چی لە نێوان عەسایب‌و حیكمەدا دەگوزەرێت؟

14-01-2019 02:30

 

ماوەی چەند هەفتەیەكە كێشەی نێوان بزوتنەوەی عەسایب و ڕەوتی حیكمە لەسەر ئاگرێكی كز لەڕێگەی شەڕی میدیاییەوە گەرمە، بەڵام كاتێك كەناڵی فوراتی حەكیم ئێوارەی پێنجشەممە كوژرانی خاوەنی چێشتخانەی لەیمونەی بەغدای خستە ئەستۆی چەكدارانی عەسایب، گرژییەكە گەشتە پلەی كوڵان و شەڕێكی قورسی بەیاننامەی بەدوادا هات و خەریكبوو بگاتە پەنابردن بۆ جووڵاندنی جەماوەری هەردوولا دژ بەیەكتر.

سەرەتا عەسایب ڕایانگەیاند سكاڵا لەدژی فورات تۆمار دەكەن، بەڵام دواتر قەیس خەزعەلی ئەمینداری بزوتنەوەكە لە تویتێكدا كەناڵی فوراتی بە "ئەوپەڕی سوكێتی یان بەكرێ گیراویی" تۆمەتبار كرد، ئەمەش پەرچەكرداری توندی هەوادارانی حەكیمی لێ كەوتەوە كە ژمارەیەكیان بەرپرسی باڵا بوون و باسیان لەوەكرد ئەوانەی خەلفەی جەنەراڵ و پاشكۆی مەسجیدی و شوێنكەوتەی ئەودیون تۆمەتی نۆكەریی دەبەخشنەوە!!

كێشەی ئەم دوو باڵە شیعییە ئەگەرچی لەڕواڵەتدا ئیعلامی و لەسەر هەندێ ڕووداوی دیاریكراوە، بەڵام ڕیشەكەی دەگەڕێتەوە بۆ شەڕ و ململانێكان لەسەر بەشكردنی میراتی جەنگ لەپاش داعش و دابەشكردنەوەی نەخشەی ماڵی شیعە لەبەغدای پایتەخت.

ڕەوتی حیكمە، عەسایب بە تاڵانكردنی گەورەترین پاڵاوگەی عێراق(بێجی) تۆمەتبار دەكات، لەگەڵ تۆقاندنی خەڵك لەڕێگەی میلیشیاوە، ئەمە جگە لە داگیركردنی خانوی مەسیحییەكانی كەڕادەو زەیونەی بەغداو تۆقاندنی مامۆستایانی زانكۆ.

بەرامبەر بەمە عەسایبیش جەخت دەكاتەوە كە ڕەوتی حیكمە وەزارەتی نەوت و پارێزگاری بەسرەیان هەر بەگەندەڵی و پارەلادان بەڕێوەبردووە، ئێستاش بوونەتە كەڕەنای پڕۆژەی ئەمەریكی-سعودیی دژی "حەشدی شەعبی پیرۆز"و سەركردەكەشیان كە عەمار حەكیمە شەرعیەتی نییە.

هەوڵی زۆر هەبوون بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكەو ڕێكخستنی دیدارێك بۆ حەكیم-خەزعەلی، بەڵام قەبارەی ناكۆكییەكان لەوانە گەورەترن و ئێستا گرژییەكە بە شێوەیەكی كاتیی و نێوانگریی سەرۆكایەتی كۆمار و بزوتنەوەی بەشائیری مالیكی وەستاوە، ئەوەشی ناكۆكییەكەی قووڵتر كردووەتەوە پاڵپشتیی شەش لە گروپە سەرەكییەكانی حەشد بوو بۆ عەسایب دژی ڕەوتی حەكیم لەنێویشیاندا هادی عامریی، كەچی سەدرو عەبادی و عەللاوی كە لەحەكیمەوە نزیكن بێدەنگن و تا ئێستا هیچیان نەوتووە.

بەپێی ناوەڕۆكی ئەو نامانەی بەئاشكرا لە نێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕیان پێكراوە، پێكدادان و بەریەككەوتنی ئەم دوو لایەنە ڕیشەدارە و ڕەهەندی هەرێمایەتی هەیەو كۆتاییهاتنی یەكجاریی قورسە، جگە لەمەش ئەوەی ڕوودەدات بەشێكە لەو پێشبینیە بەردەوامانەی بۆ دوای شەڕی داعش دەكران و ترسەكە لە عێراق ئەوەیە ناكۆكی ئەو دووانە بگاتە شەڕی ناوخۆیی شیعە، چونكە عەسایب باڵی چەكدارو حیكمەش پێشینەی چەكداریی هەیە.