پاریس و یاخیگەرە ناڕازییەكانی

08-12-2018 04:32

 

ڕەنگە ئەمڕۆكە پاریس یەكێك لەو شارانە بێت كە كەس حەزنەكات سەریلێبدات و بیبینێت، شارێك كە كەسانێكی زۆر وەك پایتەختی ئەوروپا و پایتەختی فیكر و پایتەختی شارستانیەتی مۆدێرن ناویدەبەن. ئەو شەپۆلە گەورەیەی ناڕەزایی دەربڕین و خۆپیشاندان كە ڕووی لە فەڕەنسا كردوە، بەشێكی تووڕەبوونەكانی تووڕەبوونە لە پاریس خۆی، لەو حوكمڕان و چینە دەوڵەمەند و هێز و دەزگا بە گڵۆبالبوانەی ناو پاریس، كە ئاگایان لە دۆخی چینەكانی خوارەوەی كۆمەڵگاكە نەماوە.

 

سەرەڕای پەنابردن بۆ بەكارهێنانی توندوتیژیی و تاڵانكاریی و شڕەخۆریی، سەرەڕای شكاندن و سوتاندن و لێدان و پەلاماردان و گرتن، ئەوەی ڕووئەدات تەقینەوەی ناڕەزایەتییەكی كۆمەڵایەتیی گەورەیە، كە پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی بەو ژینگە نیولیبراڵەوە هەیە كە لە سێ دەیەی ڕابردوودا لە ئەوروپادا سەروەربووە.

 

ناڕەزاییەكە سەرەتا ناڕەزایی كۆمەڵێك شۆفێر بوو دژ بە بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین، بەڵام لە ئێستادا گەشەیكردوە بۆ بزوتنەوەیەكی گەورەی ناڕەزایی دەربڕین كە تەنانەت وڵاتانێكی وەك بەلجیكا و هۆڵەنداشی گرتووەتەوە.

 

هێزی گەورەی پشتی ئەم ناڕەزایی دەربڕینە بەشی خوارەوەی چینی ناوەڕاستی كۆمەڵگای فەڕەنسییە، ئەمانەش بەشە هەرە هەژارەكەی كۆمەڵگای فەڕەنسیی نین، بەڵكو كەسانێكی خاوەن كار و پیشەی تایبەتن و ڕۆژانە سەرسەختانە كارەكانی خۆیان دەكەن، بەڵام كێشەیان لەوەدایە ئەو بڕە پارەیەی پەیدای دەكەن، بەشی دابینكردنی پێداویستییەكانی ژیانی خۆیان و ژیانی خێزانەكانیان ناكات.

 

ئەمانە ئیشێكی زۆر بەرامبەر بە داهاتێكی كەم دەكەن. گرفتی ئەمانە تەنها ئەوە نییە كە داهاتەكەیان كەمە، بەڵكو هەست بەوە دەكەن كە لەناو كۆمەڵگای فەڕەنسیدا كەس گوێیان لێناگرێت، بەتایبەتیی حوكمڕانانی وڵاتەكەو دەزگا نێودەوڵەتییە زەبەلاحەكان و چینە دەوڵەمەندەكانی سەرەوەی كۆمەڵگا. ئەمانە پێیانوایە ئەو نوخبەیەی لە پاریسدا حوكمڕانی دەكات ئەمان نابینێت و وەك نەبوو مامەڵەیان دەكات، كاتێكیش لەڕێگای خۆپیشاندانەوە هەوڵی ئەوە ئەدەن كە ببینرێن، ئەوا گوێیان لێناگیرێت و وەڵامی داواكارییەكانیان نادرێتەوە. بە كورتییەكەی ئەمانە كەسانێكن هەم لەسەرێكەوە تەواو ناڕازین بەرامبەر بەو دۆخەی كە هەیەو دروستكراوە، هەم گومانی گەورەشیان بەرامبەر دەسەڵاتداران لادروستبووە و باوەڕیان بەوە نەماوە كە بتوانن كێشەكانیان چارەسەر بكەن.

 

شارەزایانی كۆمەڵگای فەڕەنسیی و كۆمەڵگا ئەوروپییەكان. باس لە گۆڕانی دۆخی دەرونیی چینی ناوەڕاست لە ئەوروپادا دەكەن، ئەم چینە لە ئێستادا ترسێكی گەورەی لە ئایندە هەیە، باوەڕی وایە ئیشكردنی زۆر و خۆماندوكردنی بەردەوام دڵنیایی نابەخشێت‌و گەرەنتی سەركەوتن ناكات. ئەم سایكۆلۆژیایەش شتێك نییە ئەمڕۆكە دروستبووبێت بەڵكو دەرەنجامی قەیرانە گەورەكانی ئەو سیستمە ئابوریی و سیاسییە نیولیبراڵەیە كە سێ دەیە زیاترە لە ئەوروپادا باڵادەستە. كەسانێك هەن باس لە كۆتایی ”كاپیتالیزم بۆ هەمووان“ و كۆتایی ”كاپیتالیزمی میلەت“ دەكەن. ئەوەی دروستبووە سیستمێكە نوخبەیەكی بچووكی بەجیهانیبوو دەوڵەمەند دەكات و زۆرینەی چینەكانی خوارەوە و بەشێكی گرنگی چینی ناوەڕاستیش، هەژار و نائومێد. زۆرینەی ئەم زۆرینەیەش خەڵكی لادێ و شارە بچووكەكانی دەرەوەی پاریس و شارە گەورەكانی فەڕەنسان و ڕق لە حكومەت و ڕق لە پاریس لەلایان بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ بە یەكتری تێكەڵبووە.

 

بە پێچەوانەی شۆڕشی فەڕەنسیی و یاخیبوونی خوێندكارانی ساڵی ١٩٦٨ەوە، كە هەردووكیان هەڵگری ئایدیۆلۆژیایەكی چەپگەر و هیومانیستیی و گەردونیی بوون، ئەم یاخیگەرە تازانە بەرنامەیەك یان دروشمێك یان دیدێكی هاوبەش كۆیانناكاتەوە.

 

ئەوەی هەیە بڕێكی زۆر گەورەیە لە بێزاریی و نائومێدیی. هەندێكیان دژ بە ئەوروپای یەكگرتوون، هەندێكیان دژ بە سیاسەتی باجوەرگرتنی دەوڵەتن، هەندێكیان دژ بە هەژاریی و نەدارین، هەندێكیان دژ بە كۆچبەر و پەناهەندەن، هەندێكیان دژ بە میدیان. بەڵام هەموویان دژ بەو نوخبە سیاسییەن كە حوكمڕانە.