی سیاسی و ئایدۆلۆژییەوە لەسەر هێڵی "مامناوەند" ئەژمارن، پێكەوە "گەورەترین لیست"ی پەرلەمانی لە ئوتێل بابل ڕابگەیەنن كە بریتین لە سائیرونی سەدر، نەسری عەبادی، حیكمەی حەكیم، وەتەنییەی عەلاوی.

 

بڕیاریش وابوو ئەم بەرەیە بببێتە چەتر بۆ كۆكردنەوەی هاو هەڵوێستەكانی لەناو كوردو سوننەو لەگەڵ لایەنی وەك نەوەی نوێ‌و لایەنیتری سوننیدا ڕێككەوتنی مەبدەئی كرابوو. ئەم هاوپەیمانێتییە پێشنیازكراوە جێگەی دەستخۆشی و ڕەزامەندی ئەمەریكییەكانە بەو پێیەی دوورە لە كوێخایەتی دۆستانی هەرە نزیكی ئێران، هەروەها بانگەشەی نیشتمانی بوون و تێپەڕاندنی تایفەگەریش دەكات.

 

بەڵام بەرەی ڕكابەر كە هادی عامری و نوری مالیكی سەروكاریی دەكەن و لە لیستەكانی فەتح و دەوڵەتی یاسا پێكدێن، نەیانهێشت سیناریۆكە وەك نەخشەی بۆ كێشرابوو بڕواتە پێش، ئەویش بەچەند ڕێگەیەك لەوانە؛ دورخستنەوەی پارتی و یەكێتی لە بەدەمەوەچوونی بانگهێشتی ئەو بەرەیە لە ڕێگەی پێدانی گفتی گەورەو گومان دەكرێت مەسەلەی كەركوك بێت، پەشیمانكردنەوەی سوننەكان لەوەی ببنە بەشێك لەو بەرەیە بەهەمان ئەو گفتانەی دراون بە پارتی و یەكێتی، لەمەش گرنگتر درزیان خستە ناو لیستی نەسری عەبادی و كاتژمێرێك بەر لەوەی هاوپەیمانێتییەكە لە ئوتێل بابل ڕابگەیەنرێت فالح فەیازو كۆمەڵێك لە سەركردەكانی نەسر بەیانێكی ناڕەزاییان بە تامی ئینشیقاق بڵاوكردەوە، قسەش هەیە عەبادی لەكۆی 42 كورسییەكەی تەنها 16ی بەدەستەوە مابێت.

 

ئەم ڕێگرییەش ئەگەر پلان و سیناریۆی ئێرانیی نەبێت ئەوە باوەڕ وەهایە تەباو كۆكە لەگەڵ خواستەكانی تاران، ئەویش ڕێگریكردنە لە كوێخایەتی ئەوانەی لانی كەم دۆستی نزیكی نین بەتایبەت لەم دۆخی گەمارۆ سەختانەی كە پێیدا گوزەر دەكات.

 

بەرەی ئوتێل بابل ڕازی نەبوون تەسلیم ببن و ڕاگەیاندنێكیان بڵاوكردەوە لەبارەی پێكهێنانی "ناوكی گەورەترین لیست"، بەرەی ڕكابەریش پەیتا پەیتا دەڵێن ژمارەكانی "گەورەترین لیست" مسۆگەر بووەو تەنها ڕاگەیاندنی ماوە.

 

لەم نێوانەشدا بەگەرمی قاسمی سلێمانی و برێت ماكگۆرك و سەفقاتی ژێربەژێرو نهێنی لەكاردان و هەموو ئەگەرێك چاوەڕوان دەكرێت. بەلای ئەمەریكییەكانەوە عامری ڤیتۆی لەسەرە، لای ئێرانییەكانیش عەبادی. چەك و هێز لای حەشدی شەعبییەو شەقام‌و خۆپیشاندانیش لای سائیرونی سەدر. لەم نێوانەشدا گەمەكەرەكان بۆ بژاردەیەكی مامناوەند دەگەڕێن لەسەر بنەمای نە شیش بسوتێت نە كەباب و لەكۆتایی ئەمەشدا هێشتا ڤیتۆ یان پەسەندكردنی نەجەف ماوە كە ئەگەر بیەوێت یارییەكە سەر لەبەر قڵپ دەكاتەوە، چونكە ئەویش داوای سەرۆك وەزیرانێكی "ئازاو جەستورو بەهێز دەكات"، بێئەوەی ناوی كەسی بردبێت.