گۆڕانكاریی گرنگ لە باكوری كوردستان‌و پشتیوانی هەدەپە لە سەرۆك بارزانی

30-01-2019 04:28

 

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەكانی توركیا نزیكە، ئەم جارە ڕەنگبێت هاوكێشەكان گۆڕانكارییان بەسەردابێت، هەدەپە نایەوێت خۆی وابەستەی فشارەكانی قەندیل بكات، ڕەنگبێت قازانج لەمەدا بكات، لەتازەترین كاردانەوەدا ساروخان ئولوچ گوتەبێژی هەدەپە، دەڵێت"هەدەپە لەشارەكانی ئەنقەرەو ئیستەنبوڵ‌و ئیزمیر بەربژێری نابێت، و لەو سێ شارەش دەنگ بەو بەربژێرانە دەدەن كە هەڵگری دیموكراتییەتی بەهێزن." واتە ئەم جارە هەدەپە دەیەوێت بەجۆرێكی دیكە، پارتی دادوگەشەپێدان(ئەكەپە)، بخاتە بەردەم نەشتەری سیاسییەوە، ڕەنگبێت ئەم بڕیارەی هەدەپە قازانج بێت لەبەرژەوەندی پارتی جەهەپە-ی ڕەگەزپەرستی توركیا، چونكە سەرجەم ئاماژەكان بۆئەوە دەچن كە دەنگی هەدەپە لەو سێ شارە بۆ جەهەپە دەبێت.

لەهەمانكاتدا هەدەپە بۆ عەنتاب و ئەدەنەش بەربژێری نابێت، كە خاوەن جەماوەرێكی بەرفراوانە لەو شارانەو دەنگی ئۆپۆزسیۆنی توركیاش لەو شارانەی هەدەپە بایكۆتی كردوون بەهێزەو دوورنییە هەدەپە ئەم جارە تاكتیكی بەهێزنەبێت كە دواجار ڕەنگبێت ئەكەپە ناچار بكات بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی ئێستای.

لە هەڵبژادرنی 1ی 11ی 2015 هەدەپە لە ئەستەنبوڵ 10.27% دەنگی بەدەستهێنا. كەچی لە 24ی حوزەیرانی 2018 توانی دەنگەكانی بۆ 12.5% بەرز بكاتەوە، لەكاتێكدا هەردوو پارتی (ئەكەپەو مەهەپە) لە ئەستەنبوڵ 51% دەنگیان بەدەستهێنا، و پارتی (جەهەپەو پارتی باش) 35.9 % دەنگەكانیان بەدەستهێنا، كەواتە ئۆپۆزسیۆنی توركیا بە پشتیوانی دەنگی هەدەپە ئەگەری بردنەوەی چەند سەرۆك شارەوانییەك مسۆگەر دەكات.

لە شارەكانی ئیزمیر و ئەدەنە كە دەنگی جەهەپەی تێدا زۆرەو لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو یەكەم بووە، هەدەپەش ڕۆڵی بەهێزی هەیە، بۆنموونە ساڵی 2015 لە ئیزمیر هەدەپە لە 8.6% دەنگی بەدەستهێناوەو لە 2018 كردوویەتی بە 11.4%، لە شاری ئەدەنەش هەدەپە لە 1ی 11ی 2015 توانی 11.2 %ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بەڵام لە 24ی حوزەران توانی دەنگەكانی بۆ 13.5 % بەرزبكاتەوە، لەكاتێكدا هەردوو پارتی ئەكەپەو مەهەپە تەنیا 46.4%ی دەنگەكانیان بەدەستهێناوەو (جەهەپە و پارتی باش) 39.3%ی دەنگەكانیان بەدەستهێناوە، خۆ ئەگەر دەنگی هەدەپەو جەهەپە كۆبكرێتەوە ئەوە بەربژێریان بۆ شارەوانی ئەوشارە دەردەچێت، كەوایە بیركردنەوەیەك لەلایەن هەدەپە هەیە كە ئەم جارە دەنگەكانی لەچەند شارەوانییەكی توركیا بخاتە خزمەتی بەربژێرەكانی پارتی ڕەگەزپەرستی تورك (جەهەپە)وە.

چارەنووسی پەكەكە و هەدەپە

پرسیاری گرنگ ئەوەیە كە ئەگەر هەدەپە لەم هەڵبژاردنە بەقورساییەكی زۆرەوە لێی دەربچێت و لە باكوری كوردستان زۆرترین شارەوانی بباتەوە و لە ئەستەنبوڵیش بەدەنگی هەدەپە، جەهەپە توانی سەرۆكی شارەوانی بباتەوە، ئەو كات دەرگای گفتوگۆی ئاكەپەو هەدەپە دەكرێتەوە؟ بێ گومان بەڵێ، چونكە ئەگەر هاتوو لە توركیاش پرسی چارەسەری بێتەوەبەرباس لەبەرژەوەندی ناوچەكە و كوردستانی باشورە، هەرچەندە ئاڕاستەیەك هەیە كە پەكەكە لەگەڵ چارەسەری كێشەی كورد نییە لە باكووری كوردستان و چەندە ئەكەپە و هەدەپە لەیەك نزیك ببنەوە لەبەرژەوەندی پەكەكە نییە، چونكە خەڵكی باكووری كوردستان ئاشتییان دەوێت، هەرچەندەش هەدەپە قورسایی زیادببێت لە باكوری كوردستان، پەكەكە جەماوەری كەم دەبێتەوە، چونكە ئاڕاستەیەك لە شەقامی باكوری كوردستان بەهێزە كە پرسی چارەسەری كێشەی كورد لە پەرلەمانی توركیایە نەك قەندیل.

ڕاستییەك هەیە ئەویش ئەوەیە كە زۆرێك لەسەركردەكانی هەدەپە باگراوندێكی پەكەكەیان هەیە، مانگرتنی ئەم دواییەی پەرلەمانتارانی هەدەپە بۆ باشتركردنی ڕەوشتی ئۆجەلان دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، بەڵام دواجار هەدەپە لە توركیا سیاسەت دەكات، زۆربەی سەرۆك شارەوانییەكانی هەدەپە لەلایەن ئەكەپەوە دوورخراونەتەوە، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا هەدەپە كۆمەڵێك كەسی هێناوەتە پێشەوە كە باگراوندی پەكەكەیان نییە، ئەمەش سیاسەتێكە كە پەیڕەوی دەكات بۆ ئەوەی لە باكوری كوردستان، ئەگەر زۆرترین شارەوانی بباتەوە ئەكەپە نەتوانێت سەرۆك شارەوانییەكان دەربكات‌و دەیەوێت بە بەردێك دوو چۆلەكە بكوژێت، یەكیان لە حكومەت نزیك ببێتەوە بۆ چارەسەری كێشەی كورد، دووەمیش دەیەوێت بە قەندیل بڵێت كە بۆشاییەك لەنێوانمان هەیە. ڕەنگبێت ئەمەی هەدەپە و پەكەكەش یارییەك بێت بیكەن بە ئاگاداری قەندیل، بەڵام بۆ ئەوەی بیەوێت لە توركیا قورسایی هەبێت، دەبێت ئەوە بكات، چونكە خۆ ناكرێت دەستەوەستان بن لەبەرانبەر فشاری ئەكەپە.

ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە باكور

تادێت ئاستی پشتیوانی لە سیاسەتی (سەرۆك بارزانی) لە باكوری كوردستان فراوان دەبێت، دوا بڕیاری هەدەپە لەبارەی دروستكردنی لیستێكی هاوبەش كە سەرجەم حزبە كوردییەكانی تێدابێت، پێشنیاری 2013ی سەرۆك بارزانی بوو، كە هەر ئەو كات داوای لە سەرجەم هێزەكانی باكووری كوردستان كرد كە لەچوارچێوی بەرەیەكدا یەكبگرن، هەڵبەتە هەدەپە باش دەزانێت كە دەنگی ئەو حزبانەی دیكە ئەوەندە زۆر نییە كە سەرۆك شارەوانییەكیش ببەن، بەڵام پەیامێكە بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كە كورد هێشتا یەك دەنگە، واتە پەیامێكی مەعنەوی بوو، پەیامی سەرۆك بارزانیش باش گەیشتوەتە باكوری كوردستان، هەزمكردنی پێشنیاری بارزانی ئەگەر بەلای لایەنگرانی پەكەكەوە قورسیش بێت، بەڵام دواجار واقیعە.

بیریشمان نەچێت زۆرێك لە سەرۆك هۆزەكانی باكوری كوردستان تائێستاش چاویان لە بڕیار و ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانییە، باكورییەكانیش زۆربەیان ڕێزێك و خۆشەویستییەكی زۆریان بۆ سەرۆك بارزانی هەیە، كاتێك بارزانی دەستپێشخەری دەكات بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە باكور، باكورییەكان پێی دڵخۆشن‌و هەدەپەش پێشنیار و بۆچوونی بارزانییان پێی گرنگ بووە، بۆ ئەوەی جەماوەری باكوری كوردستانی پێكۆبكەنەوە.