دیموكراسیەت و ژیانی ڕۆژانە

06-01-2019 06:17


بەدرێژایی مێژوو دیموكراسیەت زۆر دوژمنی هەبووە، لە ئەرستۆكرات و پادشا و جەنەڕاڵەكانی سوپاوە بیگرە، بۆ ئەو نووسەر و ڕۆشنبیر و خوێندەوارانەی گاڵتەیان بە كۆمەڵگا دێت و خەڵك وەك حەشامەتێك لە گەمژە و نەزان و بێمێشك مامەڵە دەكەن. هەموو ئەوانەش كە بەناوی ڕۆحانیەت و بەناوی ئامانج و مەبەستی مەزن و پیرۆزەوە گاڵتەیان بە ژیانی ڕۆژانە و بە ئامادەگیی مرۆڤ لەناو سیاقە كۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرهەنگییەكانی ئەو ژیانە، دێت.



دیموكراسیەت هەم دوژمنی خوێندەوار و هەم دوژمنی نەخوێندەواری هەیە. بەڵام یەكێك لە خاڵە هەرە پۆزەتیڤ و بەهێزەكانی سیستمی دیموكراسی لەوەدایە كە ژیانی ڕۆژانەی تاكەكەس و گروپ و كۆمەڵگا زۆر بە جدی وەردەگرێت. ئەو سیستمە سیاسیی و كۆمەڵایەتییە كە كێشە و ململانێ و چاوەڕوانیی و ئەگەرە باش و بەدەكانی ناو ئەو ژیانە وەك مەسەلەی سەرەكیی و بنەڕەتیی مامەڵە دەكات و لەسەر دۆزینەوەی چوارچێوەیەكی هاوبەش بۆ ئەو گشتە ئاڵۆزە كاردەكات.



دیموكراسیەت سیستمێك نییە بەدوای وەڵامدانەوەی ”پرسیارە ئەبەدیی“ و”قووڵ“ و ”گەورەكان“ی مرۆڤەوە بێت، یان هەڵگری ”خەیاڵێكی میتافیزیكیی“ ئەبستراكت بێت و بەدوای ”كردەی گەورە“ و ”ڕووداوی پاڵەوانانە“ و ”ژێرەوژووركردنەوە“ گەورەكانی كۆمەڵگا و مێژووەوە بێت. بكەرەكانیشی ڕۆحانییەكان‌و نوخبە فیكریی و ئەدەبییەكان نییە، بەڵكو خەڵكی سادە و مرۆڤە ئاساییەكانی ناو كۆمەڵگان. بۆیە هەموو ئەوانەی بە زمانی ”ئەبەدیەت“ و ”دیوە قووڵە“كانی ژیان و ”بەها نەمرەكان“ەوە ئەدوێن و قسە دەكەن، ئەوانەی خەریكی وێناكردنی كەون و مرۆڤن بە ڕۆحێكی ئەبستراكت و نارسیستیانەوە، ئەوانەی ڕقێكی گەورەیان لە خەڵكی ئاسایی ناو ژیانی ڕۆژانەیەو بەدبینییەكی گەورەیان بەرامبەر بە ململانێ ڕۆتنیی و ڕۆژانەییەكانی نێوان تاكەكەس و گروپەكان هەیە، ئەوانە زۆرجار دیموكراسیەت بە گەمژەیی سیاسیی و مێژوویی دەزانن. دیموكراسیەت نوقسانی گەورە و جدیی هەیە، بەڵام نوقسانییەك كە هەر لەناو ژیانی ڕۆژانە خۆیدا چارەسەر دەكرێت، نەك لە ناو گەڕان بەدوای ئەبەدیەت و ڕۆحانیەتدا.



دوژمنی ژمارە یەكی دیموكراسیەت ئەوانەن لەباتی بیركردنەوە لە بوونی ”ماڵێك لەناو واقیع“دا بیر لە دروستكردنی ”ماڵێكی میتافیزیكیی و ڕۆحانی“ لە ڕووبەرێكی ئەبستراكت و بان مێژوویدا دەكەنەوە، لە شوێنێكدا لە دەرەوەی واقیع و لەودیوی ململانێكانی ناو ژیانی ڕۆژانەدا. ئەم هێزە نادیموكراسانە پێیانوایە ئەركی فیكر و بیركردنەوە دەكەوێتە دەرەوەی بیركردنەوە لەو كێشە و مەسەلانەوە كە ژیانی ڕۆژانە دروستیان دەكات. نەك هەر ئەمە، بەڵكو ئەم فۆرمە لە بیركردنەوە و بەرخورد وەك تەعەداكردنەسەر ماڵە ڕۆحانیی و میتافیزكیی و ئەبستراكتەكانی ناو ”وجود“ و وەك تەعەداكردنەسەر مانا ”قووڵ“ و ”نەمر“ەكانی مرۆڤبوون، تەماشادەكەن. ئەمانە پێیانوایە هەمیشە سەتحێكی تر هەیە كە باڵاتر و مەزنترە لەوەی كە لەناو مێژوودا لە فۆرمی واقیع و ژیانی ڕۆژانەدا ئامادەیە، ئەو ”سەتحە مەزنە“ هەرچییەك بێت سەتحی ژیانی ڕۆژانە و واقیعی بەرجەستەی ژیانی تاكەكەس و گروپەكان نییە.