ڕێگەی ڕزگاركردنی عێراق‌و هەرێم لەگەندەڵكاری‌و دیكتاتۆرییەت

20-10-2018 01:17

 

گەلی عێراق ڕژێمی ئیمپڕیالیزم و هاوكارانی تاقیكردەوەو ڕەتیكردەوەو شۆڕشی بەرپاكرد لە دژی.

 

هەروەها حوكمی نەتەوە پەرستانی عەرەب‌و كوردیشی تاقیكردەوە لە ٤٠ ساڵ حكومڕانی بە عسی سەدامی‌و كەسانی وەك عەبدولسەلام عارف لە بە غدادو پارتی‌و یەكێتیش لەم ٢٧ ساڵەی هەرێمدا. لە سایەی حوكمی ئەم نەتەوەییانەدا عێراق كەوتە گێژاوی دیكتاتۆریەت و جەنگ و خوێنڕشتن و كاولكاری و ئەنفال ‌و كیمیایی باران. ئەمە وێڕای گەندەڵكاری بێسنوور.

 

هەرێمیش لە سایەی حوكمی نەتەوەیی كورددا –پارتی و یەكێتی– بوو بە گۆڕەپانی شەڕی برا كوژی، دوو ئیدارەیی، لوشدانی دەیەها ملیار دۆلار، قۆرخكردنی دەسەڵات، بڕینی مووچە لە كارمەندان، تەزویركاری هەڵبژاردن، هێشتنەوەی میلیشیای حیزبی تا ئەم چركەیەش لەباتی سوپای نیزامی.

 

چەپەكانیش نە گەیشتنە سەر كورسی تا تاقیبكرێنەوە، بەڵكو پوكانەوە بەهۆی هەڵەكانیانەوە.

 

ڕژێمی ئیسلامی سیاسیش، كە لەم ١٥ ساڵەی پاش ڕووخانی سەدامدا حوكمیان گرتەدەست، بە هەمانشێوە كەوتنە كێبڕكێ لە گەندەڵكاری‌و زیاتر لە هەموانیان لووشدا. هەروەها ژمارەیەكی زۆر لە میلیشیای نایاسایی شیعەو سوننە دروستكران دژ بە یەكتر.
شەڕی تایەفی شیعە و سوننە مزگەوت و حسەینییە و جادە و چێشتخانەیان كردە جێگای تەقینەوەو خوێنڕشتن و هەزاران لە منداڵ و ژن و پیاوی بێگوناه، بوون بە قوربانی ئەم ململانێیە.

 

لەمەش زیاتر، كارو كرداری نوری مالكی ناكۆكیەكانی لە نێوان پێكهاتەكانی عێراقدا (شیعە و سوننە و كورد) توندتر كرد. ئەمەش بو بە هۆكار بۆئەوەی داعش بە ئاسانی موسڵ و تكریت و فەلوجە و زۆر لە شارە سوننەنشینەكانی عەرەب بگرێ‌و هەزاران هاوڵاتی بێگوناه بكوژێت. بێتوانایی پێشمەرگەكانی پارتی بوو بەهۆی ئەو كارەساتە گەورەیەش كە بەسەر خوشك و برا ئێزدییەكاندا هات.

 

سەبارەت بە هەرێم

هاوڵاتیان هەموو ئەم ڕووداوانە دەزانن. دەبێت هەموومان ئەوەش بزانین كە پارتی و یەكێتی لەم ٢٧ ساڵەدا شتێكیان نەكرد كە ئاماژەبكات بە پەشیمانی لەو هەموو هەڵەو خراپە كارییە. واتە چاوەڕێی هیچ گۆڕانكاری و چاكسازییەكیان لێناكرێت.

 

دەیانەوێت حوكمڕان بن هەتا هەتایە، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان‌و بەس. هیچ دەرچەیەك لەم نەهامەتی و قەیرانە گشتگیرییە نییە جگە لە لابردنی ئەم جووتە مۆتەكەیەو دامەزراندنی ڕژێمێكی نوێ لە چەشنی ڕژێمی سەنگافورە.

 

ئەمەش دەبێت لە ڕێگەی خەباتی جەماوەریی ئاشتییانەوە بێت، لە ڕێگەی پەرلەمانەوە، ئەمەش كارێكی ئاسان نییە، بەڵام بزوتنەوەیەكی میللی بەهێز دەتوانێت ڕایانماڵێت‌و گۆڕانكاریی خوازراو جێبەجێ بكات.

 

بۆ ئەم ئامانجە ستراتیجییە پیرۆزەی قۆناخی ئەمڕۆ، پێویستە ڕێكخراوێكی تازە، سیاسیی جەماوەری، جیاواز لەوانەی پێشوو، ڕێكخراوێكی مەدەنی دیموكراتی، دامەزرێنرێت. ڕێكخراوێكی نیمچە بەرەیی كە ئەندامان‌و لایەنگرانی لە هەندێك شتدا ڕاو بۆچوونی جیاوازیان هەبێت، بەڵام لە پرسی ستراتیجیدا یەكبن.

 

با ئیستا ناوی بنێین (بزافی چاكسازیی دیموكراتی - ب چ د)، دواتر كۆنگرەی دامەزراندن بڕیار بەدەست دەبێت.