ئەخلاقی بەدیل

10-01-2019 01:31


سیاسەت كاری پێكەوەییە، ئەوەیە كە سەرەڕای ململانێ، دواجار من‌و تۆ پێكەوە ئەیكەین. من‌و تۆش كە خەریكی ناوزڕاندنی یەكتربین، ئیتر ناشێ سیاسیی بین، چونكە ناتوانین كەسایەتی یەكتر بهاڕین و تەواوكەرو هاوكاریش بین.



سیاسەت فەنی بیناكردنی كۆمەڵگەو ئینسانە، كاتێ سیاسییەكانیش خەریكی ڕوخاندنی یەكترن، ئیتر ناتوانن شتی تر بینا بكەن.



سیاسەت بۆ ئەوەیە لەوسەرەوە بڕێك قورسایی و كەرامەت بۆ ئینسان فەراهەم بكات. كە سیاسەت پڕۆسەی سوككردنی یەكتربێ و خۆی ئەونە سوك بێت، ئیتر ناتوانێ قورسایی ببەخشێت.



سیاسەتی نائەخلاقیی شوناسی پارتی و یەكێتی و هێزە نادیموكراتەكانە. تۆ كە بە هەمان ئەخلاقەوە سیاسەت ئەكەیت، ناكرێ جیاوازو دیموكرات بیت، تۆ كە ئەخلاقی سیاسی بەدیل تەرح نەكەیت ناتوانی بەدیلی پارتی و یەكێتی بیت!



ئێمە پێویستمان بە حیزبی تر نیە، پێویستمان بە ئەخلاقێكی سیاسیی ترە. پێویستمان بە ڕاگەیاندنی تر نیە، پێویستمان بە ئەخلاقێكی تری ڕاگەیاندنە. پێویستمان بە قەڵەم و نوسەرو ڕۆشنبیری تر نیە، پێویستمان بە ئەخلاقێكی تری نوسینە.. كاتێكیش كە ئەخلاقی باو ئەخلاقی ستەمكارییە، ئەخلاقی بەدیل هەر ئەوەیە كە ستەمكارانە نەبێت!



ئێمە پێش هەر شتێك لە قەیرانی ئەخلاقداین و لە هەر شتێكیش زیاتر پێویستمان بە ئەخلاقە، ئەخلاقیش هەر ئەوەنیە كە بەرامبەر ستەمكاریی بوەستیتەوە، ئەخلاق ئەوەیە كە خۆت ستەمكارێكی تر نەبیت!



ئەمەوێ بڵێم لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی، ئەو ستەمەی كە پەیجە موعارەزەكان ئەیكەن لە ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشینەوەو شكاندنی كەسایەتی.. ئەشهەدو پارتی و یەكێتی بەو دەرەجەیە نەیانكردوە ئەگەرچی مۆدێلەكەو ئەخلاقەكە هی ئەوانەو لەوانەوە داكەوتووە.



نا بۆ مۆدێلی سەگەپەیج و قاچگرتنی ئەم و ئەو. بەڵێ بۆ ئەخلاقی بەدیل و ناستەمكارانە.