خیانەت لە وێنە گەورەكەیدا

31-08-2018 02:55

 

(31ی ئاب و هاوشێوەكانی، لە شەڕی ناوخۆوە هاتوون، شەڕی ناخۆ لە حزبی چەكدارەوە هاتووە، حزبی چەكدار لە فیكرەی شۆڕشی چەكدارییەوە هاتووە، شۆڕشی چەكدارییش لە بڕوابوون بە توندوتیژییەوە هاتووە) ئەمە هەمووی یەك پاكێجەو خیانەتی عوزماش هەموو پاكێجەكەیە، نەك تەنیا بەشێكی.

 

عەمالەت لەو ساتەوە دەسپێئەكا كە چەك ئەكەینە شانمان، خیانەت لەو كاتەوە دەسپێئەكا كە شۆڕش هەڵئەگیرسێنین، ناپاكی سیاسیمان وا بەسەر نوكی شمشێرەوە!

 

چونكە بێ پشتیوانی ئەملاولا شۆڕشی چەكداری ناكرێت، بە حوكمی جوگرافیاش، ئێمە لە شۆڕشدا هەمیشە پشتمان بە یەكێ لەو چوارلایە بەستووە، كە هەر خۆمان پێیان ئەڵێین دوژمن!!

 

یەعنی لە ڕاستیدا، ئێمە لە چەكەوە یاخی نەبووین، ئێمە لە چەكەوە تەسلیمبووین. ئێمە لە شۆڕشەوە بەرگریمان دەست پێنەكردوە، ئێمە لە شۆڕشەوە جاشێتیمان دەستپێكردوە. ئێمە لە شەڕەوە نەبووین بە پارێزەری ماف، بووین بە فرۆشیارو هەڕاجكەری ماف!

 

ئاخر جاشەكان تەنیا ئەوانە نین كە چەكیان بۆ ڕژێمی (ئەلف) هەڵگرتووە دژی شۆڕش، بەڵكو شۆڕشگێڕەكانیش بە جۆرێك لە جۆرەكان چەكداری ڕژێمی (بێ) بوون و ئەوانیش بە دیوێكا هەر جاش بوون، ئەسڵەن ئەم جاشەی دووەمە كە هۆكارو پاڵنەری دروستبوونی جاشی یەكەمیشە!

 

شەڕەكانی ناوخۆ كە خیانەتی هەرە گەورەیە، كێ كردویەتی و ئەیكا؟ هەر حزبی چەكدار، هەر (پارتی و یەكێتی و پەكەكەو كۆمەڵەو دیموكرات..) هەر ئەوانە كە پێیان ئەڵێین پێشمەرگەو گەریلاو قارەمان و شۆڕشگێڕ!

 

شۆڕش شەرعەیەتی شۆڕشگێڕیت بۆ ئەهێنێ و شەرعیەتی شۆڕشگێڕیش عەبایەكە دزی و خیانەت و شەڕو پیاوكوشتن و تیرۆرو مافیایی و تاڵانی و هەموو شتێك دائەپۆشێ، هەموو شتێكی لە پاڵا ئەكرێ، جگە لە دیموكراسی!

 

تۆ ئەگەر بتەوێ ئەزموونێكی دیموكراسی دەستپێبكەیت، ئەبێ شەرعەیەتی شۆڕشگێڕی كۆتایی پێبێنیت. چەكی شۆڕشگێڕەكان ئەگەر نەكرێ بە چەكێكی نیزامی، ئەزمونێكی تری ستەمكاری دروست ئەكاتەوە نەك ئەزمونی ڕزگاری.

 

نەوشیروانیش بە حوكمی پاشخانە مەعریفییەكەی، پێش هەمووان عەقڵی بەمە ئەشكێ و ئەگەرچی خۆی قائیدی ڕاپەڕین و شۆڕش و شەڕو شۆڕە، كەچی هەر لە یەكەم ڕۆژەكانی ڕاپەڕینەوە، دێ باسی هێزی نیزامی و حكومەتی دامەزراوەو كۆتایی هێنان بە شەڕعیەتی شۆڕشگێڕی ئەكات. (هەر ئەوەی كە ئەڵێ من بەو هەموو مواسەفاتەوە لە خۆم ڕانابینم ببم بە محافزی سلێمانی..)

 

ئەتوانین بڵێین ئەو پیاوە تاكە سەركردەی دیموكراسی ئێمەیە، چونكە لە مەترسی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی تێگەیشتووە!

 

ئەگەرچی كەس شەرعیەتی شۆڕشی بەقەت ئەو نیە، كەچی نەك لەسەر ئەو وەتەرە یاری ناكات، بەڵكو هەر لە سەرەتاوە ئەیەوێ ئەو وەتەرە بپچڕێنێ، چونكە ئەزانێ وەتەری خیانەت و ستەمكاریشە!

 

كاتێ ئاپۆش لە پڕۆسەی ئاشیتیدا داوای چەكدانان لە قەندیل ئەكات، لەڕاستییا داوای تەسلیمبوونیان لێناكات، بەڵكو ئەیەوێ تەسلیمبوون كۆتایی پێبێنێت!

 

چونكە لە وێنە گەورەكەداو لە نەتیجەدا، چەك هەمیشە فاكتەری تەسلیمبوونمانە نەك یاخیبوونمان.

 

ئەمەوێ بڵێم ئێمە لەگەڵ چەكا كەسایەتییەكی تێكشكاومان هەیە، كە مەشروعی خیانەت و عەمالەت و جاشێتییە.

 

بۆ ئەوەی بگەین بە كەسایەتییەكی ترو پەروەردەیەكی تر، ئەبێ چەك لە شانمان و توندوتیژی لە عەقڵمان داكەنین.

 

ئێمە بە چەكەوە بمانەوێ و نەمانەوێ هەمیشە لەسەر هێڵی خیانەتین، تەنیا بە فڕێدانی چەك ئەتوانین بكەوینە سەر هێڵی نیشتمان.