فۆرمێكی نوێی‌ سەركۆنەكردن لە گەرمیان

06-04-2019 01:08


لە هەرێمی كوردستان دوو ئامرازی گرنگی هاوڵاتیان بۆ سیاسەتكردن‌و سەركۆنەكردن، كە هەڵبژاردن و خۆپیشاندانی شەقامن، تا ڕادەیەكی زۆر لە كاریگەری و ماناو گوزارشتەكانیان بەتاڵكراونەتەوە. گرەوی سەرەكی هەموو دەسەڵاتێكی ئۆتۆریتێر بریتییە لە كاریگەریخستن‌و ناكاراكردنی فۆرمەكانی خەباتی مەدەنی. بەڵام، سەڕەرای هەموو فشار و پەلەقاژەكانی دەسەڵات، دەستپێشخەری هاوڵاتیان و ئاگایی ئەفراندن لە داهێنانی فۆرمی نوێی شاریی بۆ خەبات و بەرەنگاربوونەوە لە برەودایە. ئەمڕِۆ لە دونیایەك دەژین كە بە هۆی ئامرازەكانی گەیاندن و كۆمینیكاسیۆن هەم بیر و بیرۆكە، هەم ئامراز و مەیلی ئەفراندن خێرا بە دونیادا دەخولێنەوەو خەڵكی بە گشتی سود لە ئامراز و كەرەستەكانی یەك دی دەبینن بۆ خۆڕێكخستنەوە و كاراكردنی خەباتیان لە هەمبەر دەسەڵات.

لەم ساڵانەی دوایی لە ئەوروپا كارێكی زۆر لە مەڕ تاگ، وێنە، ئیماژ، دروشمە نوسراوەكانی سەر دیوارەكانی شارەكان كراون و لەم بارەیەوە ئەدەبیاتێكی باش لە بەردەستە كە سەرقاڵی شەنوكەوكردنی گرەوە (issue) سیاسی، كولتوری، كۆمەڵایەتی و ئێستەتیكی ئەم نوسرا و دروشمانەن و وەك بەشێك لە ئامرازی هۆشیاركردنەوە، وەسیلەی كردەی دەستەجەمعی، سەركۆنەكردن و بەرەنگاری شار تەماشایان دەكەن.

لەم دیدگایەوە، لە كوردستانیش هەوڵ و تەقەلاكان بەم ئاقارەدا زۆرن هەر لە خانەقینەوە بگرە كە لیژنەی هەرەوەزی شارەكە دەستێكی باڵایان لەم ڕووەوە هەیە تا شوێنەكانی دیكەی كوردستان هەست بە ئەفراندن و داهێنانی دی لە فۆرمەكانی خەبات و بەرەنگاری مەدەنی دەكەین. ئەوەتا لە گەرمیان و لەم چەند ڕۆژەی پێشوو خەڵك و هاوڵاتی سادە بۆ سەركۆنەكردنی نوخبەی دەسەڵات، هۆشیاركردنەوەی خەڵك و بەگڕخستنی هەست و وزەیان، هاوتا دروستكردنی كۆئاگاییەك لە هەمبەر كەموكوڕی و كەلێنەكانی نێو خزمەتگوزاری گشتی خەڵك، دێن لە سەر چاڵ و چەوێڵەكانی شەقام و ڕێگا گشتییەكان ناوی ئەو بەرپرسانە دەنوسن كە بەرپرسن لە دۆخەكە. ئەم كارە تا بڵێی كاریگەر و گرنگە لە ڕووی ڕەمزی و كردەییەوە، چونكە دروستكردنی ڕایەڵێكی ڕاستەوخۆیە لە نێوان كەموكوڕییەكە و دەسەڵات.

ئەم فۆرمە نوێییە لە خەبات و بەرەنگاری لە ڕاستیدا بە ئەندازەی ئەوەی جێی ستایشە، ئەوەندەش هاندان و بیركردنەوە لە بارەیانەوە لە پێناو كاراكردن و بەهێزكردنیان هەم لە ڕووی كردەییەوە، هەم لە ڕووی ئاگایی و هزرییەوە.