ــ لەپێناو پێكهێنانی پەرلەمانو حكومەتێكی تۆكمەو بەهێز.
ــ لەپێناو سڕینەوەو نەهێشتنی یەكجارەكی ئاسەواری دوو ئیدارەییو دوو زۆنگو سێ زۆنگی.
ــ لەپێناو گرنگیدانی زیاتر بەشارو ناوچە جیاوازەكانی هەرێم.
ــ لەپێناو سەرەتایەكی باش بۆ جێگیركردنی سیستمی ناناوەندێتی (لامەركەزی) لە هەرێمی كوردستان.
ــ لەپێناو دروستكردنەوەی پەیوەندی ئاساییو دروست لە نێوان هاوڵاتی و دامەزراوەكانی هەرێمدا.
ــ لەپێناو قۆرخ نەكردنی هەموو دامەزراوەكان لەلایەن هیچ پارتێكی سیاسی و ڕاگرتنی هاوسەنگی لەكارگێڕی گشتیدا.
پێشنیارێك دەخەینە ڕوو بۆئەو هێزو پارتە سیاسیانەی هەرێمی كوردستان كە بەشداردەبن لە پێكهێنانی كابینەی نوێ واتا(كابینەی نۆیەم)ی حكومەتی هەرێم، هەروەها ئەو هێزە سیاسیانەی كە ئەندامو فراكسیۆنیان دەبێت لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، پێشنیارەكە كورتو پوخت بریتیە لە؛
1- هەردوو دامەزراوەی یاسادانانو جێبەجێكردن كە دەكاتە (پەرلەمان و حكومەت) هەریەكەیان لە شارەكانی هەولێرو سلێمانی جێگیربكرێن، ئەمەش كارێكی ئاساییەو ناكرێت بە بابەتێكی هەستیار لێكبدرێتەوە.
2- دەكرێت هەموو وەزارەتەكانی كابینەی نوێ لە پایتەخت یان شارە گەورەكان كۆنەكرێنەوە، بەپێچەوانەوە واباشترە نیوە یان بەشێكی وەزارەتەكانیش لەشارو شارۆچكەكانی تردا بن، ئەویش بەپێی گونجاندن یان پێكهاتەكەیان، بۆنمونە؛ دەكرێت وەزارەتی شارەوانیو گەشتو گوزار لە پارێزگای دهۆكی ڕەنگیندا بێت، یان وەزارەتی ڕۆشنبیریو لاوان لە سلێمانی سەركەشدا بێت، چونكە بە پایتەختی ڕۆشنبیری ناوزەندكراوە، دەشكرێت وەزارەتی كاروباری شەهیدانو ئەنفالكراوان لە پارێزگای هەڵەبجە یان ئیدارەی گەرمیانو چەمچەماڵی پایتەختی شەهیدان بێت، دەشگونجێت وەزارەتی پیشەسازیو بازرگانی بەهۆی ئەوەی چەندین كارگەی گەورە لەسنوری شارۆچكەی بازیاندا هەیە وەزارەتەكەش هەرلەو ناوچەیەبێت.
ئەمانە نمونەگەلێكنو زۆر وەزارەتی تریش هەن دەكرێت دوای دیراسەو توێژینەوەیەكی ورد ببرێنە شوێنی دیكە، وەك وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ حەوزی بیتوێنو دەڤەری ڕاپەڕین یان شارەزوور، سامانە سروشتیەكان بۆ سنوری كۆیە یان چەمچەماڵ.
ــ سەبارەت بەدەستەكانیش دەكرێت هاوشێوەی وەزارەتەكان ئەوانیش بەتایبەت ئەوانەی پێویست ناكات لە پایتەخت بن دابەشبكرێن بەسەر شاروناوچەكانی تردا، بۆنمونە دەستەی ژینگە لە سنوری سۆرانو باڵەكایەتی یان دوكان، دەستەی كاروباری مین ببرێتە ناوچەیەك كەتاهەنوكەش مینو تەقەمەنییەكی زۆری تێدایە، بەنمونە؛ ناوچەی پێنجوێن یان ناوچەی سۆران، دەستەی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم باشترە ببرێتە كەلار یان كفری.
ئەم پۆلێنكردنو ئاماژەدانانە بە دامەزراوە یان وەزارەتو دەستەكان مەرج نیە دەقاودەق بەوشێوەیە بێت.
ئەوەی ماوەتەوە بگوترێتو ئاماژەی بۆبكرێت ئەوەیە كە ناكرێت نوسین یان پێشنیارێكی لەو شێوەیە شیكردنەوەو شەنو كەوی ناجۆرو نالۆژیكی بۆ بكرێت لەلایەن هیچ كەس یان پارتێكی سیاسی، چونكە لای من هیچ جیاوازییەك نابینم لە نێوان شارو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لە زاخۆوە تا خانەقین، لە پێنجوێنیشەوە تا حەمرین، دەكرێت لەكاتی پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتو خولی پێنجەمی پەرلەمان ئەم بابەتە ببێتە بەشێك لە تەوەرەكانی دانوستانو گفتوگۆكان .
٭٭تێبینی: بۆیە ئاماژەم بەهیچ شارو ناوچەیەكی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم(دابڕێنراوەكان) نەداوە، چونكە لەئێستادا ئەوناوچانە لەڕووی كارگێڕییەوە سەربە حكومەتی هەرێم نین، ئەگەرنا دەبوایە بەشێك لەو دامەزراوانە بێ یەكو دوو لەو ناوچەو شوێنانە بونایە.