هەڵبژاردن لە نێوان دیماگۆجیەتی حيزب و تیۆری ڕیالیزمی سیاسیدا

01-10-2018 01:38

 

لە زۆرێك لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و بەتایبەتیش لە هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردن وەك پڕۆسەیەكی دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگا، ئەركە ڕاستەقینەكەی خۆی لێسەنراوەتەوەو كراوە بە بەشێك لە جەبری سیاسەتی حیزب و دروشم و پاساوێك بۆ مانەوەو بە پێوە وەستانی حیزب.

 

حیزبی كوردی چەندە فاكتەرێك بووە بۆ خەبات لەپێناو ڕزگاری و ئازادی، زیاتر سەر ئێشەیەكی گەورەو هۆكارێكی مەترسیدار بووە بۆ لاوازكردن و لەبەریەك هەڵوەشانی ژێرخانی سیاسی و ئابوری ئەم هەرێمە، حیزب لەم هەرێمەی ئێمەدا لەبری ئاڕاستەكردنی تاكی كۆمەڵگا ڕووەو ئەركە یاسایی‌و سیاسی‌و نیشتمانیەكان‌و پابەندكردنی هاوڵاتیانی ئەم نیشتمانە بە بەرپرسیارێتیە ڕاستەقینەكانیان، لە ڕێگەی جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی هەڵبژاردن‌و دەستەبەركردنی ماف‌و پێداویستیەكانیان، كەچی دێت لەدەرەوەی پرسی گشتی‌و نیشتمانییەوە، ئەندامەكانیان و تەنانەت زۆرێك لە هاوڵاتیانیش ناچار دەكەن، پابەندی بەرژەوەندی و بنەما ئایدۆلۆجیەكانی حیزب بن.

 

یەكێك لە ئامانج‌و مەبەستە گرنگەكانی تیۆری ڕیالیزمی سیاسی، بەستنەوەی تاكە وەك كاراكتەرێكی گرنگی ناوكۆمەڵگا، بە پرسە گشتی و بەرپرسیارێتییە یاسایی و سیاسیەكانەوە، هەروەها بونیادنانی دەسەڵاتێكی كراوەو ئیدارەدانێكی یاسایی بەجۆرێك كە هەمووان لە بڕیاردان و بەشداریكردنی ڕاستەوخۆی ناوەندە ڕەسمی و دامەزراوە گرنگەكانی سیستمی سیاسیدا بەشداربن، لە بەرامبەردا حیزب بە عەقڵی خێڵ‌و بەگەوجاندنێكی بەرنامە بۆ داڕێژراوەوە، كار لەسەر هەڵوەشاندن‌و لاوازكردنی پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و پرسە نیشتمانی و بەرژەوەندییە باڵاكان دەكات‌و هاوڵاتی دەكاتە كاراكتەرێكی لاوازو بێ‌ ئیرادە.

 

یەكێكی تر لە دەركەوتەكانی حیزب، كۆنتڕۆڵكردن و بچوككردنەوەی ناوەندە مەعریفی و زانستی و پەروەردەییەكانە، ئاڕاستەی پڕۆسەی خوێندن لە زانكۆو قوتابخانەكاندا، ڕووەو لێواری بەرژەوەندییەكانی حیزب ڕێكدەخرێ‌‌و لەم چوارچێوەیەدا، كۆلكە خوێندەوارو كادیرەكانی حیزب، ئەوانەی لەناو قاویلكەی ترادیسیۆنی خێڵ‌و عەقڵی جامدو چەقبەستووی حیزب پەروەردە كراون، دەكرێن بە خاوەنی ماستەرو دكتۆراو بڕوانامەی زانستی.

 

لێرەوە دەبینین، كۆی ڕەهەندە ماددی و مەعنەویەكانی حیزب، دەخرێنەكار بۆ بەرهەم هێنانی تاكی ڕامكراو و دەستەمۆكراو، تاكێكی ترسێندراو، چەپێندراو لەناو تۆڕەكانی چاودێریكردنی حیزبدا، پێویستە ئەوە لەبیر نەكەین كە ئەو مۆدێلە لە حیزبی ڕۆژهەڵاتی‌و ئەو تایپە لە سیاسەت‌و ستراتیجی حیزبایەتی شەرقی‌و زۆرێك لە وڵاتانی تازە گەشەسەندوو، لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی‌و دەستكەوتی كاستێكی كۆمەڵایەتی دیاریكراوی نێو كۆمەڵگا داڕێژراوە، كە دەستیان بەسەر هەموو جومگە گرنگەكانی كۆمەڵگادا گرتووەو بەردەوام لە پەلەقاژەی پاراستنی بەرژەوەندی‌و پێگە سیاسیەكانی خۆیاندان.

 

ترسی ئەم خێڵ و كاستە بەرژەوەندیخوازو قۆرخكارانە كە بوون بەسێبەرێكی سیاسی مەترسیدار بەسەر ژیانی كۆمەڵگاوە، لەو شوێنەوە دەستپێدەكات كە نوخبەیەكی دیاری نێو كۆمەڵگا دێن و شكست و گەندەڵی‌و سیاسەتە پڕلەشەرم‌و پاوانخوازیەكانیان، لەسەر بنەمای ڕەخنەو لەچوارچێوەی پرسیاردا تیۆریزە دەكەن و سەرەنجام شەپۆلێكی نوێی هۆشیاری سیاسی بەدوای خۆیدا دێنێت و دەبێتەهۆی هێنانە كایەی بەرپرسیارێتییەكی یاسای و سیاسی و ئەخلاقی، بەمەش بنەمایەك بۆ ڕیالیزمی سیاسی دێتە ئاراوە كە خۆی لەكۆمەڵێك بیرو بۆچوونی نوێی سیاسی‌و ئابوری و كۆمەڵایەتیدا دەبینێتەوەو ڕای گشتی لەسەر بونیاد دەنرێ‌ بۆ گۆڕانكاری سیاسی‌و ڕیفۆرمكردنی كۆی بونیادە مادی‌و مەعنەویەكانی كۆمەڵگا بە ئاڕاستەی ژیانێكی باشترو قۆناغێكی نوێی سیاسی.

 

تیۆری نوێی ڕیالیزمی سیاسی، لە هەنگاوی یەكەمدا بریتییە لە تێكشكاندن و لەبەریەك هەڵوەشاندنی مەبەستگەرایی خێڵەكی‌و بنەماڵەیی‌و پاوانكاری ئابوری‌و بەشداری ڕاستەوخۆی هاوڵاتی لە بڕیاری سیاسی‌و نرخاندنی خواست‌و داواكاری و خەمی كۆمەڵانی خەڵك لە نەخشە ڕێگای نوێی ئیدارەدانی سیاسی‌و ئابوری.

 

ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان بەدیدەكرێ‌، پڕكردنەوەی دیواری سیاسییە بە شیعاراتی قەبەو دروشمی بێ‌ كردارو بەڵێنی جێبەجێ‌ نەكراو، لەلایەكی تریشەوە كاڵكردنەوەی بەرژەوەندییە گشتیەكان‌و پشتگوێ‌ خستنی ڕۆڵی ڕێكخراوە پیشەیی و مرۆییەكان و پچڕاندنی پەیوەندیەكانی نێوان دەسەڵات‌و خەڵك لە لایەن حیزبەوە، هەروەها گۆڕینی دامودەزگا گشتی و حكومیەكان، لە دامودەزگای خزمەتگوزارەوە بۆ دەزگای چاودێریكەرو كۆنتڕۆڵكەری حیزبی.

 

دواجار كۆی بونیادە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەكانی كۆمەڵگا، لەبری ئەوەی لە چوارچێوەی تیۆری ڕیالیزمی سیاسیدا دابڕێژرێنەوەو بخرێنە خزمەتی چاكەی گشتییەوە، كەچی خراونەتە خزمەتی پارتۆكراسی و دەسەڵاتێكی حیزبی و خێڵەكییان لێ‌ بەرهەمهێنراوە.