نادیە موراد؛ ئیرادەیەكی قسەكەر

06-10-2018 01:33

 

هەموو ئەوانەی وادەزانن بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بە نادیە موراد بەخشینیەتی بە یەكێك لە قوربانییەكانی داعش بەهەڵەداچوون، هەڵەیەكی گەورەش. ئەم خەڵاتە بە قوربانییەك نەدراوە كە هێزێكی ترسناك بێبەزەییانەو بە مەبەستی وێرانكردنی جەستە و شێواندنی ڕۆحی دەستدرێژێ كردۆتەسەر.

 

شوناسی نادیە موراد لە وەرگرتنی ئەم خەڵاتەدا شوناسی قوربانیی نییە، شوناسی ژنێك نییە كە بەزەییپیاهاتنەوە ستراتیژی دەركەوتن و ئامادەبوونی بووبێت لەبەردەمی دونیادا.

 

بە پێچەوانەوە ئەم خەڵاتە بە ژنێك دراوە بەسەر قوربانیبوونی خۆیدا سەركەوتوەو بووە بە بكەرێكی چالاكی ناو ڕووداوە كارەساتاوییەكانی ژیانی خۆی و ژیانی سەردەمەكەی، بووە بە بوونەوەرێكی خاوەن بوێریی و چاوقایمییەكی كەم وێنە، بە كەسێك خاوەنی زمانێكی ئینسانیی بۆ گێڕانەوەی حیكایەت و وردەكاریی برینە ترسناكەكانی. نادیە موراد بە تەنها قوربانیی نییە، ئەسڵەن ئەم ژنە كەسێك نییە تەسلیم بە قوربانیبوون بووبێت و لەناو ڕۆڵ و پێگەی قوربانیدا چەقیبێت، نەك هەر ئەمە بەڵكو تەسلیم بە قەدەری ژنبوون و ئێزدیی بوونیش نەبووە و هیچ یەكێك لەم دووانە وایان لێنەكردوە بێدەنگ و بێجوڵە و بێحیكایەت و شەرمن و سەركز بێت.

 

نادیە موراد نموونەی ژنێكی هێجگار بوێر و ئازایە كە هەم ئیرادەی گێڕانەوەی كارەساتەكانیی هەیە، هەم زمانێكیشی هەیە توانای ئەوەی هەیە گێڕانەوەی ئەو كارەساتانە بكات بە ڕووداو، هەم خاوەنی ئیرادەیەكە كە دەیكات بە بكەرێكی چالاك و كەموێنە و نەترس.
مێژووی ئێمە و ناوچەكە پێویستیەكی حەیاتیی گەورەیان بەمجۆرە بكەرانە هەیە، پێویستیان بە كەسانێكە نە ترسی سیاسیی و نەترسی دینیی و نەترسی كولتوریی نەتوانێت بێدەنگیان بكات. كەسانێكی قسەكەر كە زمان وەك دینامیك بەكاربهێنن و بوێری ئەوەیان هەبێت برینەكانیان بگڕێنەوە و گێڕانەوەكانیش بگۆڕن بۆ ڕووداو.

 

سڵاو لە نادیە موراد كە هەموو هێزە كۆنەپەرست و ترسنۆكەكانی دونیای ئێمە لێیئەترسن. سڵاو لە قوربانییەك كە لەڕێگای قسەكردنەوە قوربانیبوونی خۆی ناشت و زمانێكی بە دونیا بەخشی بۆ تێڕامان و گوێگرتن و لێكدانەوە لە كارەساتەكانی. ئەم خەڵاتە دیارییەك نییە بە نادیە مورادی قوربانیی درابێت، بەڵكو دانپیانانێكە بەو نادیە مورادە كە بەسەر قوربانیبوونی خۆیدا زاڵبووە. جارێكی تر سڵاو لەم ژنە ئازایە.