ئەزمونی دیموكراسی خۆرئاوا، لە بەردەم شەپۆلەكانی ڕادیكاڵدا

18-11-2018 05:51

 

یەكێك لە سیما هەرە دیارەكانی زۆرێك لە بزوتنەوە ڕادیكاڵەكان، دروستكردنی توندوتیژی‌و چاندنی ترس‌و بیمە لەو ژینگەیەی تیایدا گەشە دەكەن، كەوایە دەتوانین بڵێین، ژینگەی تەشەنە سەندنی بەشێكی ڕادیكاڵیزم، ژینگەیەكی ناتەندروستە.

 

كاتێك باسی ئەوشەپۆلە لە بزووتنەوە ڕادیكاڵەكان دەكەین، پێویستە لەگەڵیشیا ئەو عەقڵە فێندەمینتاڵ‌و لێوانلێو لە توندوتیژییە، تیۆریزە بكەین كە ئەم بزوتنەوانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان دەیگرنەبەر، لێرەوە دەكرێ بەم پرسیارە دەستپێبكەین، كە ئایا ئەم توندوتیژییانە پەرچەكردارێكن لە بەرامبەر سیاسەتی كاپیتالیزم، یان دەرهاویشتەی كولتوریزەكردنی بیركردنەوەی خێڵەكییانەو بەرهەمی عەقڵی لۆكاڵیزمن؟ لە ڕاستیدا، كاتێك سیستمی سەرمایەداری‌و سیاسەتی كاپیتالیزم، خاوەنی هەژموونێكی یونیڤێرسالە، ئەستەمە بتوانرێ بە توندوتیژی‌و عەقڵی كۆن، مافی گەلانی تازە گەشەسەندوو لەم سیستمەدا دەستەبەر بكرێ.

 

گەورەترین كێشەی هێزە ڕادیكاڵ و توندئاژۆكان، پڕۆژەی دیموكراسی‌و ڕیفۆرمكردن‌و چاكسازیكردنی بەشێك لە سێكتەرە گرنگەكانی كۆمەڵگایە، لەوانە سێكتەری پەروەردە، لەبەرئەوە دەبینین زۆرینەی ئەو ناوەندو سەنتەرانەی دەكەونەبەر پەلاماری فێندەمینتاڵیستەكان، لە ئەوروپاو ئەمەریكا، قوتابخانەو ناوەندە پەروەردەییەكان و سەنتەرە ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنەكانن.

 

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئەفەریقادا كە كەشی سیاسی و ئابوری و كایەكانی تری ئەو كۆمەڵگایانە، ناجێگیرو نائارامە، هەروەها بەشێك لەم ناوچانە، شوێنی تەڵقیندانی مرۆڤن بە عەقیدەو دۆگم‌و ئایدۆلۆژیا، وەهمی سیاسی‌و دۆگماو چەقبەستوویی سیاسیش، پاڵنەری پەرەسەندنی توندوتیژی‌و تێكدانی ئارامیین، هەموو ئەمانە بەشێكن لە بنەماكانی بەهێزبوونی فێندەمێنتاڵیزم‌و هێزە توندڕەوە ڕادیكاڵەكان.

 

سەركەوتنی سیستمی دیموكراسی خۆرئاوا لەبەردەم شەپۆلە توندئاژۆكانی چەپی كلاسیك‌و فێندەمێنتاڵیزمی دینی و سەلەفیزم، لە مێژووی كۆن‌و نوێی گەشەی ئەو بزووتنەوە ڕادیكاڵ‌و توند ڕەوانەدا، بۆ تیۆرەكانی گەشەی دیموكراسی و فەراهەمبوونی كەشی لێبوردەیی و پێشكەوتنی بنەماپەروەردەیی و ڕۆشنبیرییەكان دەگەڕێتەوە.

 

لەبەرئەوە دەبینین گواستنەوەی توندووتیژییە سیستماتیزەكراوەكانی ئەو ڕێكخراوانە بۆ ئەوروپاو ئەمەریكاو پەرشكردنەوەیان بەناو ژیاری خۆرئاوادا، وەك بەشێك لە مەترسیەكانی بزوتنەوە ڕادیكاڵە توندئاژۆكان بۆسەر ڕۆژنامەو گۆڤارو ناوەندە پەروەردەیی و ئەكادیمییەكانە، بەنمونە؛ پەلاماری ناوەندەكانی ڕاگەیاندن و دەزگا ڕۆشنبیرییەكان‌و ناوەندە گەشتیاری و ڕیستۆرانتەكان، لەوانە گۆڤاری (چارلی هیبدۆ) لە فەڕەنساو پەلاماری ناوەندە پەروەردەییەكان لە ئەمەریكاو هێرشی سەر یانەكان لە هەندێك وڵاتی تر.

 

بەرهەمهێنانی توندووتیژی لە لایەن بزوتنەوە توندڕەو و بناژۆخوازەكانەوە، بۆ ئەو ژینگەیە دەگەڕێتەوە كە تیایدا هۆشیاری مرۆڤ، دووچاری چەقبەستن دەبێتەوە، بەجۆرێك كە عەقیدەی سەلەفیزم و بەها كولتوریزەكراوەكانی ناو ئایدیای هەندێ لەو بزوتنەوە ڕادیكاڵانە، جێگەی گەشەی عەقڵ و فراوانبوونی فەهمی مرۆڤ دەگرێتەوە كە ئەمانە بە بونیادی گەشەی فێندەمێنتاڵیزم‌و شەپۆلە ڕادیكاڵە جۆراوجۆرەكان دادەنرێن.

 

لاوازكردنی هۆكارەكان‌و زەمینەسازیەكانی ئەم ڕێكخراوانە لە هەندێ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئەفەریقا كێشەیەكی گەورەیە لەبەردەم ئەزمونە دیموكراسییەكان‌و ژیارو شارستانیەتی مۆدێرن، بە ڕیفۆرمكردنی ئەم تێگەیشتنە ناعەقڵانییە دەبێت كە بە ستوونی ڕاگرتنی ئەم ڕێكخراوانە دادەنرێ، بە ئاڕاستەی كەمكردنەوەی توندوتیژی‌و ئاسایی كردنەوەی ژیانی ئەو كۆمەڵگایانەی گیرۆدەی سێبەری فێندەمێنتاڵیزمن، ئەوەش بە جێبەجێكردن‌و بەكاربردنی تیۆرەكانی پەیوەند بە گەشەسەندنە كۆمەڵایەتی و ئابوریەكان و ڕیفۆرمكردنی سێكتەری پەروەردەو گۆڕینی ڕێڕەوی پەروەردەیی، بە ئاڕاستەی سەرخستنی پڕۆژەی گەورەی دیموكراسی دەبێت لەم كۆمەڵگایانەدا.