بتی شوومی خێزان

26-12-2018 05:10

 

خێزان یەكەیەكی كۆمەڵایەتییە بۆ ژیان، بەڵام ئەو قودسیەتە زیادەیەی كە پێی دراوە، كردوێتی بە یەكەیەك بۆ توندوتیژیی!

 

خێزان دامەزراوەیەكە بۆ ئەوەی ژیانی تیابكرێ، كە خۆی بوو بە لەمپەری بەردەم ژیان، ئیتر نابێ ژیانەكە لە خاچی لەمپەرەكە بدرێ، ئەبێ لەمپەرەكە لاببرێ! چونكە لەو هاوكێشەیەدا ئەگەر موقەدەسێك هەبێت ژیانە نەك خێزان، ئەوەی كە گرنگە ئاسودەیی ئینسانە، نەك قەداسەتی كیانێك.

 

سنوری خێزان بەقەت سنوری ژیانە، خێزان تا ئەوێ بڕئەكا كە ژیانی تیایە، كە بوو بە دۆزەخی ژیان، ئیتر شوێنی شیاوی ئینسان دەرەوەی خێزانە! بەڵام هەر ئەو كۆمەڵگایەی كە ناو خێزانی كردوە بە دۆزەخ، پێشتر دەرەوەشی كردوەو مەجالێكی بۆ كشانەوە نەهێشتۆتەوە، بۆیە خێزان ئەبێتە شوێنێك بۆ مانەوە سەرەڕای دۆزەخییەكەی.

 

خێزان ئەوەیە دوو كەس خۆویستانە باری یەكتری لە شان بنێن، نەك ئەوەی دوو كەس باری ناچاریی كۆمەڵگایان لێ بار بكرێ!! ئاخر كۆمەڵگا بە جۆرێ خێزان بارئەكا، كە هەڵگرتنی لە هێزی ژیانا نامێنێ و ئەبێ شان و ملی مەرگی بۆ قەرزبكەین، بۆیە خێزان ئەبێتە دۆزەخ و مەرگەساتی ئینسانەكان.

 

لە زهن و سەقافەتی باوی ئێمەدا(بەردی بناغەی كۆمەڵگا خێزانە) ئەمەش بناغەیەكی هەڵەیە، چونكە قەداسەتی لە ئینسان وەرگرتووەتەوەو داویەتی بە خێزا!

 

ڕاستییەكەی ئەوەیە كە (بەردی بناغەی كۆمەڵگا ئینسانە) لێرەدا ئیتر خێزان هەر گرنگە، بەڵام هیچ شتێك لە ئینسان خۆی گرنگتر نیەو ئینسان ناكرێ بە قوربانی شتەكانی تر.

 

خێزان شوێنێك نیە بۆ ڕازیكردنی خواو دین و نەریت و كۆمەڵگا.. بەڵكو شوێنێكە تەنیا بۆ ڕازیبوونی دوو كەس، ئەبێ بشبرێتەوە بۆ ئەو حەجمە، چونكە ئەوە دۆخی ئاسایی خۆیەتی. خێزان ئەگەر قەداسەتێكی هەبێ، بۆ ئەوەیە كە دوو كەس پێی ڕازیبن و تیای بژین، كە ئەو ڕەزاو ژیانە نەما، ئیتر خێزان پاساوی بوونی نامێنێ چجای پاساوی پیرۆزیی!

 

بۆ ئەوەی كولتورو دیدی باوی كۆمەڵگا بۆ خێزان بگۆڕین، ڕۆڵی (پەروەردەو ڕاگەیاندن و پەرستگا) گرنگ و یەكلاكەرەوەیە.

 

زۆر گرنگە پەروەردەیەكی ئینسانخواز جێگای پەروەردەیەكی خێزانپەرست بگرێتەوەو لەمەودای دووردا كاریگەریی خۆی دانێت.

 

وەكو حاڵەتی تەوارییش گرنگە قسەی مەلا لەسەر خێزان سنوردارو كەمبكرێتەوە، چونكە مەلا (وازلەوە بێنە كە هەنێ جار خراپ ئەڵێ) ئەو كاتەشی كە قسەی خێرئەكات، هەمیشە لە ڕەهەندی پیرۆزییەوە قسە لەسەر خێزان ئەكاو ڕەبتی ئەكاتەوە بە خواو پێغەمبەرو دینەوە، لێرەشەوە قوڕی قەداسەتەكەی خێزان خەستترئەكاتەوە، كە كێشەكە هەر ئەوەیە!

 

خێزان وەكو یەكەیەكی موقەدەس بۆیە كێشەیە، چونكە موقەدەس بە توندوتیژی ئەپارێزرێ!

 

چونكە كێشەیەك پەیوەندی بە موقەدەسەوە هەبێت بە حیوار حەلناكرێ و یەكسەر ئەڕوا بۆ توندوتیژیی!

 

چونكە هەموو كارێك كاردانەوە ئەهێنێ و لە دۆخی موقەدەسدا كاردانەوە هەمیشە توندوتیژییە!

 

چونكە لە كولتوری پیاوسالارییدا خێزانیش دەزگایەكی پیاوسالارییەو ناتوانێ لە دەرەوەی سیاقە گشتییەكەی كۆمەڵگادابێت، خودی پیاوسالاریش توندوتیژییەو یەعنی پێش كاردانەوە، شتەكە هەر لە كارەوە توندوتیژییە!

 

چونكە كە خێزان بووبە دۆزەخ هاتنە دەرەوە لێی تاكە چارەسەرە، بەڵام كە شتەكە موقەدەسبوو ئیتر ڕێی هاتنە دەرەوە گیراوە!!

 

ئەگەر پیرۆزیی لە خێزان داماڵرێ و لەگەڵیشیا دەوڵەت پشتیوانی تەرەفی لاواز بكات، ئەوكات ژیانی ژن لە خێزاندا كۆتایی نایەت، بەڵكو خێزان تەنیا قۆناغێكی ژیانەو كاتێ ژیانی تیانەما، ژن دێتە دەرەوەو ژیانێكی تر دەست پێئەكات.

 

ژنكوشتنیش وەكو هەموو كوشتنەكانی تر سەر بە دونیای توندوتیژییەو توندوتیژیش ئەو دونیایەیە كە تیایدا مرۆڤ و بەها مرۆییەكان لە پەراوێزدان و كۆمەڵگاو بەها كۆمەڵایەتییەكان لە سەنتەردان!

 

مەسەلەن خوێن و گیانی ئینسان خەتی سورنیە، بەڵام شەرەفی ئینسان خەتی سورە، لەكاتێكا نەكوشتن بەهایەكی باڵای ئینسانییەو شەرەف بەهایەكی قەزەمی ناو كۆمەڵگای پیاوسالارییە.

 

دواجار دامەزراوەی خێزان بەم مواسەفات و مەرجانەی ئێستای فەشەلی هێناوە، چونكە بووە بە چەتری توندوتیژی، تا لە پیرۆزییەكەشی نەدرێ نابێتەوە بە چەتری ژیان!