پارتی بە نەمانی سەرۆكایەتی هەرێم چی دەستكەوت؟

12-11-2018 12:36

 

(1)

دەشێ دانوستاندنەكانی ئەمجارەی نێوان پارتی و هاوبەشەكانی دیكەی، تەنها بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی وەزاری نەبێت و بریتی بێت لە ڕوانینێكی ئایندەیی بۆ چوار ساڵی داهاتوو. بە واتایەكی دیكە لێرەدا تەنها قسە لەسەر پۆستەكان، قەبارەی حكومەت و كارنامەكەی نەبێت، بگرە ئەولەویەتی ئەو پەرلەمانەی ئێستا (كە ئەڵبەتە پێنج ساڵ پێش ئێستاش سەرۆك بارزانی هەمان داواكاری لە پەرلەمانی پێشوو هەبوو) بەردەوامبوونە لە تەواوكردنی دەستوری كوردستان. لەو ڕێگەیەشەوە چوارچێوەی گشتیی قانوونەكان (بە قانوونی سەرۆكایەتیی هەرێمیشەوە)و دامەزراوەكانی دیكەی كوردستان، بكەوێتە سەر بنچینەیەكی دەستوری.

 

سڕكردن و دواتر دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەسەر سێ دامەزراوەی دیكەدا، بەڕەیەك بوو كە پارتی و گۆڕان بە حیسابی خۆیان لەژێر پێی یەكێتییان دەرهێنا، بەڵام لە كۆتاییدا یەكێتی هەموو ئەو پۆستانەی دەستدەكەوێتەوە كە لە سەردەمی كارایی پۆستی سەرۆكی هەرێمدا هەیبوون. چوار ساڵ پێش ئێستا پارتی هەموو ئەو پۆستانەی ئێستای لە بەغدا هەبوو، بە سەرۆكی هەرێمیشەوە لە كوردستان، كەچی ئەمڕۆ لە كاتێكدا كە هەموو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دابەش كراون، هێشتا پۆستەكە هەر لەسەر پارتی مەحسوبە! هەر بۆیە یەكێتی پێداگر بوو لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری و ئەوەی لا مسۆگەرتر بوو تا ئەوەی كە لە داهاتوودا ئایا پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی دەستدەكەوێت (كە بەشێكی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لەوێن) یان نا؟

 

بۆیە پارتی ئێستا كە زۆرینەی پەرلەمانیی لایە، دەبێ لە هەنگاوی یەكەمدا بیر لە چارەسەری ئەم مەسەلەیە بكاتەوە، چونكە ئەو پۆستە پۆستێكی دەستورییە و، كۆڵەكەیەكی گرنگی هاوسەنگیی سیاسییە لە نێوان پارتی و هێزە سیاسییەكانی دیكە. ئەگەرنا چوار ساڵی دیكەش هەمان ئەو قەیرانەی كە لەسەردەمی دیاریكردن و هەڵبژاردنی بەربژێرێكی كورد بۆ پۆستی سەرۆككۆماری ڕوویدا، دووبارە دەبێتەوە. هەمان ململانێ لەسەر وەرگرتنی پۆستە وەزارییەكانی ناو كابینەی بەغدا بەردەوام دەبێت.

 

هاوتاكردنەوەی پۆستی سەرۆككۆمار و سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ هێزی یەكەم و دووەمی كوردستان، لە داهاتوودا هەم پاڵپشتێكی بەهێزی تەوافوقی سیاسی دەبێت و، هەمیش كارئاسانی دەكات لە مەسەلەی پێكهێنانی حكومەت و ڕوانگای هاوبەش بۆ حوكمڕانی.

 

بەرهەم ساڵح وەك دامەزرێنەری حیزبێكی ئیسلامی

(2)

لە سەرەتای دروستبوونی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، یەكێك لە نیگەرانییەكان ئەوە بوو كە ئەم بزووتنەوەیەش، وەك بزووتنەوەكانی دیكەی (وەك گۆڕان) بكەونە ژێر هەژموونی ئیسلامییە میانەڕۆ و ڕیفۆرمخوازەكانی ناو كوردستان. بۆیە دكتۆر بەرهەم زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دوو مەسەلەدا دەكرد، یەكەمیان ئەو هەژموونە دروست نەبێت و دووەمیان بزووتنەوەكەی لە ناوچەیەكی جوگرافیدا قەتیس نەخوات. ئەڵبەتە ئەگەر سەركردە سەربازییەكانی ناو یەكێتی لە دوای دروستبوونی هاوپەیمانی هاتبانە ڕیزی هاوپەیمانییەوە (یان كۆسرەت ڕەسوڵیش بە ئاشكرا پشتیوانی لێ كردبایە) ڕەنگبێ ئێستا وەزع بە شێوەیەكی دیكە بووایە، بەڵام بۆ خۆدوورگرتن لە بەریەككەوتنی چەكداری لەلایەك و، لە لایەكی دیكەشەوە متمانەی بەرهەم ساڵح بە ڕێژەی دەنگەكانی لە هەڵبژاردنەكانی مانگی ئایار، ئەوە ڕووی نەدا. بۆیە دوای گەڕانەوەی دكتۆر بەرهەم و پێشتریش جێهێشتنی هەندێك لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر، بەكردەوە بزووتنەوە نوێیەكە كەوتە دەست دوو لە كاریگەرترین دامەزرێنەرانی هاوپەیمانییەكە كە هەردووكیان لە سەرەتای هەشتاكانەوە لەناو بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیدان و ڕابردوویان لە دروستكردن و هەڵوەشاندنەوەی تەڤگەرە ئیسلامییەكاندا دیارە.

 

ئەگەر دەنگەكانی هاوپەیمانی لە یەكەم تاقیكردنەوەیدا لە 12ی مایس بە پێوەر وەربگیرێن، سەرباری ئەو هەموو تەزویرەش كە هەبوو، ئەنجامێكی باش بوو سەرووی سەد هەزار دەنگ. یەكێتی باش دەیزانی كە لە هەڵبژاردنەكانی كوردستاندا ئەوەی بۆ ناچێتەوە سەر، بۆیە دەستیان بە دانوستاندن لەگەڵ دكتۆر بەرهەمدا كرد و، لە هەنگاوی یەكەمدا لیستێكی لاواز و هەنگاوی دووەمیش بایكۆتیان بە هاوپەیمانی كرد. بەڵام ئەنجامەكە ئەوە دەرنەچوو كە یەكێتی دەیویست، چونكە ئەگەر هاودیدەكان دەنگدەری یەكێتی بان، دەبوو ئێستا یەكێتی سەروو چوارسەد هەزار دەنگی هێنابایە! بۆیە سەرباری هەموو گوشارەكان بۆ هەڵوەشاندنەوەی، هاوپەیمانی ناوی خۆی گۆڕی و حیزبێكی دیكەی پاشخان ئیسلامی بۆ زۆنی ڕەنگاوڕەنگ زیاد بوو.

 

پارتی و سەد ملیۆنەكەی سەرۆككۆماری

(3)

بڵاوبوونەوەی دەنگۆی سەودای پارتی و یەكێتی و، بە دیاریكراویش نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پاڤڵ تاڵەبانی و ڕازیبوونی پاڤڵ تاڵەبانی بە كشاندنەوەی كاندیدی یەكێتی لە بەرامبەر وەرگرتنی سەد ملیۆن دۆلار (سەرباری ئەوەی كە نە پشتڕاست و نە ڕەتكرایەوە) كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە. بەڵام هەواڵەكە لە چوارچێوەی پۆست كڕین لەلایەن پارتییەوە وێنا كرا، تا ئەوەی كە ئەوەی پۆست دەفرۆشێ پاڤڵ تاڵەبانییە! پارتی هەر لە ڕۆژی یەكەمەوە كە خوازیاری ئەو پۆستە بوو، ئامانجی ئەوە بوو مل بۆ هەموو داوا ڕەوا و ناڕەواكانی یەكێتی و بەتایبەتیش پاڤڵ و لاهور كەچ بكات، تەنها لە پێناوی ئەوەی كە خۆی ببێ بە پارێزەری دەستوور لە بەغدا و لەو پێناوەشدا هەموو پۆستەكانی بەغدا و نیوەی كوردستانیشی دا بە یەكێتی، بەڵام یەكێتی ڕازی نەبوو. لێرەدا ئەگەر پارتی هەر ئامانجێكی شاراوەی هەبووایە، قەت ئەو هەموو تەنازولاتەی بۆ یەكێتی نەدەكرد. پارتی نەیویستووە بە پارەی كاش و قووتی خەڵكی كوردستان پۆست بكڕێ، بگرە پێشنیازەكە ئەوە بوو كە هەرچی داهاتی ئەو پۆستەیە تا چوار ساڵی داهاتوو بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی بێت (كە بە سەت ملیۆن دۆلار مەزەندە كراوە)، بەوەش ئەوان تێر بن و، خۆشی ببێ بە پارێزەری قووتی خەڵك. بۆیە ئێستا وەختیەتی كە ئیسپاتی بكەن لە پارتی باشتر توانای پاراستنی دەستووریان هەیە.