مەبەست چیيە لە ڤیستیڤاڵی عەشایەری؟

28-04-2019 10:34


كیانی عەشرەت گەری لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا شێوازێك بوو لە بەڕێوەبردنی ژیانی كۆمەڵایەتی. ئەمە بە بڕیاری كەسێ یان حكومەتێ یان تاقمێ پەیدا نەبوو، بەڵكو زادەی ئەو گۆڕانكارییە مێژووییانەبوو كە بەسەر كۆمەڵگەدا هاتووە. عەشرەت بریتی بوو لەو كۆمەڵە خەڵكە كە دەچوونەوەسەر با پیرێ، كە بە ئاژەڵداری دەژیان بۆ دابینكردنی لەوەڕی ئاژەڵەكەیان ناچاربوون بە گەرمیان و كوێستان خۆیان و مەڕوماڵاتیان ژیان بەسەر بەرن.

ئەم جۆرە كیانەی عەشرەتگەری تاكۆتایی سەدەی ١٩، سەرەتای سەدەی ٢٠ لەم هەرێمەدا بەردەوام بوو. دواتر وردە وردە گۆڕدرا، گەرمیان و كوێستان نەما. بەڵام عەشرەت هەرماو شتێ لە گەرمیان و كوێستانیش هەر ما، لەنێو كوێستانەكانی جاران نا، بەڵكو بۆ كوێستانی ناو سنوری هەرێم. ئەمەش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لاوازتر بووە تائێستە، مەگەر هەر شتێ لە داب و نەریتی عەشرەتگەریی كۆن مابێ. ئەوسا سەرۆك عەشرەت بەسەر پشتی ماینەكەیەوە یان هەر بە پێ، لەگەڵ خێڵەكەی دەچوو بۆ كوێستان و دەهاتەوە بۆ گەرمیان. ژیانی وەك ژیانی ئەوانیتر وا بوو. هەر خۆی مەرجەعیشیان بوو، لەهەر پرسێكی گرنگدا قسەی ئەو یەكلا كەرەوە بوو. ئێستا شتێكی زۆر كەم لە پاشماوەی پێوەندیی عەشایەری ماوە، چونكە ژێرخانی ئابووری ئەو جۆرە ژیانەی جاران نەماوە. ئێستا سەرۆك عەشرەت سەرۆكی ڕاستەقینەیان نییە . ئەو هەروەكو بۆماوەیەكی مێژوویی هەیە . زۆرینەی نەوەی عێلی بەگی جاف و سەرۆك عەشرەتەكان ئەمڕۆ سەرگەرمی كاروباری جافایەتی نین، بەڵكو خاوەنی كۆمپانیای سەرمایەدارین یان بەرپرسی حیزب و حكومەتن.

بەڵێ دیاردەی چوون بۆ سەیران لە ڕۆژانی پشووی وەرزی بەهاردا لەم ساڵانەی دواییدا بۆتە شتێكی ئاسایی و سروشتی. پاش ٦ ڕۆژ لە دەوامی فەرمانگەی حكومیی یان لە دوكانێكی بازاڕدا یان لە كارگەیەكدا، چوون بۆ دەرودەشت‌و هەڵمژینی هەوای پاك شتێكی تەندروستی و شارستانییە. بەڵام ئەوە جێگەی پرسیارە: بۆچی ڤیستیڤاڵ بەناوی عەشرەتەوە بكرێ؟ بۆ كیانی عەشرەتگەری و پەیوەندی عەشرەتگەری و كێبڕكێی كۆنی عەشرەتگەری زیندوو بكرێتەوە؟ ئەگەر سەیرانێ بەناوی عەشرەتی جافەوە بكرێ، ئایا سروشتی نییە عەشرەتەكانی دیكەش، وەكو عەشرەتی سورچی و هەركی و بارزانی و تاڵەبانی و مزووری و گەڵاڵی و شاتری و زەنگەنەو ئەوانی دیكەش بكرێ؟ باشترنیە ڤیستیڤاڵی بەهاری شار بكرێ، وەك شاری دهۆك یان هەولێر، سلێمانی یان كەركەك یان ڕانیە‌و ئەوانی دیكەش، شارەوانی شار جێگەیەكی گونجاو دابین بكات بە پێداویستی زەرورییەوە لە ئاو و ئاودەست و پێداویستیتر، هاتن بۆ هەموان بێ لە خەڵكی شار و هەموو ناوچەكە. ئەم شێوە ڤیستیڤاڵە گیانی هاوكاری و برایەتی لەناو خەڵكی شارەكەدا بە هێز دەكات.

ڤیستیڤاڵی عەشرەتگەری ئەمڕۆ سەیرانی بەهار نیە، بەڵكو پڕۆژەیەكی سیاسییە، درێژەپێدانی ڕێڕەوی حیزبایەتی تەسك كە بووەتە بەشێكی چەسپێنراو لە هێڵی سیاسی پارتی‌و یەكێتیدا لە دەیەها ساڵی ڕابردوودا كە تائێستاش خەو بەوەوە دەبینن خۆیان ببنە عێل بەگی كوردو ئەم میللەتەش بەڕێوەببەن وەكو عەشرەتێكی پێش ٢٠٠ ساڵ. خۆ ئەمەشیان كردووە! بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە خێڵەكیانە ئیدارەی وڵات دەكەن!! سەرانی دەسەڵات ڕەنگە پێیانوابێ كە ئەم جۆرە ڤیستیڤاڵە هەموو جافەكان دەخاتە نێو بازنەی زۆنی سەوز (لە هەولێر زۆنی زەرد) و لە هەڵبژاردندا دەنگدەدەن بە فڵان و فیسار، ئەوە نازانن كە ئەمڕۆ لە چەرخی ئینتەرنێتدان، زۆرینەی لاوانی جاف لە ئاستی پێش سەدساڵدا نین و دەنگی خۆیان نافڕۆشن بە ڤیستیڤاڵێ، بەڵكو دەیدەن بەو كەسەی بە دڵسۆزیی خزمەتی گەل و نیشتیمانەكەیان دەكات، بەوەی دیموكراسییان بۆ دابیندەكات، كار و كارەبایان بۆ دابیندەكات. هەموو مرۆڤێكی هۆشیار، بەبرایانی جافیشەوە، ئەوە دەزانن كە شێوازی كۆنی عەشرەتگەریی مردوو، زیندوو نابێتەوە. ئەوی بۆ بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتی یان شەخسی هەوڵی زیندووكردنەوەی عەشرەتگەری دەدات لە ئاسنی سارد دەدات، شوێن كڵاوی بابردوو كەوتووە.

د . بەرهەم ساڵح كە لەپشكی كورد پۆستی سەرۆككۆماری عێراقی وەرگرتووە نایەت بەدەم كۆمەڵێ گەنجی نیشتیمانپەروەری كوردەوە كە لە شیلادزێ گیراون‌و لەژێر هەڕەشەی سزای قورسدان لەسەرئەوە كە ناڕازی بوون لە هاتن و دەستدرێژی سوپای تورك. نایەت بەدەم مووچەخۆرانی هەرێمەوە كە زوڵمێكی گەورەیان لێكراوە، چوار ساڵ پاشەكەوتی زۆرەملێی مووچە و ئێستا بەغداد مووچەی هەرێم دەدات و حوكمڕانانیش هەموو داهاتی هەرێم، بەنەوتیشەوە، وەردەگرن و لە تاریكیدا ساغڵەمی دەكەن بێ هیچ جۆرە شەفافیەتێك و تائێستا یەك فلسیش لە پارەی پاشەكەوتیان نەداوەتەوە بە خاوەنەكانی. نایەت لێبكۆڵێتەوە كە بۆچی ئەم میللەتە ٢٨ ساڵە دەناڵێنێت بەدەست كێشەی كارەباوە.

د . بەرهەم نایەت بەدەم كەسوكاری ئەو ئەنفالكراوانەوە كە زۆریان مافی یاسایی خۆیان نەدراوەتێ، بەڵام بۆ ڤیستیڤاڵی عەشایەری بەڕاكردن دێت و لەناو سەرانی حیزب و دەسەڵاتدا دادەنیشێ، بەو دەنگۆیەشەوە كە بڕی دووسەد ملیۆن دیناری تەرخانكردووە بۆ خەرجیی ڤیستیڤاڵەكە. دیارە عاجباتی نییە ئەگەر پارەش تەرخانكرابێ بۆ چالاكیی لەم جۆرە، وەكو پارەی دیوەخانانە!

ڕوو دەكەمە ئەوبرا جافانەی كە خوێندنیان تەواوكردووە و تەعین نەكراون، ئەوانەی بێدەرامەتن‌و لە شارو شارۆچكەكاندا دەژین، ئەوانەی بەكرێكاری و حەماڵی، بەشوێن عەرەبانەوە دەژین، لێتان دەپرسم:

ئێوە چ كەڵكێكتان لەم جۆرە ڤیستیڤاڵە دەستدەكەوێت؟ لەوە زیاتر هەیە كە جۆرێ لە ئاغای تازەتان بۆ بخوڵقێنرێ؟

لە كۆتاییدا ڕوودەكەمە سەرانی دەسەڵات‌و دەڵێم:

ئێوە لەم ٢٨ ساڵەدا بەرپرسیاری سەرەكین لە هەموو كێشە و شێواندنی ئەم وڵاتە، لە گەندەڵی، نەبوونی یاسا، بێكاری و هەژاری ئەم خەڵكە، لە پاشەكەوتی مووچە، لە وەستاندنی گەشەپێدان‌و بنیادنانی وڵات، لە هەمووشی خراپتر؛ قۆرخكردنی دەسەڵات و سەپاندنی خۆتان و ڕێگری لە دیموكراتیزەی كۆمەڵگە لەڕێگەی تەزویری هەڵبژاردنەوە. ئەگەر باوەڕناكەن، بەس دوو ساڵ كورسی دەسەڵات بەجێبێڵن، ببینن چۆن كێشەكان چارەسەر دەكرێن.