دوو ڕاستیی زۆر سادەو پرسیارێك سەبارەت بەیاسای سەرۆكایەتی هەرێم

31-03-2019 01:45


یەكەم: بۆئەوەی لە چەند هەفتەی داهاتوودا، مەسرور بارزانی ببێت بەسەرۆكی حكومەت و بۆ پاراستنی هاوسەنگی هێز لەناو بنەماڵەدا، دەبێت نێچیرڤان بارزانی ببێت بەسەرۆكی هەرێم. پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیش لە دەرەوەی پەرلەماندا و لەناو خەڵكدا، بەم پەلە پەلە ناتوانرێت ئەنجامبدرێت و مومكین نیە و عەمەلییش نیە. بۆ دەربازبون لەم گرفتە، پارتی ڕازیبوە و ناچاریشە بۆ ئەم خولە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا هەڵبژێردرێت. بۆ ئەنجامدانی ئەم پلانەش بە سەخاوەتێكی زۆرەوە كۆمەڵێك وەزارەت‌و بەڕێوەبەری گشتیی بە گۆڕان بەخشیوە.(بۆیە چەواشەكارییەكی گەورەیە باس لەوە بكرێت كە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەم خولەی پەرلەماندا، پڕۆژەی گۆڕان و پیادەكردنی دونیابینی ئەم هێزەیە. ئەم هاتنەی پارتی بۆ ناو پەرلەمان، نە پیادەكردنی پڕۆژەكەی گۆڕانە نە كارێكە بكرێت هیچ ئومێدێكی لەسەر بینابكرێت. هەر قسەیەكی تر لە دەرەوەی ئەم ڕاستییە سادەیەدا، خەڵەتاندنی خەڵك و چەواشەكارییەكی گەورەیە).


دووەم: لە سەرەتاوە بزوتنەوەی گۆڕان خاوەنی پڕۆژەی بە پەرلەمانیكردنی سیستم بوە بەسەرۆكایەتی هەرێمیشەوە. ئەم پڕۆژەیەش تەواو جیاوازە لەم شانۆگەرییەی ئێستا لە پەرلەماندا ڕووئەدات. پارتی لە لەناوەڕاستی ٢٠١٨دا، پلانەكانی خۆی داڕشت و بەهاوكاری گۆڕان دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵپەسارد. ئێستا لە دۆخێكی تردا ئەم دامەزراوەیە چالاك دەكاتەوە و سەرۆكێك بۆ هەرێم بە هەمان دەسەڵاتەكانی جارانییەوە بۆ تەنها یەكجار لەناو پەرلەمانەوەو بە هاریكاریی گۆڕان دەسەپێنێت. بۆیە ئەم پڕۆژەی سەرۆكایەتییە كە ئێستا لەپەرلەمانە، لە ئەلفەوە بۆ یای پڕۆژەی پارتییەو هیچ پەیوەندیەكی بە گۆڕانەوە نیە. ئەوانەشی دەڵێن وانیە، فەرمون زەحمەت بكێشن دێڕێك یان بڕگەیەكی ئەم پڕۆژەیەمان پێبڵێن كە هی فراكسیۆنی گۆڕانە لەپەرلەمانی كوردستان؟!


پرسیار: بەهەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەكان و مافەكانی مرۆڤ، دەنگدان مافەو نهێنیشە. ئەرێ بەڕاست بۆچی لەم پڕۆژە یاسایەدا، دەنگدان بەسەرۆكی هەرێم لەناوپەرلەماندا، دەنگدانی ئاشكرایە؟! (تەنانەت پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا، دەنگدانی نهێنیە!) چ بێشەرمییەكی سیاسیە پارتی فەرزی بكات بەسەر بزوتنەوەیەكدا كە نابێت كەسێك هەبێت دەنگ بە جێگری سەرۆكی پارتی نەدات بۆسەرۆكی هەرێم! هەڤاڵینە سەركەوتووبن لە پاراستنی پەیامەكانی گۆڕان !!