كرۆكی ئەمەریكاو ساویلكەیی كورد

02-02-2019 04:24


سیاسەتی ئەمەریكا بەرامبەر كورد زۆر ڕاشكاوانەیە، ئەمەریكا كورد وەكو كارتێك بەكاردەهێنێت لە پێناو فشار خستنەسەر ڕكابەرەكانی‌و مسۆگەركردنی بەرژەوەندیەكانی خۆی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئێستای ئەمەریكا لە هەموو سەرۆكەكان و سیاسەتمەدارەكانی تری ئەمەریكی ئەو ڕاستەقینەی ڕاشكاوانەتر دەربڕی، كاتێك گوتی" كورد گەلێكی ئازان، پێویستە بەكاریان بێنین"، ئەمەریكا بە درێژایی سەدەی بیستەم ئەو سیاسەتەی بەرامبەر كورد پیادەكردوەو هیچی بۆ كورد پێ نەبووە، لەو هەموو جینۆسایدەی بەرامبەر كورد كراوە، ئەگەر لەبەرژەوەندی خۆی نەبووبێت، نوقەی لێوە نەهاتووە، یەكێك لە فاكتەرەكانی ڕووخانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، فشاری ئەمەریكا و ڕۆژئاوا بوو بۆ سەر سۆڤیەت، مێژووی ئەو مەهزەلەیەی كورد ناوی شۆڕشی ئەیلوول تەماشا بكەی، بۆت دەردەكەوێت ئەمەریكا چۆن وەك كارتێكی چرووك مامەڵەی‌ لەگەڵ مەسەلەی نەتەوەیەكی بندەستی وەكو كورد كردووە.

لە ساڵی 1988 هاوپەیمانە سەرەكیەكەی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست(سەدام حسێن) كوردی جینۆساید كرد، ئەمەریكا نەك هەر هیچی نەگوت، بەڵكو هەرساڵێك دوای ئەوە وەفدێكی كۆنگرێسی ئەمەریكی سەردانی سەدامیان كردو پێیان ڕاگەیاند، كە "تەنیا ئەوە دەتوانێت مافی مرۆڤ لە عێراق بپارێزێت!" بۆیە ناكرێت چاوەڕوانی لەمە زیاتر لە ئەمەریكا بكرێت، ئەمەریكا زلهێزێكەو كار بۆ هەژموونی جیهانی خۆی دەكات، ئەوەی لەو خاڵەدا لەگەڵی یەكبگرێتەوە، ئەوە وەك هاوپەیمان دەیبینێت، هەر گۆڕانێك ڕووبدات، ئەوا لێی وەردەچەرخێتەوەو دەبێتە دوژمنی، بۆیە ئەمەریكا ئەسپێكی تۆپیوەو كورد ناكرێت گرەوی لەسەر بكات، ڕەنگبێت لێرەو لەوێ پاڕانەوە نامەیەكمان لە ئەندامێكی كۆنگرێس بەرگوێ بكەوێت، بەڵام ئەمانە ڕووی ڕاستەقینەی سیاسەتی ئەمەریكا ناشارنەوە! سەیر لەوەدایە كورد خۆشی نایەوێت ئەمەریكا وەك ئەوە ببینێت، كە هەیە، بەڵكو هەمیشە وەك ئەوە دەیبینێت، كە خۆی دەیەوێت، وەك ئەوەی حەزی لە فریوخواردن بێت، بڵاوبوونەوەی ئەوگرتە ڤیدیۆییەی ئەندام كۆنگرێسی ئەمەریكا(جۆن كەنەدی) دەكەوێتە دوو توێی ئەو بابەتەوە، ڕاستە كەنەدی بەرگریی لە كورد دەكات و بۆی دەپاڕێتەوە، بەڵام كێشە سەرەكییەكە لێرەدا نیە، بەڵكو مەسەلەی ڕاستەقینە ئەوەیە هەمدیس ئەمەریكا كوردی بێبەش كردووە لەو پڕۆژە یاسایەی تاتوێی دەكات بۆ بەرگریكردن لە هاوپەیمانەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كەواتە لێرەدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە ئەمەریكا هەرگیز وەك هاوپەیمانێك سەیری كوردی نەكردوەو ناكات.

خەیاڵ پڵاوییە ئەگەر كورد بەو شێوەیە لە ئەمەریكا تێبگات، جێگای داخە خەڵك و تەنانەت ڕۆشنبیرانیش پاڕانەوە نامەكەی (كەنەدی) دەبینن و بانگەشەی بۆ دەكەن، لەكاتی ئێستادا كۆڕی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی گەرمكردوە، بەڵام خودی كێشە سەرەكیەكە فەرامۆش كراوە، كە ئەمەریكا وەكو كۆتاییەكانی نیوەی یەكەمی حەفتاكانی سەدەی بیستەم(ئەیلوول) خەریكە كاری بە كورد نامێنێت‌و فڕێی دەداتەوە بەردەم گورگان، بۆیە دەبێت كورد لە هەموو قۆناغێدا هۆشیارتربێت چیتر بە گۆرانیی قێزەون و ئاوازی ناسازی ئەمەریكا، نەكەوێتە هەولێری گوتەنی هەلەكەسەما، ئەوەی كورد ڕزگار دەكات و ئازادی بۆ بەدەست دێنێت دەبێت ئیرادەی كورد خۆی بێت، وەك زۆر جاری تر نووسیومەو گوتوومە، ئەو میللەتەی چاوەڕوان بێت خەڵكی تر ڕزگاری بكات و قەوارەیەكی سیاسی بۆ دامەزرێنێت، ئەو میللەتە لە بنەڕەتدا شایەنی ڕزگاری و بوون بە خاوەنی هیچ قەوارەیەكی سیاسی نیە.