لەیادی ڕاپەڕیندا؛ مێژوو وەك كابوس

09-03-2019 03:55


نووسەری ئێرلەندی جێمس جۆیس لە شوێنكدا دەڵێت "هەندێك مرۆڤ هەن مێژوو وەك زنجیرەیەك لە كابوس دەبینن و ئەزموون دەكەن"، دەشێت ئەم ڕوانینەی جۆیس بۆ ئاستی میللەتانیش بەرزبكەینەوەو بڵێین هەندێك میللەت هەن مێژوو وەك زنجیرێك لە كابوس وێنادەكەن. میللەتی ئێمە یەكێكە لەو میللەتانە و مێژووی دونیای دوای ڕاپەڕینیشی مێژووی بەكابوسبوونی واقیعێكە، وابڕیاربوو خەونێكی گەورەی ئازادیی و خەیاڵێكی بەرپرسیاری دادپەروەریی و پڕۆژەی ڕێزگرتن لە مرۆڤ، ئاڕاستەی بكات. سپێەدەی یەكەمی ڕاپەڕین یەكێكە لە ساتەوەختە هەرە گرنگ و هەرە مانادار و هەرە شیعرییەكانی ناو مێژووی هاوچەرخی ئێمە. لەو بەیانییەدا میللەتێك كە بۆنی گازی كیمیاویی و بۆنی جەنگە گەورەكان و بۆنی ڕوخانی هەزارەها گوند و شار و شارۆچكە و بۆنی ترس و بیمێكی كەموێنە، لە ساڵە قورسەكانی دەهات، لە ساتەوەختێكی ئەفسانەیی دەگمەندا، هەستایەوە سەرپێكانی و بەگژ یەكێك لە ئەزموونە هەرە ناشیرینەكانی دەسەڵاتدارێتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا تەقییەوە.

بە زمانی هانا ئارێنت بدوێم دەتوانم بڵێم سپێدەی ڕاپەڕین دەكرا "سەرەتایەكی تازە"بێت بۆ دروستكردنی جیهان و مێژوویەكی جیاواز، دەكرا ببێتە"سەرەتایەكی تازە" بۆ خۆشویستنی جیهان و ڕێزگرتنی مرۆڤ، ببێت بە مێژوویەك بۆ "مافی هەبوونی ماف"، بۆ "گەڕاندنەوەی متمانە بە یەكتریی"، بۆ دروستكردنی نیشتیمانێك بۆ هەمووان كە دەستەبەركردنی مافەكان چوارچێوە سەرەكییەكەی بێت و "ژیانێكی گشتیی" تێدا دروستبكرێت كە هەمووان بە ژیانی خۆیانی بزانن.

ئێستا ٢٨ ساڵ دواتر، ٢٨ ساڵ دوای تێپەڕینی ئەو سپێدەی یەكەمە، ئەم "ئەگەری سەرەتا تازە"یە و ئەو هێزە بۆ خۆشویستنی جیهان، گۆڕاوە بۆ چەندان كابوسی تاكەكەسیی و دەستەجەمعیی كە مێژووی ئێمەی توشی ئیفلیجبوونێكی گەورە كردوە. ئەمڕۆ هەرشتێك زیندووبێت ئەو سپێدەی یەكەمەی ڕاپەڕین زیندوونییە، بە كابوسبوونی دونیای ئێمە نەوەیەكی دروستكردوە هەم گومانێكی گەورە و بەرفراوانی لە شۆڕش و یاخیبوون هەیە، هەم لە هەموو ئەو دروشمانەش كە بیانەوێت هێما بۆ پڕۆژەیەكی بەرپرسانەی گۆڕانكاریی جیهان بكەن. سپێدەی پڕ ڕەنگ و پڕ ئەگەری ڕاپەڕین گۆڕاوە بۆ واقیعێكی خۆڵەمێشیی و قەترانیی، لە شوێنی خەونە زیندووەكانی ئەو سپێدەیە جۆرێك لە بەدەعەجانبوونی كافكایی لە كاردایە كە دەسكارییەكی ڕادیكاڵی جیهانی ئێمەی كردوە. بەر لە هەموو شتێك بڕێكی زۆر لە پێشمەرگەكانی جارانی گۆڕیوە بۆ جەردەو پیاوە نابەرپرسیار و گەندەڵ و بەڵتەجییەكانی ئەمڕۆكە. شۆڕشگێڕانی شاخ گۆڕاون بۆ بزنسمانە نیولیبرالە پڕ تەماحەكانی ئەمڕۆكە، كە بازرگانی بەهەموو شتێك و بە هەموو بەها و نرخێكەوە دەكەن، لەگەڵخۆشیاندا لەشكرێك لە پاسەوانی دڵڕەق و بێویژدانیان دروستكردوە كە كاری سەرەكییان پاراستنی دەسكەوتە ناشەرعیی و جەردەییەكانی ئەوانە. كۆمەڵگایەكی پڕ ئومێد و چاوەڕوانیی پۆزەتیڤیان گۆڕیوە بۆ كۆمەڵگایەكی نائومێد و وەڕس لە خۆی، بێزاریش لەو مێژووەی كە هەم خۆی بۆ خۆی دروستیدەكات و هەم ئەوانیتر بۆی دروستدەكەن. ئەوەی ئەمڕۆكە بڕێكی زۆر لە خەڵك دەیبینێت و ئەزموونی دەكات، وشكبوون و وەرین و ڕوخانی سپێدەی یەكەمی ڕاپەڕینە، كە تەپوتۆزەكەشی خەریكە وەك یاداوەریی لەیاددەچێتەوە، یاخود وەك ساتەوەختێكی پڕ نەفرەت وێنادەكرێت. لە دوای ڕاپەڕینەوە بڕ و ڕادەی خودنەفرەتی، قەبارەی ڕقبوونەوە لە خود خۆی، بە ڕادەیەكی ترسناك گەشەیكردوە. دەتوانم بڵێم كەم میللەت هەیە لە ئێستادا بەقەد ئێمە ڕقی لەخۆی بێت، كەم میللەتیش هەیە هێندەی ئێمە خوێندەوار و نووسەری هەبێت كە ئەم خودنەفرەتییە تێمای ژمارەیەكی نووسینەكانیان بێت، بەبێ ئەوەی ئەم خودنەرەتیی و ڕق لەخۆ بوونەوەیە توانیبێتی ئاستە سایكۆلۆژییە هەرە سەتحیی و وێرانكەرەكەی تێپەڕاندبێت و بووبێت بەهێزێكی دروستكەر.

لە ئێستادا و دوای تێپەڕینی ٢٨ ساڵ بەسەر سپێدەی یەكەمی ڕاپەڕیندا، هەم بڕێكی بەرچاوی كۆمەڵگای ئێمە بەرەو ئەوە دەڕوات نەفرەتكردن لەو سبەینێی یاخیبوونە بكات بە بەشێك لەو ڕقە مێژووییە كە لە خۆی هەیەتی و لەو حوكمڕانە كابوسییانەش كە لە هەناویدا دروستبوون. نەوەیەكیش لە دەسەڵاتداران دروستبوون، كە بەها و نرخ و ئامانج و ئیرادەی ئەو ڕۆژی یەكەمەی ڕاپەڕینیان لێبووە بە كابوس و وەك هەڕەشە و وزەیەكی نادیار بۆ گۆڕانكاریی دەیبینن كە دەشێت لە ساتێكدا بەڕوویاندا بتەقێتەوە. لەكاتێكدا كۆمەڵگا گیری بەدەستی ئەو بكەر و دروستكەرانەی دونیای دوای ڕاپەڕینەوە خواردوە كە لە فۆڕمی لەشكرێك لە كابوسدا ئامادەن و دەستیش بۆ هەرشتێك ببەن دەیگۆڕن بۆ كابوس، لە هەمان كاتدا دەسەڵاتدارنیش گیریان بەدەستی ئەو ڕۆحیەت و خەون و بەها و ئیرادەیەوە خواردووە كە سبەینێی یەكەمی ڕاپەڕین خوێنێكی تازەی بە مێژووی ئێمە دەبەخشیی و خەڵكی بەگژ یەكێك لە سیستمە هەرە ترسناكەكانی نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمدا، دەكردەوە. بەم مانایە گۆڕانی مێژوو بۆ كابوس لە دونیای ئێمەدا گۆڕانێكی دوو جەمسەرەیە. لەسەرێكەوە كۆمەڵگا گیری بەدەستی كابوسە سیاسییەكانی ناو هەناوی خۆیەوە خواردوە، لەسەرێكی دیكەوە ئەو كابوسە سیاسییانە گیریان بەدەستی بەهاكانی ڕاپەڕینەوە وەك كابوسێك بۆ مانەوەی خۆیان، خواردووە. ئەم كابوسە دووجەمسەرەیە ناتوانێت تاسەر بەیەكەوەو لەناو یەك جەستەی كۆمەڵایەتیی و یەك گشتیی ڕەمزییدا، بژیی. بەریەككەوتنی ئەم دوو كابوسە تەنها مەسەلەی كاتە، كات وەك یەكێك لە فێڵە هەرە گەورەكانی مێژوو.