ئەردۆغان و بن سەلمان

19-11-2018 07:38

 

تەنها پاڵپشتی ترەمپ هۆكار نەبوو بۆ درەوشانەوەی ئەستێرەی شازادەی جێنشینی سعودیە؛ محەمەد بن سەلمان. ناوبراو پارساڵ هاتەسەر وڵاتێكی دەورەدراو بە كۆمەڵێك مەترسیی؛ حوسییەكان لە یەمەن، حەشدی شەعبی لە عێراق، مەترسی شیعەی بەحرەینی لە لاكەلەكەی سعودیە لە تەنیشت ئیحساو قەتیف، لارەسەنگ بونی تەرازووی هێز لە بەرژەوەندی تاران و ئەسەد لە سوریا.

 

لەسەر ئاستی ناوخۆ دەزگایەكی ئیداریی كۆن و بیرۆكراسی خێڵەكیی ڕزیوی بە میرات وەرگرت، كاتێك ئەو هاتەسەر تەخت بە كودەتایەكی سپی و نەرم لە دژی بن نایفی ئامۆزای، عەرەبستانی سعودیی لەسەر سێ كۆڵەكە وەستابوو: مفتەخۆریی نەوت، قۆستنەوەی پیرۆزییەكانی مەككەو مەدینە لەگەڵ پاڵپشتی و ڕەشوەدان بە ئەمەریكا.

 

هەڵپەو تەماعكاریی زیاتر لە 10 هەزار میر و شازادەی بنەماڵەكەی بۆ دەسەڵات و ماشینەوەی داهاتی نەوت و گرێبەستەكان دەوری دابوو، لە كاتێكدا نەوت نزیكەی 70% نرخەكەی لە دەستدابوو، لەگەڵ مەترسیی بێكاری و توڕەیی گەنجانی سعودیە كە بەردەوام مەترسییە لەسەر بنەماڵەی حوكمڕان.

 

بن سەلمان شۆڕشێكی گەورەی گۆڕانكاری ڕیشەیی بەرپا كرد بۆ خۆ ڕزگاركردن لە میرەكانی ئال سعود، لە دەردی پشت بەستن بە نەوت، لە هەژموونی دەزگا ئاینیەكانی ڕێگر لە پلانەكانی، بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش پشتی بە كوتەك و پاڵپشتی ئەمەریكا بەست، بەمدواییانە پاڵپشتی ئیسرائیلیشی بۆ زیاد كرد.

 

بن سەلمان بە نیازبوو، سعودیە بكاتە شانشینێكی خێزانیی و سیستمی بنەماڵەیی هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام تاوانی قێزەونی كوشتنی خاشقچی لە كونسوڵخانەی ئەستەنبوڵ و ئەنجن ئەنجن كردنی بە مشارو تواندنەوەی بە ئەسید، دەرگای بۆ ئەردۆغانی ڕكابەر كردەوە، كە كارێكی خراپی بەسەر بهێنێت و بیخاتە ناو قەفەسی تاوانەوە و بارە جیۆسیاسییەكە بەرەو ئاقارێكیتر ببات، كە لەبەرژەوەندی پێگەی توركیایە لەسەر حسابی سعودیە لە كێبڕكێی كۆن و نوێی زەعامەتدا لە جیهانی سوننە.

 

هەرچەندە ئەگەر زۆرە بە نرخێكی زۆر بن سەلمان لەم تەنگەژەیە دەرباز بكرێت، بەڵام زۆر كەس پێیانوایە هەرگیز مومكین نییە ببێتەوە بە شازادەكەی جاران كە سەركردەكانی هەموو دونیا بە هیوای دیداری بوون، چونكە جگە لە كلیلی مەككەو مەدینە، كۆدی عەدادەكانی ٢٦٧ ملیار بەرمیل نەوتی خاویشی لەلابوو، بە تەماش بوو ٥٠ ساڵ زیاتریش شای بێ ڕكابەر بێت.