ئەمەریكا باوكی كورد نیە

30-12-2018 11:50

 

كاتێك ئەمەریكا باسی پاشەكشە دەكات پێیەكانی بەمیل داكوتاوە لەو شوێنەدا. ئەمەریكا ٨٠٠ بنكەی سەربازی هەیە لە جیهاندا، ساڵانە ملیاران دۆلار تێچونی ئەو بنكانەیە، تەنها لەعێرقدا ٥٠٥ بنكەی هەبوو كاتی خۆی، ئیستا كەمی كردۆتەوە بۆ ٥٨ بنكە. ئەمەریكا چوبێتە هەر وڵاتێك، لەڕووی سەربازییەوە كۆتایی بەكارەكانی هێنابێت لەڕێگای كەناڵی ترەوە چۆتەوە ئەو وڵاتەو چۆڵی نەكردوە بەیەكجاریی.

ئێستا كە ترامپ باسی پاشكەشە دەكات لە سوریا، لە ڕێگای ماڵپەرەكانی هەلی كارەوە پەنتاگۆن(وەزارەتی بەرگریی) بەدوای دەیان وەرگێڕی كرمانجیدا دەگەڕێت بۆ سوریا. تەنها لەناو سوریا ١٢ بنكەی سەربازیی ئەمەریكی بەهەموو پشتیوانیەكی زانیاری و سەربازیی بە ئاشكراو نادیار بونی هەیە، بۆیە لە ناوچەكە ناڕوات و دەمێنیتەوە.

بۆ ڕۆژئاواییەكان لە ڕۆژهەڵاتن؟

هەر كورد نا، بەڵكو تەواوی ڕۆژهەڵاتییەكان بۆ جوڵانی بەردێكی بچوك، حەز دەكەن پرس بە ڕۆژئاوا بكەن، هیچیشیان لێ فێرنابن. لاوازی ڕۆژهەڵاتیەكانە بەردەوام ڕۆژئاواییەكان بونیان هەیە بە چاك و خراپ لەناوچەكە.

كورد بەكەڵكی خۆی نایەت!

مێژوو بەدرۆ نوسرابێتەوە یان وەك خۆی، كورد هەمیشە پاڵەوانی بێگانە بووە، لە ئیمپڕاتۆرەكانەوە تا حوكمڕانییەكانی ئێستاش پارێزەری سەرسەخت و قوربانیی بەرگریكەریان هەر كورد بووە، ئەو قسەیەی ترەمپ بەردەوام بەكورد وتراوە، كە ئێوە شەڕكەری باشن، لە هەموو سەردەمێكدا كراوە، لەخۆشیی ئەو قسەیە، كورد هەموو شەڕێكی كردوە، بەس نەیزانیوە بۆ دەرئەنجامەكەی چی دەبێت. كەشتەكان كۆتایی دێت، كورد دەست دەكات بەگلەیی و بۆڵەبۆڵ، گوایە غەدریان لێكردوە، بەردەوام وەك قوربانیی خۆی نمایش دەكات، داوای بەزەیی دەكات، ئێستاش كەس پشتی لەكورد نەكردوە.

ئەمەریكا سوڵحی شەڕی ناوخۆی بۆكردووی، تۆی پاراستووە، سەدامی بۆ ڕوخاندووی، لە ٢٠٠٣ وە پێت دەڵێت خۆت چاكبكە، كە تۆ نەیكەی ئەتەوێت چیت بۆ بكات؟ دانیشێت پارێزگاری لەتۆ بكات، كە ئامادەنیت خۆت بگۆڕیت؟ هەموو شتێكی حوكمڕانیەكەت قبوڵە، كەبەس حوكمڕانی نیە، پلان و ستراتیژت نیە، ئیتر ئیشی ئەمەریكا نیە تا دەمرێت بەدی گاردت(پاسەوان) بێت.

ئەمەریكا بۆ لەناوچەكەیە؟

ڕوونە ئـەمەریكا بەپێی بەرژەوەندیی خۆی كار دەكات و، سیاسەت لە ئەمەریكا لەسەر بنەمای هاوسۆزی دانەمەزراوە، كە لەناوچەكەشە بۆ خۆی لێرەیە، نەهاتووە تاسەر تۆ بپارێزێت، كە ئێستا دەڵێت كەی بمەوێت دەڕۆم، هیچ گرێبەستێكی سیاسی و ئەخلاقی بەرامبەر تۆ نیە، تائێستا هیچ ڕێكەوتنێك نیە لەنێوان كوردی هیچ پارچەیەك، ئەمەریكا بەزیادەوە هاوكاری هەموویانی كردوە، كوردی باشور و ڕۆژائاواش زیاد لەپێویست لەڕووی سەربازی و پارەوە سودیان لەئەمەریكا وەرگرتووە، هەموو كەلوپەلە سەربازییەكانی هەرێم و ڕۆژئاوا لەپێشوودا بریتی بوو لەچەند چەكێكی سوك، كۆمەڵێك كەلوپەلی كۆنی سەربازیی ڕژێمی پێشوو، ئێستا چی چەكی باشە ئەمەریكا بۆی دابین كردووی، شەڕی داعشیشت بێ ئەمەریكا بۆنەدەكرا بەو هێزە حزبیانەی هەریەكەو لە ئاغایەكەوە فەرمانی پێدەكرێت، ئێستاش ئەمەریكا ٣٦٥ ملیۆن دۆلار مانگانە دەدات بە پێشمەرگەی هەرێم و بودجەیەكی نادیاریش بۆ هێزەكانی ڕۆژئاوا.

كورد با واز لەگلەیی بێنێت

لە ڕیفراندۆمەكەوە دەركەوت كە كورد پەیوەندییەكانی لەسەر هیچ بیناكردوە، ئێمە خاوەنی نوێنەرایەتییەكی ناجێگیر و ناڕەسمین لە جیهانی نێودەوڵەتیدا، هیچ دۆستێكمان نیە، چونكە خاوەنی كۆمەڵێك ناسیاسی و فاشیل‌و چەتەین كە لەشاخەوە هاتون، هیچ تایبەتمەندیەكی حوكمڕانییان تێدا نیە، دواتر هیچ شتێكی جوانت نیە سەرنجی دەوروبەری پێڕابكێشیت، دابەشبووی بەسەر چەند بەریەكدا خۆت ڕێك ناخەیتەوە، دامودەزگات لەهیچ ناچێت، بەو پۆخڵەواتیەوە سەد ساڵیتر كەس هاوسۆزت نابێت، تۆ دەبێت شاخ و حزب و بنەماڵە تێپەڕێنیت لەناوخۆدا، دوایی پەل بهاویت بۆ دەرەوە، كورد پێش ئەوەی بیر لەودیو سنورەكانی خۆی بكاتەوە، پێویستە سەرەتا كار لەسەر خۆ ڕێكخستنەوەی نێوماڵی خۆی بكات، هەڵەكانی ڕاست بكاتەوە و، ببێتە خاوەنی گوتارێكی هاوبەش.