ئایا نەوت ڕادەستی بەغدا بكرێت یان نا؟

01-03-2019 07:41


بۆ ئەم پرسیارە دوو وەڵامی حازربەدەست هەیە، كە بۆ سەر دوو ئاڕاستەی سیاسی دابەش بووە. ڕەوتێكی سیاسی لەگەڵ ئەوەیە نەوت ڕادەستی بەغدا بكرێت، ڕەوتەكەی تر لەگەڵ ڕادەستكردنی نەوت نییە.

هەموو ئەوانەی تا ئێستا بەهەردوو ئاڕاستەكەدا قسە دەكەن، بڕیارەكانیان ڕاستەوخۆ لەژێر كاریگەری تەواوی بیركردنەوەی سیاسییانە. واتە بۆچوونە سیاسییەكە تەواو بەسەر هەڵوێستی هەردوو بەرەی ڕادەستكردن و ڕادەست نەكردندا زاڵە. لەهەردوو بەرەكەشدا حوكم و بڕیاری پێشوەختە، بەپێی ئاڕاستەی كاری سیاسییان لەوبارەوە دەدرێت.

هیچ كام لەو ئاڕاستانە، پاساوێكی باوەڕپێكەریان نییە بۆ هەڵوێستەكانیان لەبارەی ڕادەستكردن و نەكردنی نەوت، چونكە هەڵوێستی هەردوو بەرەكە زیاتر هەڵوێستێكی سیاسییە تا بەوەی لە ئەنجامی خوێندنەوە و دیراسەیەكی ورد و بابەتییانە بۆ دۆسیەی نەوت گەڵاڵە كرا بێت.

ئەو ئاڕاستەیەی لەگەڵ ڕادەستكردنی نەوت نییە، زیاتر پەیوەستە بە پارتیی و حكومەتی هەرێمەوە. حكومەتی هەرێم نەك هەر بەهۆی بەڕێوەبردنی ناشەفافانەی دۆسیەی نەوت، بەڵكو بەهۆی نەبوونی (زمان)ێك كە قسەیەكی ڕوون و باوەڕپێكەر بكات و توانای تێگەیاندنی خەڵكی هەبێت، نەیتوانیوە گوتارێك بۆ هەڵوێستەكەی بەرهەم بهێنێت كە كاریگەریی بەسەر ڕای گشتییەوە هەبێ، بگرە نەیتوانیوە تەنانەت تێگەیشتنێكی ڕوون بۆ كادیرانی سیاسی و تا میدیای حیزبی حوكمڕانیش دروست بكات كە پارتییە. لەبەرئەوەیە میدیا و كادیرانی پارتی یان هەر قسەیەكیان لەوڕووەوە نییە یان هەر ڕستە و دەستەواژەی سواو و كرچ و كاڵ كە پێدەچێت خۆیشیان باوەڕیان پێی نەبێت!

ئەو بەرەیە و بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە حكومەتەوە هەیە، ئەگەر گوتارێكی ڕوونی لەوڕووەوە ئاڕاستە كردبووایە، ئێستا دۆخەكەی بەو شێوە نەرێنییە نەدەشكایەوە. حكومەتی هەرێم تا ئێستا نەیتوانیوە نە متمانە دروست بكا، نە تێگەیشتنێك و نە وەڵامێكی باوەڕپێكەر بۆ خەڵك. حكومەتی هەرێم لە دۆسیەی نەوت بە تەواوەتی لاڵ و بێ زمانە.

بەرەی دووەم كە لەگەڵ ڕادەستكردنی نەوتە، بەهەمان شێوە هەڵوێستەكەی پەرچەكردارێكە بەرامبەر بەرەی یەكەم. ئەو بەرەیە بەهۆی نەبوونی شەفافیەت و نامتمانەیی بە شێوازی بەڕێوەبردنی نەوت و هەستكردن بە گەندەڵی لە داهاتی نەوت و بەكارهێنانی لەبەرژەوەندی حزب و كارەكتەرانی سیاسی دیاریكراو، دواتریش شكستی هەندێك گوتار و بەرنامەی بەرەی یەكەم لە دۆسیەی نەوت، پێیوایە باشترە نەوت ڕادەستی بەغدا بكرێ.

ڕەنگە پاساوی هەرە بەهێزی ئەو بەرەیە بۆ ڕادەستكردنی نەوت بە بەغدا، لەسەر ئەو گریمانەیە بنیاتنرابێت كە ئەگەر نەوت لە دەست بەغدا بێت، ئیتر داهاتی نەوت لە چنگ پارتی و پاشان یەكێتی دێتە دەرەوە و لە بەغداوە بەشێوەی دادپەروەرانە بۆ خەڵك دەگەڕێتەوە. ئەو بیركردنەوەیە پەرچەكردارییە، هێشتا ناتوانێ گرەنتی و دڵنیاییەك دروست بكات، لەكاتێكدا نەتوانرێ نەوت لە چنگ پارتی دەربهێنرێ یان نەتوانرێ فشار لەسەر حكومەتی هەرێم دابنرێ بۆ ڕاستەڕێكردنی دۆسیەی نەوت بەگشتی، ئەو هێزە كامەیە دەتوانێت بەغدا بخاتە ژێر فشارەوە لەپابەندكردنی بە سیاسەتێكی نەوتی و دارایی دادپەروەرانە؟!

دۆسیەی نەوت هەر تەنیا ڕەهەندێكی ئابووری و دارایی نییە، بەڵكو بۆ هەرێمی كوردستان و بەغدایش ڕەهەندی سیاسی گرنگی هەیە. ئەو دۆسیەیە دەبێ بە هەموو ڕەهەندەكانییەوە، خوێندنەوەی وردی بۆ بكرێ و پاشان بڕیاری لەسەر بدرێ.