بەرگریی دوژمنكارانە!

25-04-2019 12:44


ژمارەیەكی زۆر لە كادیرانی پارتی، یەكێتی و گۆڕان و تا بە ئیسلامییەكانیش دەگات، هەڵوێستێكی دۆریین لەمەڕ هەڕەشەكردن لە شادی نەوزاد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، دەردەبڕن. ئەوان لە ڕێگەی ورووژاندنی كەیسەكەی شادییەوە، لە شاسوار و گرووپەكەی دەدەن.

ئامانجی ئەوان هیچ كات هەڵوەستەكردن نییە بە یەكێك لە كردە نائەخلاقی و نامرۆییەكانی ناو دنیای سیاسی و كۆمەڵایەتیی ئێمە، بەڵكو بەكارهێنان و سووئیستفادەكردنە لەو كردەیە بۆ ئامانجێكی دیكەی سیاسی. ئەوان خوازیاری ئەوەن ئێستا هەرچی ژن و كچی ئەو وڵاتەیە، ڕووبەڕووی هەمان هەڕەشە و كردەی نائەخلاقی بكرێتەوە لەلایەن نەیارە سیاسییەكانییانەوە، تا لەو ڕێگەیەوە پشتی نەیارەكانیان لە زەوی بدەن.

ئەوە ئیستغلالكردنێكی نائەخلاقییانەیە. نائەخلاقییانەیە بە ئاستی هەمان ئەو كردەیەی بەرانبەر بە قوربانییەكان كراوە!

ئەو كادیر و ئەندام و لایەنگرانەی پارتی و یەكێتی و گۆڕان و ئەوانی دیكەیش، كاتێك ڕاستگۆن لە هەڵوێستەكانیان، ئەگەر خۆیان بەشێك نەبوون لە هەڵمەتی دەستبردن بۆ ژیانی تایبەتی نەیارەكانیان! لەكاتێكدا ئەوان و حیزبەكانیشیان بەردەوام بۆ سەركوتكردنی نەیارەكانیان، دەست بۆ ژیانی تایبەتییان دەبەن، یان سیناریۆی جیاجیا لەمەڕ ژیانی تایبەتیان دروست دەكەن و لە ڕێگەی مێگەلەكەیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا پەخش و بڵاوی دەكەنەوە.

جارێكی تر ئەوە دووپات دەكەمەوە، دەستبردن بۆ ژیانی تایبەتی كەسەكان، كردەیەكی نائەخلاقیی ناو دنیای سیاسی و كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگەی كوردستانە. ئەو كردەیە زۆرینەی حیزبە سیاسییەكان لە ڕێگەی ئەندام و لایەنگرانیانەوە كەم تا زۆر بەشدارییان تێدا كردووە.

هەموو ئەوانەی بۆ ئامانجی دیكەی سیاسی ئیستغلالی دۆسیەكەی شادی نەوزاد و قوربانییەكانی هاوشێوە دەكەن، لە كۆتاییدا هەمان كردەی نائەخلاقی دەنوێننەوە.

هەڵوێستی مرۆیی و ئەخلاقی ئەوەیە بەرگری لە قوربانییەكانیان و دژایەتی كردەیەكی نائەخلاقی بكەین، لەكاتێكدا بەكارهێنانی قوربانییان و كردە نائەخلاقییەكە بۆ ئامانجی دیكە، خودی خۆی كردەیەكی نائەخلاقییە.