سەقافەتی گرێدانەوە

02-10-2018 12:33

 

لە نەتەوەسازییدا هەموو وێستگەیەكی سیاسی ئەڵقەیەكە بۆ گرێدانەوە، ئێمە بەعەكسەوە هەموو وێستگەیەك ئەكەینە دەرفەت بۆ پچڕان، لێرەوە ئیتر بەردەوام پچڕان كەڵەكە ئەكەین و مێژوومان ئەبێتە ڕەفەیەك بۆ هەڵچنینی دووبەرەكی، لێرەشەوە ئیتر پەرتبوون ئەبێتە شوناس و بە خۆخۆریدا ئەناسرێینەوە.

 

سەیركە هێزەكانی موعارەزە لەنێو خۆیاندا، موزایەدەیان سەرخست بەسەر كاری پێكەوەییدا. سەیركە موعارەزەو دەسەڵات، دوژمنكارییان سەرخست بەسەر كاری تەواوكاریدا.

 

سەیركە دەنگدەری هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان، لەگەڵ بایكۆتكاران (كە هەردوكیان بازنەی ناڕەزایین) كەوتونەتە كوتینەوەی یەكتر!

 

لەكاتێكا شتەكە پێچەوانەیەو هەموو ئەمانە كەرەستەی گرێدانەوەو تێهەڵكێشكردەنەوەی سیاسیین، نەك كەرەستەی شەڕە قۆچ و سەنگەر لەیەك گرتن.

 

هەموو عەسایەكی سیاسی دوو سەری هەیە، سەرێكی گرگن و سەرێكی باڵا، ئێمەش دەسی هۆشیاریمان كورتەو هەمیشە سەرە گرگنەكەی ئەگرین، مواسەفاتی ئەم سەرەش ئەوەیە كە نامانباتەوە لای یەك، لەكاتێكا تۆزێ ئەولاترو جەمسەرەكەی تر، پەتەكانی لێوە گرێ ئەدرێتەوە!

 

سەیركە ئێمە لە ژیانی حیزبایەتیدا دەس بە حیزب خۆیەوە ناگرین، دەس بە تەكەتولەوە ئەگرین، بەڵام لە پرسی نەتەوەدا ئەمجارەیان دێین، دەس بە حیزبەوە ئەگرین!

 

ئیتر بۆ هەمیشە حەڵقەیەك لەدواوەین و جگە لەوەی ئەپچڕێین توانای گرێدانەوەشمان نابێ، چونكە ئەم حەڵقانە بۆ یەك نابن!

 

ئیتر ناتوانین حیزب گرێدەینەوە لەگەڵ نەتەوە، نەتەوە گرێدەینەوە لەگەڵ نیشتمان، نیشتمان گرێدەینەوە لەگەڵ مرۆڤ، مرۆڤ گرێدەینەوە لەگەڵ ئینتیما.

 

سەیركە كابرا دەنگی داوە، دەنگدانەكەی ئەكا بە قامچی و پشتی كابرای بایكۆتی پێ سورئەكاتەوە! كابرا بایكۆتی كردوە، بایكۆتەكەی كردووە بە تێڵاو شان و ملی كابرای دەنگدەری پێ ئەشكێنێ!

 

سەیركە تۆ هەرچی ئەكەیت، بۆ خۆتی ناكەیت بۆ ئەوی ئەكەیت، بۆیە دواتر لەبری بە خۆدا چوونەوە، ئەكەویتە بەوا ڕشانەوە.

 

ئاخر تۆ كە بڕوات بە شتێكبوو، ئیتر بۆ خۆتی ئەكەیت و لەسەر ئەو شتە تەنیا موحاسەبەی خۆت ئەكەیت.

 

بەڵام چونكە شتەكانی ئێمە لە بڕواوە نیەو چاولێكەری و دوای قەرەباڵغی كەوتن و كاردانەوەیە.. ئیتر تۆ هەمیشە ئەوەی كە ئەیكەیت بەزۆری ئەزانیت و پێتوایە بەشی منیشت كردووەو دێ ی پێمی ئەفرۆشیتەوە.

 

لەكاتێكا ئەگەر شتەكە بڕواو پرەنسیپ بێت، هەمیشە پێتوایە ئەوەی كە كردوتە كەمەو موراجەعەو موحاسەبەی خۆت ئەكەیت!

 

مەسەلەن ئێستا ئێمە لە شكستێكی جەماعیداین، تۆ كە بایكۆتی هەڵبژاردنت كردوە، بۆ پێتوایە لەدەرەوەی شكستەكەیت؟ یان تۆی موعارەزە كە لە شكستێكی عەیارە بیستوچواردایت، بۆ پێتوایە خۆت لە دەرەوەی شكستەكەدایت و خەتای تەزویرو بایكۆتە؟ لەبری ئەمانە بۆ شوێنی خۆمان لە شكستەكدا نەدۆزینەوە؟ خۆ ناشوكری نەبێ شكستەكە هێندە گەورەیە، جێی هەموومانی تێدا ئەبێتەوە بە ئیسراحەت، خۆ لە دەرەوەی شكستەكەش ڕووبەرێك نەماوە بۆ سەركەوتن، تا بۆی هەڵێین.

 

بۆ ئەوەی بگەینە خاڵی گرێدانەوە، ئەبێ ئەم خۆفرۆشتنەوەیە بە یەكتر تێپەڕێنین، ئەم سەقافەتی خۆفرۆشتنەوەیە تەنیا نابەرپرسیارێتی و ڕق و پەرتبوون و شكست بەرهەم ئەهێنێتەوە!

 

ئاخر تۆ كە خۆت بە من ئەفرۆشیتەوە، جگە لەوەی باز ئەدەی بەسەر هەڵەی خۆتا، منیش سورتر ئەكەی لەسەر هەڵەی خۆم و هەڵەكان هەڵئەدەمەوە بۆ سەر شانی تۆ. ئیتر ئەكەوینە عینادی و كەراوكەر ئەكەوین، وەك ئەو مێژووە دوورو درێژەی، كە لاپەڕەیەكی نیە دوو جەمسەری ئێمە تیایا كەراوكەر نەكەوتبێ. وەك ئەو ئێستایەی كە ساتێكی نیە منو تیایا كەراوكەر نەكەوین!

 

بۆ ئەوەی دەست بخەینە سەر برینەكان، ئەبێ دەس بنێی بە برینەكەی خۆتدا، نەك خوێ بكەیت بە برینەكەی مندا.

 

بۆ ئەوەی هەستینەوە، ئەبێ پاڵەوانی ناو حیكایەتی شكست، لە دیدی منەوە خۆم بم، چونكە ئەگەر تۆبیت، ئیتر لای من سەركەوتنێكی وەهمی دروست ئەبێ و لای تۆش سەركەوتنێكی وەهمی پێچەوانە، دەی ئیتر شكستێك لەئارادا نامێنێ تا باس لە پێویستیی هەستانەوە بكەین!

 

بۆ ئەوەی یەك جار لەبری كەراوكەر كەساوكەس بكەوین، ئەبێ تێبگەین شكست پەنجەرە نیە بۆ سەیركردنی یەكتری، شكست ئاوێنەیە بۆ بینینی خۆت.

 

مەسەلەن هەستانەوە لەم شكستەی ئێستای گۆڕان، بەوە نابێ هەر یەكەو دەسە چەورەكەی خۆی بەویترا بسڕێ، بەوە ئەبێ هەریەكەو دەسی خۆی بشوا، چونكە دەسی هەموویان چەورە! بەوە نابێ ئەم تەكەتول شكستەكە بكاتە دەرفەت بۆ لێدانی ئەو تەكەتول، بەوە ئەبێ كە هەردوولا سەركەون بۆ گیانی بەرپرسیارێتی بان تەكەتول.

 

كێشەی ئێمە سەرەتایەكی هەڵەیە، سەقافەتی ئێمە لە (تۆ)وە دەست پێئەكات، ئەبێ بچینە سەری دێڕی سەقاەتێكی ترو لە (من)ەوە دەست پێبكەینەوە!

 

من مەبەستم منی بەرپرسیارێتییە نەك منی ئەنانی، مەبەستم ئەو منە بەرپرسیارەیە كە خاوەنداری لە شكست ئەكا، نەك ئەو منە گرگنەی كە خۆی ئەكا بە خاوەنی سەركەوتن و شكست هەڵئەداتە سەر شانی ئەوانیتر.
مەبەستم لە تۆ، ڕاناوێكی سیاسییە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی و سڕینی دەستی چەور بەوی تردا.

 

جا لەم مانایەوە، ڕق و پەرتبوون و شكست هەمیشە سەر بە دنیای تۆیەو ڕەخنەو پێكەوەژیان و هەستانەوە سەر بە دنیای منە.

 

بەڵێ ئەوەی كە لە كولتوری تۆوە پەرت ئەبێ، لە كولتوری منەوە گرێ ئەدرێتەوە.