خێڵی سیاسی و حیزبی خێڵەكی

30-04-2019 01:42


(1)

دامەزرێنەرانی پارتی لە ساڵی ١٩٤٦ تێكەڵێك بوون لە خەڵكی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگ بوو بەدەستهێنانی مافەكانی كورد بوو نەك خێڵ و ناوچەكانیان. كاتێك مستەفا بارزانی بێ سێ و دوو وەك سەرۆكی پارتەكە قەبوڵكرا، كەس نەیوت ئەمە بادینییە یان بارزانییە.. لە مەندەلییەوە تا دەگاتە سلێمانی و كەركوك و هەولێر لارییان نەبووە لەوەی بادینییەك سەرۆكیان بێت.. لە مفەوەزاتی ساڵی ١٩٧٠ كاتێك سەدام لە بارزانی پرسیوە كام لەهجەی كوردی بكرێتە زمانی فەرمی ناوچەی حوكمی زاتی، زانیویەتی نیازی دروستكردنی دووبەرەكییە لە ناوكورددا، بێ بیركردنەوە و گەڕانەوە بۆ مەكتەبی سیاسی وتویەتی سۆرانی.

سەدام بۆ لێكترازانی كۆمەڵگای كوردی، لە هەشتاكاندا بەسەدان سەرۆك خێڵی پڕچەك كرد و گیانی ناوچەگەریی و خێڵەكی تێدا زیندوو كردنەوە و دەیان فەوجی خەفیفە و سەقیلەی بۆ دروست كردن و نفوزی كۆمەڵایەتی و ئابوری بۆ دروست كردن.

بەڵام لە ڕاپەڕیندا هەموو ڕیسەكەی بویەوە خوری و كوردستان وەك جەستەیەكی یەكگرتوو لە دژی ڕژێمەكەی ڕاپەڕین و كەم ناوچەی كوردستان هەبوو كە ڕزگار نەكرابێ یان ڕاپەڕینی تێدا ڕوونەدابێ.. ڕاپەڕین كۆتایی بە نفوزی سەرۆك خێڵەكان هێنا.
هەموو ئەوانە ئاماژەن بۆ ئەوەی لەو سەردەمەدا خەڵك كوردانە بیری كردوەتەوە نەك خێڵانە و ناوچەگەرییانە.

(2)

لەدوای ڕاپەڕین، شەڕی ناوخۆ و یەكتر كوشتن، حیزبەكانی ناچار كرد بۆ درێژەپێدانی شەڕەكانیان، پەنا بۆ شەیتان بەرن.. دوای بە كوشتدانی سەدان تێكۆشەر و پێشمەرگەی سەردەمی شاخ، پەنایان بۆ خێڵەكان برد، سەرۆك خێڵەكانیش كە لە سەردەمی سەدامدا لە نازو نیعمەتدا دەژیان، بەهەلیان زانی و بۆ گەڕانەوەی ئەو ڕۆژگارە، دەیان مەرجیان بەسەر حیزبەكان سەپاند و لەوكاتەوە تا ئێستا پێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابورییان لە ناو حیزبەكاندا گەر زیاتر نەبێ لە تێكۆشەرانی سەردەمی شاخ كەمتر نییە.

ئێستا حزبەكەی مستەفا بارزانی، لە ناوچەی بادینان زاراوەی بادینی و رێنوسی بادینی كردوە بە زاراوەی فەرمی ناوچەكە.. خێڵەكان بە ئارەزووی خۆیان پەرلەمانتار دەنێرن بۆ پەرلەمان و خەڵك لە پۆستی گەورە و بچوك دادەمەزرێنن..

ئێستا هەموو بەرپرسانی حیزبە سۆسیال دیموكراتەكە، لە سەرۆك كۆمارەكەی عێراقیەوە بگرە تا جێگرە ئازاكەی و فەرماندە جەربەزەكانی سەردەمی شاخ و تێكۆشەرە خۆڕاگرەكانی شار، بەرزەپێ لەبەردەم سەرۆك خێڵدا دەوەستن و دەست بەسینە فەرمانەكانیان بۆ جێبەجێ دەكەن.

ئێستا خێڵ هەر بەوەوە نەوەستاوە قەڵەمڕەوی عەشیرەتەكەی دیاری بكات و لەسەر پەنجە حیزبەكان هەڵدەسوڕێنن.. ئێستا حیزب بوەتە خێڵ و خێڵ بوەتە حیزب.

(3)


گەڕانەوەیەكی گەورە هەیە، بۆ سەردەمی سەدام و ڕژێمەكەی..

زیندووكردنەوەی خێڵ لە دەستی حیزبەكان دەرچووە و ئێستا هاوكێشەكە لە دەستی وڵاتانی ئیقلیمیدایە، ئەوان كوردستانێكی خێڵەكییان دەوێ، بۆ ئەوەی لەسەر بەرمیلێك لە باروت بژی و هەركاتێك بیانەوێ بیتەقێننەوە.

دەترسم لەمەولا خێڵەكان داوای دروستكردنی فەوج و لیوای تایبەت بە خۆیان بكەن، حیزبەكانیش بۆ پاراستنی پێگەیان لە ناو خێڵەكاندا تۆپ و دەبابەیان بدەنێ.. دەترسم لەمەولا شەڕی خێڵ جێگەی شەڕی حیزب بگرێتەوە.

دەترسم سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆك وەزیرانی هەرێم، لە جەنگی خێڵەكاندا لە پشتی سەرۆك خێڵەكانەوە وەستابن و فەرمانەكانیان جێبەجێ بكەن.

كۆمەڵگای ئێمە لە ئێستادا وەك میزی حوشتر بۆ دواوە دەگەڕێتەوە.. كێ ئەم گەڕانەوە دەوەستێنێ..؟

لەو دیو تونێلەكەوە تروسكایی نابینم.