مەسرور بارزانی‌و قوباد تاڵەبانی پلانیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی بێكاریی چییە؟

23-04-2019 11:06


لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، زۆربەی هێزەكان باسی دروستكردنی دەرفەتی كاریان دەكرد. قوباد تاڵەبانی لە هەمویان زیاتر. لە هەرێمی كوردستاندا، كێشەیەكی گەورە بێكارییە كە مەحاڵە حكومەت چارەسەری بكات. هیچ ئامارێكی فەرمیی و بڕواپێكراو نییە كە ڕێژەی بێكارییمان پێبڵێت، بەڵام بەدڵنیایی ڕێژەی بێكاریی، بەتایبەتتریش لەناو گەنجان، مەترسیدارە.

كێشەیەكی بێكاریی هەر ئەوە نییە كار نییە، بەڵكو لە دونیای ئەمڕۆدا، هەندێك پسپۆڕیی و لێزانیی هەن چیتر لە بازاڕی كاردا شوێنیان نابێتەوە، پیشەیەك نییە بیكەن. واتا كێشەكە هەر نەبونی كار نییە، بە نمونە دكتۆرێك دەكرێت ئەمڕۆ كاری نەبێت، بەڵام سبەی كاری دەستدەكەوێت، بەڵكو كێشەكە قوڵترە لەوە، چونكە هەندێك پسپۆڕیی هەن لە ئێستادا لە بازاڕدا ناتوانرێت بخرێنەسەر كار. بە پێشكەوتنی ئابوریی هەرێمی كوردستانیش، بەتایبەتتریش بە پێشكەوتنە دیجیتاڵ و ئەلكترۆنییەكان، بازاڕی كار كێشەی زیاتری تێدەكەوێت. بۆ نمونە، ئەگەر لە هەرێمی كوردستاندا گواستنەوەی گشتیی پێشبكەوێت، پاس‌و ترام لەناو شارەكاندا جوڵە بكەن، ئەوا شۆفێرانی تەكسیی دەكەونە قەیرانێكی زۆر گەورە كە تەكسیی پیشەیەكی بەهێزە لە كوردستاندا.

كەم شوێن هەن لە دونیادا هێندەی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان ساڵانە بڕوانامە ببەخشنە خوێندكاران، بەڵام ئەو خوێندكارانە ئامادە ناكرێن بۆ هیچ كارێك، ژمارەیەكی كەمیان نەبێت. هەندێك پسپۆڕییش هەن لە بازاڕی كاردا شوێنێكیان نییە كاری تێدا بكەن. لە شارێكی وەكو هەولێری پایتەختدا، دو دەزگای هونەریی نادۆزیتەوە بۆ نمونە كە دەرچوانی هونەرە جوانەكان بتوانن كاری تێدا بكەن.

وەزارەتی ڕۆشنبیرییش هیچ پڕۆژەیەكی ئەوتۆی نییە بۆ دەرچوان، تەنانەت فەندێكی بچوكیش نییە بۆ هونەرمەندێك ئەگەر بیەوێت داهێنانێك بكات. دەرچوانی مێژو لە كوێ كاربكەن؟ ئەی ئەوانەی جوگرافیا و كۆمەڵناسیی و زمانی كوردیی؟

ئەمڕۆ لە دونیادا، زۆر باس لەو مەترسییە گەورەیە دەكرێت كە لە داهاتودا ئامێرەكان لە ئینسان زیرەكتر دەبن، تەنانەت دەكرێت ئەپڵیكەیشنێك باشتر لە دكتۆرێك چارەسەری نەخۆشییەكانت بۆ بنوسێت. دەكرێت سەیارەی زیرەك جێی ئەو سەیارانە بگرێتەوە. ئەمە مەترسیی گەورەن، بەڵام دونیا باسیان دەكات و بەدوای چارەسەریین. لە هەرێمی كوردستاندا، قەیرانەكان زۆر قوڵن، كەچی پۆپۆلیستانە بەرپرسانی حكومەت و حیزبەكان زۆر بەسادەیی باس لە دۆزینەوەی كار و دروستكردنی دەرفەتەكان دەكەن. دەبێت ئەوە بزانن كە بێكاریی ناو گەنجان هەڕەشەیەكی هەرە گەورەیە كە لە داهاتوی زۆر نزیكدا ڕوبەڕوی حكومەت و حیزبەكان دەبێتەوە. بێكاران ناتوانن دە ساڵی تر چاوەڕێ بكەن بۆ ئەوەی كاریان دەستبكەوێت، یان خۆیان هەڵوێست وەردەگرن یان زۆر ئاسانە لەلایەن گروپی جیاجیاوە بێهیوایی و دەردەسەرییان بقۆزرێتەوە.

مەسرور بارزانی دەبێتە سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانیش دەبێتە جێگری. ئەوان هیچیان پسپۆڕیی ئابورییان نییە. لە دەوروبەریشیان كەسانی ئابوریناس نین. دەزگاكانیش لەو بوارە كارناكەن. هیچیشیان ناتوانن كۆتایی بە گەندەڵیی بهێنن. هەردوكیشیان تائێستا قسەیەكی جدییان لەسەر بێكاریی نییە، ئەوەی هەیە تەنها قسەی سەر شاشەیە. هەمو تەركیزیشیان لەسەر حكومەتە. حیزبایەتیی‌و خزم-خزمێنەش بازاڕی كاری قۆرخكردووە. كەرتی تایبەت ناڕێكخراوە. هەرچەندە زۆر دەڵێن پێویستە كەرتی تایبەت پێشبخرێت‌و كار دروست بكات، بەڵام ئەو كارانەی كەرتی تایبەت بۆ نمونە ئێستا لە بازاڕدا فەراهەمی كردوون، بە زۆربەی ئەو كەسانە ناكرێت كە لە زانكۆكان دەرچون.

ئەگەر بارزانی و تاڵەبانی بەجدیی بیر لە چارەسەركردنی قەیرانی بێكاریی نەكەنەوە، ئەوا ئەو كابینەیە، بە پێچەوانەی كابینەكانی تر كە ئۆپۆزسیۆن‌و فەرمانبەران دژی ڕاپەڕین، بێكارانی گەنج دژی ڕادەپەڕن.