ئەگەر لە كوردستانی عێراق شۆڕش نەكرایە چیمان لەدەست دەدا؟

16-10-2018 10:04

 

هەركات باسی شۆڕش دەكەین بێگومان بەدوایدا كۆمەڵێك شۆڕشگێڕ ئەكتەری ئەو شۆڕشە بوون و بوونەتە پاڵەوانی سیناریۆی شۆڕشەكان و ئامادەبوون گیانی خۆیان لەپێناو یەك بستی خاك و خەڵكدا بەخت بكەن، نەك جێی بهێڵن یان بیفرۆشن و بیدەن بەدەست دوژمنەوە.

 

لە هەموو شۆڕشەكانی گەلاندا كۆتا چیرۆك ئەوەیە شۆڕشگێڕەكان پێشینەیەكی پڕ لە شانازی تۆمار دەكەن بۆ نەوەكانیان و ئەو چیرۆكانە دەبنە بنەما بۆ دروستكردنی كیان و دەوڵەت‌و لەپێناو ئەو بنەمایانە نەوەكانی داهاتوو درێژە بەو خەباتە دەدەن.

 

ئەگەر وردبین لە مێژووی كورددا بەدرێژایی ئەو بەناو خەباتەی كۆمەڵێك خەڵك لەباشور دەستیان پێكرد، بەناوی شۆڕش خەریكی یەكترسڕینەوە بوون و نەیان توانی دەرس لەپێشینە پڕ لە شانازیەكانی پارچەكانی دیكە وەربگرن، لانیكەم خەڵكەكەیان نەكەنە قوربانی مانەوەی خۆیان هەر لە شێخ سەعیدی پیرانەوە بگرە تا قازی محەمەدو سەركردەكانی پێش ئەوان و دوای ئەوانیش خۆیان كردە قوربانی لەپێناو ئەوەی خوێن لە لوتی منداڵێكی كورد نەیەت، بەڵام لە باشور ئەمانە چی نەما بەسەر خەڵكدا نەیهێنن و نەبنە هۆكاری ماڵوێرانی سەدان هەزار كورد.

 

پرسیارە سادەكە ئەوەیە ئەگەر لە باشور شۆڕش نەكرایە چیمان لەدەست دەدا؟ ئێستا چیمان نەدەبوو كە هەمانە؟!

 

من پێموایە ئەگەر لەئەساسەوە شۆڕش نەكرایە، لانیكەم ساڵی ١٩٧٥ ئاشبەتاڵ نەدەكراو ئەو هەموو پارەیەی كورد بەتاڵان نەدەبرایە دەرەوەو ئەو هەموو كورد كوشتنە ڕوی نەدەدا تا بگاتە كیمیایی باران‌و ئەنفال‌و شەڕی ناوخۆ و ٣١ی ئاب و دواهەمین نەهامەتی و خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر.

 

ئیتر پێویستە نەوەكانی داهاتوو ئەمانەی كوردیان لە باشور وەك كەرەستەیەك بەكارهێنا بۆ مانەوەی خۆیان و بنەماڵەكانیان بیانناسن‌و بزانن لە سەرەتای شۆڕشەوە تائێستا تەنها كەسانێك لەو هەموو نەهامەتیە بەسەلامەتی ڕزگاریان بوو، ئەوانە بوون كە بەناوی درۆی كوردایەتیەوە خەڵكیان بەكوشتداو خوێنی ئەوكوردانەیان لەسەر سینی زێڕین پێشكەشی دوژمنانی كورد كرد.

 

دڵنیام لەوەی دوای ئەم نوسینە كۆمەڵێك نوسەری دەربار دەكەونە فشەفشی كوردایەتی و بەناوی خوێنی شەهیدان و بەناوی خەباتی بۆگەنی سەركردە خائینەكانیان دەست دەكەن بە خواردنەوەی قوڕاوی كوردایەتی.