كوردستان و ئەگەرە ترسناكەكان

19-12-2018 09:23

 

شتێكی ئاشكرایە، كە سیستمی نوێی دونیا شكستیهێناوەو بە كۆتا هاتووەو زیاتر لە دوو ساڵیشە بە شێوەیەكی كرداری ئەمەریكا هەژموونی جیهانیی خۆی لە دەستداوە، بەڵام كشانەوەی ئەمەریكا بەو شێوە كتوپڕە، ڕەنگە شكستێك بێت، كە تەنیا بە كشانەوەی هێزەكانەوە نەوەستێت‌و بەرەو ناوەوەی ئەمەریكاش هەڵكشێت، واتە ساڵی 2019، بە گوێرەی ئەمەریكاییەكان وەك قۆناغی ڕوخانی شكستی سۆڤیەتییەكان دەبێت لە قۆناغی بە كۆتا هاتنی شەڕی سارد! ئەمەریكا لەڕووی داراییەوە لە قەیرانە، بە ملیاران دۆلار تەنیا قەرزاری وڵاتی چینە، دەربارەی زۆر لە مەسەلە جیهانییەكان لە پاشەكشەدایە، لە كاتێكدا پێشتر وەكو هێزێكی گەردوونی ڕەفتاری دەكرد، بۆ نمونە لە ساڵی 2017 لە یەكێك لە مەسەلە جیهانیە گرنگەكان كە ڕێكەوتنامەی پاریس بوو بۆ دۆخی كەش و هەوای جیهانی كشایەوە!.

 

لە سوریا هاوپەیمانێتییەكی سێلایەنەی هەرێمیی لە نێوان ڕوسیا و ئێران و توركیا بە شێوەیەكی ناواخنیی دروست بووە، ئەوروپا، بە تایبەتیش ئەڵمانیا، كاردەكات پردێك لەنێوان ئەوروپاو ئاسیا دروست بكات، واتە بە شێوەیەك لە شێوەكان كار لەسەر سەركەوتنی پڕۆژەی ئۆراسیا دەكات، كە ڕوسیا پێشەنگایەتی دەكات!، لەپێناو تۆڵە كردنەوە لە ئەمەریكییەكان، كە هۆكاری سەرەكی بوون بۆ ئەوەی ئەوان هەردوو جەنگی یەكەم و دووەمی جیهانی بدۆڕێنن، بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ڕوسیاو چین زۆر بەرەو پێش بردوە.

 

كەواتە ئەمەریكا لە دۆخێكدایە شایەنی ئێرەیی پێ بردن نیە، توركیا بە دەست لە پشتدانی ئێران و ڕوسیا دەیەوێت پەلاماری ڕۆژئاوای كوردستان بدات، پێموانیە ئەمەریكا ئامادەبێت لە پێناو مەسەلەیەكی تەكتیكی، كە شەڕی داعش و بەكارهێنانی كوردە، بچێتە ناو شەڕێكەوە، كە ڕەنگ بێت ببێتە سەرەتای جەنگێكی جیهانیی گەورە، بۆیە مەسەلەی كشانەوە لە ڕۆژئاوا دەوروژێنێت بۆ ئەوەی ڕای گشتی جیهانی لەو هێرشە دووربخاتەوە، كە توركیا بە یارمەتی هاوپەیمانەكانی لە باشووری كوردستان ڕەنگ بێت ئەنجامی بدات، بۆیە گریمانەی ڕێككەوتنێك لە نێوان توركیاو ئەمەریكا لە ئارادایە، بۆ ئەوەی چوارچێوەی شەڕەكە هێندە فراوان نەبێت و مەترسی جەنگێكی جیهانی لێ نەكەوێتەوە، شەڕەكە بكەنە شەڕی كوردی-كوردی، توركیا لەشكری ڕۆژی ئەنەكەسە كە پارتی دیموكراتی كوردستان پاڵپشتیان دەكات، بكاتە قەڵغانی خۆی و شەڕەكەی پێ بكات، بۆیە یەكێك لە ئەگەرە ترسناكەكانی ئەو دۆخە شەڕێكی كوردی-كوردیە، بۆ ئەوەی سۆزی ڕای گشتی جیهانی بەرامبەر مەسەلەی كورد سفر بكرێت و شەڕەكە وەك شەڕێكی ناوخۆ سەیری بكرێت، بەمەش لە لایەك توركیا بە ئامانجەكانی خۆی دەگات، لە لایەكی تر ئەمەریكاش خۆی لە تێوەگلان لە شەڕێكی وا گەورە دووردەخاتەوە!؟