بەهاری عەرەبی و پایزی ئەوروپی

09-12-2018 05:35

 

لە كۆتاییەكانی دەیەی یەكەمی هەزارەی سێیەمدا، ڕووداوەكان لە تونس لە ڕێگای خوسوتاندنی فرۆشیارێكەوە(محمد بوعزیز) دەستی پێكرد، وەكو یاری دۆمینۆ زۆربەی سیستمە سیاسیەكانی باكوری ئەفریقای گرتەوە، لە تونس سەرۆكەكەی ڕایكردو‌ لیبیا سەرۆكەكەی كەوتە بەر تووڕەیی خەڵك و سەرۆكی میسریش ڕاپێچی بەردەم دادگا كرا! پاشان گۆڕانكاریەكان، ئەوەی ناونرا بەهاری عەرەبی، لە دەریای سوور پەڕییەوەو بەرەو كەنداو هات، لە سوریا چەقی بەست و سوریا بووە گۆڕەپانی ململانێیەكی نێودەوڵەتی، كە تاوەكو ئێستاش یەكلایی نەبوەتەوە، چونكە لە بنەڕەتدا ئەوەی پێی دەگوترا بەهاری عەرەبی، هەوڵێكی ڕۆژئاواییەكان، بە تایبەتی ئەمەریكاییەكان بوو لە پێناو ڕووخاندنی ئەو ڕژێمانەی لە ڕوسیاوە نزیك بوون، یاخود دەكەوتنە قوڵایی ستراتیژی ڕوسەكان!

 

گۆڕانكارییەكان بەردەوام بوو تا لە ساڵی (2014) لە ڕێگای ئۆكرانیاوە هەوڵیاندا دەروازەی ئەوروپاو دەریای ڕەش و لە ڕێگای سوریاشەوە كاریان لەسەر ئەوە دەكرد دەروازەی دەریای سپی ناوەڕاست بە ڕووی روسەكان دابخەن، واتە هەوڵی دروستكردنی ئیمپراتۆریایەكی ئۆراسی لای ڕوسەكان لە گۆڕنێن!، لە بەختی خراپی ئەمەریكاییەكان، ڕوسەكان لە دوای ساڵی (2000) كەوتبوونەوە خۆیان و كاریان لەسەر چاكبوونەوەو هەڵسانەوە دەكرد، بۆیە لە ساڵی (2014) لە ڕێگای سەربازییەوە نیمچە دورگەی قرمیان بە خۆیانەوە لكاند، بەمەش دەروازەی دەریای ڕەشیان پاراست و لە ڕێگای پشتگیری ڕژێمی سوریاش پێگەكانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەك بەهێز كردەوە، كە زۆرجاران هەوڵدەدەن تاكلایەنەو بە بێ ڕەزامەندی ئەمەریكاییەكان، بە پشتگیری توركیاو ئێران، مەسەلەی سوریا چارەسەر بكەن، وەك ئەوهەوڵانەی بەم دواییە لە سوچی دایان.!

 

چەقبەستنی گۆڕانكارییەكان نەگەیشتن بە هیچ ڕێكەوتنێك لە نێوان ئەمەریكاو ڕۆژهەڵات، ڕوس و چین و ئێران و تەنانەت هەندێك جار هیندستانیش، بووەتە سۆنگەی ئەوەی ململانێكان بەرەو ئەوروپا شۆڕبێتەوە، بە تایبەتی دوو زلهێزی ئەوروپی(ئەڵمانیاو فەڕەنسا) كە قووڵایی ستراتیژی خۆیان لەگەڵ ڕوسیا دەبیننەوە! ستالین سەرۆكی یەكێتی سۆڤیەت لەماوەی جەنگی دووەمی جیهان پێی لەسەر ئەوە دادەگرت، كە یەكێك لەو هەڵانەی لە جەنگی دوەمی جیهاندا كردیان، ئەوەبوو ڕێگەیاندا ئینگلیزەكان هیتلەر بكەن بە دوژمنی ئەوان، لە كاتێكدا زۆر خاڵی هاوبەش لە نێوان ڕوسیاو ئەڵمانیادا هەبوو، بۆیە پێی وابوو دەبوایە ئەوان هاوپەیمانیەتیان لەگەڵ ئەڵمانیادا ببەستایە.!

 

لە ڕاستیدا جگە لە لایەنی جیۆپۆلەتیكی، دیارە ئەمەریكاییەكان لە ماوەی هەردوو جەنگی جیهانیدا هۆكاری سەرەكی بوون بۆ دۆڕاندنی ئەڵمانەكان، چونكە بە هاتنی ئەمەریكاییەكان هاوسەنگی هێز لەبەرژەوەندی هاوپەیمانان گۆڕدار، كە لەكۆتاییدا بوە هۆی دابەشكردن‌و بە كۆلۆنیاكردنی ئەڵمانیا، ئەم دۆخە بۆ ئەڵمانیا بەردەوام بوو تا ڕوخانی یەكیتی سۆڤیەت، كە ئەمە دەرفەتی یەكگرتنەوەی بۆ هەردوو ئەڵمانیا هێنایە پێشەوە، بەم چەشنە دیواری بەرلین ڕوخاو شتێك نەما بەناوی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئەم دۆخە زۆر لە یەكێتی ئەڵمانیا نزیك بوو، كە لە ساڵی 1871 لە كۆشكی ئاوێنەكان، لە كۆشكی ئەلیزێ ڕاگەیەنرا، بەمەش ئەڵمانیا بوە زلهێزێكی ئەوروپی كەوتە داوای شوێنێك لەبەر هەتاو، ئەو پڕۆژانەی ئەڵمانیا لە ڕۆژهەڵات پێی هەڵسا، لەوانە پڕۆژەی هێڵی ئاسنی بەغدا-بەرلین، وەك هەندێك توێژەر ناوی دەنێن، تارماییەك بوو بۆ جەنگی یەكەمی جیهانی.

 

یەكگرتنەوەی هەردوو بەشی ئەڵمانیا هەمدیس ئەڵمانیای كردەوە‌ بە گەورەترین زلهێزی ئەوروپی و لەسەر سەركردایەتیكردنی ئەوروپا بوو بە ڕكابەری فەڕەنسا، بەم چەشنە لە پاڵ گۆڕانەكانی ئاسیا و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، گۆڕانكاریەكانی ئەوروپاش بوو بە فشارێك بۆ سیستمی تاك جەمسەری ئەمەریكی، كە جۆرج بوشی باوك لە ساڵی 1991 ڕایگەیاند، ئەمەش یەكێك لەو هۆكارانەیە كە دوای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانكارییەكان ڕاستەوخۆ بەرەو ئەوروپا بپەڕێتەوە، كە خۆی لە بنەڕەتدا بەدەم كۆمەڵێك قەیران دەیناڵاند، لەوانە مەسەلەی كۆچبەری نایاسایی و كەم بوونەوەی ژمارەی دانیشتوان و گۆڕانی هاوسەنگی تەمەنەكان لە بەرژەوەندی تەمەنی پیر، كە ئەوروپای كرد بە دەوڵەتێكی پیر!، ئەمە سەرباری ئەوەی ئەو یاسایانەی دەریانكرد بە هۆی باش بوونی باری گوزرەران، بەهۆی زیاد بوونی كۆچبەران و سوودوەرگرتن لە هەمان ئەو مافانە، ئابوری ئەو وڵاتانە دووچاری ماندوو بوون هاتوە.

 

خۆپیشاندانەكانی فەڕەنسا وادێتە بەرچاو و وا وێنا دەكرێت، كە وا هۆكارەكەی زیادكردنی نرخی سووتەمەنیە، بەڵام ئەگەر بەوردی لێی وردبیەوە، زیادكردنی نرخی سووتەمەنیەكە لە ڕووداوی خۆسووتاندنەكەی(بوعزیز) لە تونس دەچێت، بۆیە دەبینین هەرچەندە حكومەتی فەڕەنسا بڕیاری بەرزركردنەوەی نرخی سووتەمەنی هەڵپەسارد، بەڵام خۆپیشاندانەكان بەردەوامن، ئێستا فەڕەنسا بە شێوەیەك لە شێوەكان ئەمەریكا بەوە تاوانبار دەكات دەستی لەو ڕووداوانە هەیە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە بەشی زۆری خۆپیشاندەرە هێلەك زەردەكان چەپەكانن، كە ئەوانە زیاتر لە ڕووسیاوە نزیكن!!! ئەگەری ئەوە هەیە ئەو گۆڕانكارییانە بپەڕێتەوە ئەڵمانیاش، بە تایبەتیش ئەگەر ئەوەمان زانی كە تاوەكو ئێستا كۆمەڵگای ئەڵمانیا لە ڕووی ئابوری و مرۆییەوە هاوسەنگ نەبوەوە تا ئێستا جیاوازی لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا هەیە، بەشی ڕۆژهەڵات تائێستا لە ژێر كاریگەریەكانی سۆڤیەتی پێشو و ڕوسیای ئێستا دەرنەچووە، هەر بۆ نمونە زۆربەی ئەو بەرپرسانەی كە خەڵكی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات بوون، زیاتر كاریان لە نزیك بوونەوەو بەهێزكردنی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ ڕوسیا كردووە. بۆیە وایدەبینم، كە ڕووداوەكانی فەڕەنسا سەرەتای پایزێكی ئەوروپییە، هەرچەندە پەڕیوەتەوە بەلجیكا، بەڵام گریمانی پەڕینەوەی ئەڵمانیا، گۆڕانكاریەكان بەهێزترو ترسناكتر دەكات، ئەگەر بێت‌و ئەوەمان هێنایە بەرچاو كەوا هەردوو جەنگی جیهانی یەكەم و دووەم سەرەتاكانی لە ئەوروپا بوو.